٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی گرینگی به‌ پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌ولێر ده‌دات

سەرچاوە: Hewler

میدیای جیهان بە گرنگیەوە باس لەو پێشكەوتنانە دەكات لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان بەدەست هاتوون.

میدیا جیهانییەكان دان بەو ڕاستیەشدا دەنێن كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تەواوی بوارەكانەوە سیاسەت و ستراتیژیەتێكی سەركەوتووی پەیڕەو كردووە و ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەزموونی هەرێم و دانیشتوانەكەیدا بووە.

هەولێر بوەتە شوێنێكی سەرنجڕاكێش


رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكا ڕاپۆرتێكی دەربارەی پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردوەتەوە و تیایدا هاتووە، دوو دەیە پێش ئێستا هەولێر شوێنێكی پڕ لە مەترسی بوو، بەڵام ئێستا شوێنێكی ئارام و پێشكەوتووە. ئێستا دەیان پرۆژەی گەورە لە بواری جێبەجێكردندان.

چەندین ئوتێلی سەرنجڕاكێش و سوپەرماركێت و تاوەر و نوسینگەی گەورەی بواری بازرگانی لە شاری هەولێردا دروست كراون. جێگری پارێزگاری هەولێر (تاهیر عەبدوڵا) بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە "دە ساڵ پێش ئێستا هەولێر زیاتر لە شێوەی گوندێكی گەورەدا بوو، بەڵام ئێستا بوەتە شارێكی سەرنجڕاكێش. خەونی من ئەوەیە هەولێر ببێتە یەكێك لە شارە گرنگەكانی سەرانسەری جیهان".

"وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا باس لەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان لە بواری نەوتەوە زۆر دەوڵەمەندە.

هەرێم خاوەنی چل و پێنج ملیار بەرمیل نەوتی یەدەكە، بەڵام دەرنەكردنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق وایكردووە كێشەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق دەربارەی وزە بەردەوامی هەبێت.

هەربۆیەش تاكو ئێستا كوردستان وەكو پێویست سوودی لە نەوت و گازەكەی وەرنەگرتووە. ئەگەر ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت ئەو بەربەستانەی دیكەش نەهێڵێت كە دەكرێت بێنە ڕێگای، لەوانەش نەگەیشتنی خاكی هەرێم بە دەریا لە هیچ شوێنێكەوە و خراپی سیستەمی بانقیی هەرێمەكە.

بەغدا و هەوڵدان بۆ شكستهێنان بە سیاسەتی نەوتی هەرێم
حكوومەتی بەغدا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تەواوی هەوڵی خۆی خستە گەڕ بۆ مەبەستی شكستهێنان بە سیاسەتی نەوتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

سەرەتا، بەغدا فشاری خستە سەر كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان و هەڕەشەی ڕێگانەدان بە ئیشكردنیانی لە كێڵگەكانی خوارووی عێراق لێكردن بۆ ئەوەی ئەو كۆمپانیایانە ڕوو لە هەرێمی كوردستان نەكەن بۆ مەبەستی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوتدا، بەڵام ئەم سیاسەتەی شكستی هێنا.

پاشان، بەغدا هیچ كاتێك ئامادە نەبووە پارەی ئەو كۆمپانیا نەوتیانە بدات كە لە هەرێمی كوردستاندا خەریكی كاری وەبەرهێنانن و ئەمەش یەكێكی دیكە بوو لەو كارتانەی فشار پەنای بۆ برد.

تاكو ئێستاش بەرپرسانی عێراق دژایەتی ڕێككەوتننامەی وزەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی توركیا دەكەن، بەڵام توێژەرەوان لەو باوەڕەدان ئەم دژایەتیكردنەش شكست دەهێنێت ـ هەرچۆن تەواوی هەنگاوەكانی دیكەی بەغدا بۆ شكستهێنان بە سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان له‌ بواری نەوتدا بێئەنجام بوون.

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"یش نوسیویەتی، سیاسەتی نەوتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زۆر سەركەوتووە و وایكردووە كوردەكان بگەنە ئەو باوەڕەی كە هەرێمەكەیان لە بواری ڕاكێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرانی بیانیدا دەتوانێت ڕكابەری وڵاتانی كەنداو بكات.

حكوومەتی هەرێم و بوژاندنەوەی ئابوریی
ڕۆژنامە ئەمەریكیەكە بە بایەخەوە باس لەو سیاسەتە دەكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەنای بۆ بردووە بۆ مەبەستی بوژاندنەوەی بواری ئابوری هەرێم، لەوانەش گرنگیدان بە كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و تەندروستی و چەندین بواری دیكە. لەوەش زیاتر، حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی ئارامی و ئاسایشی هەرێم بە باشترین شێوە دابین بكات.

ئەمە لە كاتێكدایە كە تەقینەوە و توندوتیژی لە ناوچەكانی دیكەی عێراقدا بەردەوامە و لە سەرەتای ئەمساڵەوەش بەهۆی خراپی بواری ئاسایشەوە زیاتر لە 8 هەزار كەس لە عێراقدا كوژراون.

ئەم سیاسەتە سەركەوتووەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە تەواوی بوارەكانەوە وای كردووە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان ڕوو لە هەرێم بكەن بۆ مەبەستی وەبەرهێنان. "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" دوو كۆمپانیای "ئیكسن مۆبیل" و "چێڤرن" وەكو نمونەی ئەو كۆمپانیایانە دەهێنێتەوە كە هاتوونەتە ناو هەرێمی كوردستانەوە و پلانی ئەوەیان هەیە بە بڕی ملیارەها دۆلار وەبەرهێنان بکەن.

داهاتووییەكی گەش چاوەڕێی هەرێم دەكات
ڕۆژنامە ئەمەریكاییەكە نووسیویەتی، لە ماوەی ڕابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی تانكەرەوە بڕێكی كەم نەوتی ناردوەتە دەرەوە بەڵام مانگی ڕابردوو هەنگاوێكی زۆر گەورەی لە بواری نەوتەوە هەڵگرت، ئەوەش كاتێك سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) و سەرۆك وەزیرانی توركیا (رەجەب تەیب ئەردۆغان) ڕێككەوتننامەی بواری وزەی نێوان هەولێر و ئەنقەرەیان واژۆ كرد.

بە گوێرەی ئەم ڕێككەوتننامەیەش حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی بۆرییەوە نەوتی هەرێمەكەی ڕەوانەی دەرەوە دەكات و پێشبینیش دەكرێت لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بری ئەو نەوتە هەناردە كراوە بگاتە یه‌ک ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەر ڕۆژێكدا.

ڕۆژنامەكە باس لەوە دەكات سیاسەتی سەركەوتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوەتە هۆی پێشكەوتنی هەرێمەكە و هەربۆیەش دەبینین خاوەن كارەكان لە سەرانسەری جیهانەوە و كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش ڕوو لە هەرێم دەكەن.

رۆژنامە ئەمەریكیەكە لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت، ژمارەیەكی زۆر ئوتێلی سەرنجڕاكێش لە شاری هەولێردا دروست كراون و كاتێكیش دەچیتە ناو ڕیستورانتی ئەو ئوتێلانە و خاوەنكارانی دەوڵەمەندی هەرێم و جیهان دەبینیت بۆت ڕوون دەبێتەوە كە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بەردەوامیی دەبێت و داهاتوویەكی گەشیش چاوەڕێی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار