٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

پەیەدە هەڵگری نەزعەیەكی دیكتاتۆریانەیە، دەیەوێت هەموو شتێك بۆخۆی پاوان و كۆنتڕۆڵ بكات

سەرچاوە: Hewler

ئەگەر بە هێز خۆی بسەپێنێت
بە رای مامۆستایانی زانكۆ و چاودێرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان ئەوەی لە ئێستادا لە رۆژئاوای كوردستان دەگوزەرێت، چارەنووسی ئەو پارچەیەی كوردستان بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەبات و پێیشان وایە كە هیچ ئیدارەیەك لە ناوچەیەكدا سەركەوتوو نابێت لە بەڕێوەبردندا ئەگەر بە هێز خۆی بسەپێنێت.

تەقینەوەكەی قامشلۆ سەلماندی
رۆژ بە رۆژ پێوەندییەكانی نێوان پەیەدە و هێزەكانی رژێمی سووریا لە رۆژئاوای كوردستان ئاشكراتر دەبن و تەقینەوەكەی چەند رۆژ لەمەوبەری شاری قامیشلۆ كە بنكەیەكی جەیش شەعبیی ئەسەدی كردە ئامانج، هەبوونی هێزەكانی رژێمی لە رۆژئاوای كوردستان زیاتر روون كردەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی كە ماڵپەڕی فورات نیوزی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان، كە پەیەدەیش لقی رۆژئاوای كوردستانی ئەو حزبەیە، ئاماژەی بەوە دا كە تەقینەوە لە بەردەم باڵەخانەی بنكەیەكی هێزەكانی حزبی بەعس رووی داوە.
ئاشكراكردنی بنكەی رژێمی بەعس لە قامیشلۆ دانپێدانانێكی تەواوی پەكەكەیە بەو راستییەی كە لە رۆژئاوای كوردستان پەیەدە، تەنیا پارێزەری هێزەكانی رژێمی ئەسەدە و ئەو بەناو ئیدارەیەیش كە خۆی رایگەیاندووە، جگە لە ناوێكی وەهمی هیچی دیكە نییە.

لەگەڵ رژێم رێككەوتنیان هەیە
چاودێری سیاسی حەسەن ئەحمەد مستەفا، پێیوایە كە پەیەدە نەیشاردووەتەوە كە لەگەڵ رژێم رێككەوتنیان هەیە، هێزەكانی بەشار ئەسەد لە زۆربەی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان ماونەتەوە و كۆمیتەی هاریكاری لە نێوان هەردوولادا هەیە.

رێككەوتنی رژێمیان لە پێناو چیدایە؟
حەسەن ئەحمەد بڕوای وایە كە تاكو ئێستایش پەیەدە سیاسەتەكەی لەگەڵ رژێم روون نییە، بۆیە ئەگەر بێت و پەیەدە بیەوێت ئەو دڵەڕاوكێیە لە ناو كوردا نەمێنێت پێویستە ئەو سیاسەتەی خۆی لەگەڵ رژێم روون بكاتەوە و ئەو رێككەوتنەیان بۆ حكوومی زاتی یان فیدراڵی یان هەر جۆرە حكومڕانییەكەی دیكە هەیە، چونكە من لەو بڕوایەدا نیم بنەماڵەی ئەسەد خۆرئاوای كوردستان بخەنە ژێر كونتڕۆڵی كوردەوە.

ئەم رێككەوتنەیان دوژمن بۆ كورد زیاد دەكات
بە ڕای رۆژنامەنووس بێستوون نووری، بەستنی هەر رێككەوتنێك لە نێوان پەیەدە و رژێمی سووریادا خراپترین شتە بۆ ئەوەی كە دوژمن زیاد بكرێت چ لە ناوخۆی سووریا و چ لە دەرەوە. بیستوون دەڵێت "هەموو پرۆسەیەك لە سەرەتادا پێویستە كۆدەنگی لەسەر دروست بكەیت نەوەك ئەوەی كە تاكلایەنانە بڕیاری لەسەر بدەیت بە تایبەت شتێكی زۆر چارەنووسسازی وەكوو پرسی نەتەوە".

هێرشی بێبنەما بۆ سەر پارتی
لەگەڵ زیادبوونی تاكڕەوییەكانی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان و بێبەشكردنی پارتەكانی دیكە لە پرۆسەی سیاسیدا لەو ناوچەیەی كوردستان، ژمارەیەك هێزی سیاسی لە هەرێمی كوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو تاكڕەوییەی پەیەدە دەردەبڕن و هێرشی بێبنەمایش دەكەنە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان.

پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی لۆكاڵی نییە و هێزی هەموو پارچەكانی كوردستانە
حەسەن ئەحمەد مستەفا بڕوای وایە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هێزێكی لۆكاڵی نییە و هێزی هەموو پارچەكانی كوردستانە و هەژموونی روحی ماڵی بارزانی ـیش بەسەر پارچەكانی دیكەی كوردستانەوە هەیە و ئەمەیش بەو مانایە نییە كە پارتی دیموكراتی كوردستان بیەوێت رێكخستن لەو پارچانەدا بكات. ئەوە ئەركی پارتییە كە لە پارچەكانی دیكەدا، ئەگەر هەستی بە مەترسییەك كرد میللەتی كوردی لێ ئاگادار بكاتەوە و بڵێت ئەوەی دەكرێت هەڵەیە.

ئەوەی دەكرێت هەڵەیە و كاریگەریی خراپی لەسەر كورد دەبێت
حەسەن ئەحمەد دەڵێت "هەمووژنی بارزانیی نەمر لە هەموو پارچەكانی كوردستان هەیە، ئەو ئەركەیش لە ئێستادا كەوتووەتە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەندێك شت لە خۆرئاوای كوردستان تەنانەت لە پارچەكانی دیكەیش ئەگەر هەستی بە مەترسییەك كرد میللەتی كوردی لێ ئاگادار بكاتەوە و بڵێت كە ئەوەی دەكرێت هەڵەیە و كاریگەریی خراپی لەسەر كورد دەبێت."

ئەو هێزانەی رەخنە لە سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرن كێن؟
بەلای ئەو چاودێرە سیاسییەوە ئەو هێزانەی رەخنە لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرن، هێزی یەك شارن نەك هێزی چوار پارچەی كوردستان، تەناتەت هێزی باشووری كوردستانیش نین و پێشیان ناخۆشە كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو رۆڵەی كە هەیەتی، لەسەری بەردەوام بێت.
بە گوتەی حەسەن ئەحمەد هەندێك هێز بنەمای فیكرییان نییە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی پێ رازی بكەن، بۆیە رۆژانە دەگەڕێن بۆ ئەوەی بابەتێك دروست بكەن.

سیاسەتی بارزانی گەلی كورد بەرەو ئامانجێكی ستراتیژیی نەتەوەیی دەبات

مامۆستای زانكۆ سابیر حوسێن پێیوایە كە لە ماوەی رابردوودا سەرۆك بارزانی توانیویەتی لە رێگەی كەناڵە دیپلۆماسییەكانەوە زۆرێك لە نەیاران چ وەكو تاك یان دەوڵەتان بكاتە دۆستی كورد، ئەم سیاسەتە دیپلۆماسیانەیەی سەرۆكیش بۆتە مایەی ئیرەیی سیاسی ئەو لایەنانە لەلایەك و رقئەستووربوونی هەندێ لە وڵاتانی ئیقلیمی لەلایەكی تر، بەوەی گەلی كورد بەرەو ئامانجێكی ستراتیژیی نەتەوەیی دەبات. هەر ئەمەش وای كردووە بەرەیەك لە دژی پارتی بكەنەوە و ئەو بوختانە سیاسییەی بۆ هەڵبەستن گوایە دژی رۆژئاوای كوردستانە.

پشتگوێخستنی رێككەوتننامەی هەولێر لە لایەن پەیەدەوە
ساڵی رابردوو بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی رێككەوتنێك لە نێوان 16 هێز و لایەنی سیاسیی رۆژئاوای كوردستاندا كرا، كە بەپێی ئەو رێككەوتنە دەبووایە بەپێی ستراتژییەكی هاوبەش هەموو ئەو هێزانە رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە ببەن. بەڵام تەنیا پارتێك كە پابەند نەبوو بەو رێككەوتننامەیەوە، پەیەدە بوو.

رێكەوتنەكەی هەولێر هێزێكی گەورە بوو بۆ كوردی رۆژئاوا
بە رای رۆژنامەنووس بێستوون نووری، باشترین شت لە دوای دەستپێكردنی شۆڕشی سووریاوە كە كرا ئەو رێككەوتنە بوو كە لە هەولێر لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان كرا، چونكە ئەوە هێزێكی گەورە و یەكگرتوو بوو بۆ ئەوەی بەرانبەر بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا و هەم بەرانبەر بە رژێمی ئێستای سووریایش پاكێجی خۆی بتوانێت بخاتە روو.

لایەنە سیاسییەكان لە لایەن پەیەدەوە خرانە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسییەوە
بێستوون نووری دەڵێت "رێككەوتننامەی هەولێر یەكێك بوو لە باشترین رێككەوتنەكان، بەڵام بە هۆی ئەوەی پەیەدە پابەند نەبوو بەو رێككەوتننامەیەوە، بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەك لە پارت و لایەنە سیاسیاكان بخرێنە دەرەوەی بازنەی بەڕێوەبردن لە رۆژئاوای كوردستان و ئەمەیش بووەتە جێگەی نیگەرانی لای هاووڵاتیانی كوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان."

پەیەدە سیاسەتی دووفاقی بەكار هێنا و چووە ژێر فەرمانی ئاغاكانی
سابیر حوسێن لەسەر ئەو باوەڕەیە كە ئەو رێككەوتننامەیە بۆ یەكخستنی خیتابی ستراتیژی كورد بوو لە رۆژئاوای كوردستان. ئەمەش بە رای زۆرینەی سەركردایەتیی كورد، چاكتر و شیاوتر بوو لە یەكلانەكردنەوەی كۆی پرۆسە سیاسیەكان، كەچی دوای ئەو هەموو نەرمینواندنە، پەیەدە سیاسەتی دووفاقی بەكار هێنا و چووە ژێر فەرمانی ئاغاكانی و بە ناچاری تەفسیرێكی تری بۆ رێككەوتنی هەولێر كرد.

پارتی و پەرەپێدانی سیاسەتی دیپلۆماسی
سابیر حوسێن بڕوای وایە ئەوەی لە كاتی ئێستاشدا وەكو كورد پێویستمانە، پەرەپێدانی سیاسەتێكی دیپلۆماسیانەیە، سەركردایەتیی پارتیش لە رابردووشدا توانیویەتی لە ئەرزی واقیعدا پەرە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی هەرێمایەتی و جیهانیش بدات و ئاستێكی گونجاوی لێكتێگەیشتنیان لەگەڵدا دابمەزرێنێ، تەنها خاڵی ناكۆكیش ئەگەر هەبێت، یان بابڵێن بەشێكی گرنگی كێشەكان لەگەڵیاندا پەیوەندی بە هەندێ مەسەلەوە هەیە كە كاریان بەسەر ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە.

هاوكارییەكانی پارتی بۆ هەموو لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا
پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی سووریاوە یارمەتیی هەموو پارتە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستانی داوە بە بێ جیاوازی بۆ ئەوەی بتوانن ئەو دەرفەتەی لە رۆژئاوای كوردستان هەیە بیقۆزنەوە و بتوانن بە هەموویان هەرێمێكی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان بونیاد بنێن.

لە راستییەوە دوورە
سابیر حوسێن دەڵێت "سەركردایەتیی كورد لە باشوور و خودی سەرۆك بارزانی، لە قوڵایی‌ باوەڕەوە ئەو دەنگۆیەی باس لە جیاوازیكردن دەكات لە نێوان لایەنە سیاسییەكان لە رۆژئاوای كوردستان كە گوایە دەگوترێت پارتی تەنیا یارمەتیی چەند هێزیك دەدات و ئەوانی دیكەی پشتگوێ خستووە، لە راستییەوە دوورە.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ هەروەها گوتیشی "ئێستا كە كورد لە رۆژئاوادا بەرەو ڕووی‌ چارەنووسێكی‌ نادیار هەنگاو دەنێت و لایەنی‌ عەرەبیش لەوە سڵ ناكاتەوە، كە تا لە توانایدا بێت، درز دەخاتە ناو پانتایی گەلی كورد و دزە دەكاتە ناو رێكخستنەكانیان‌ بە مەبەستی‌ دابڕاندنیان لە یەكتری و فراوانكردنی بۆشایی نێوانیان."

پەیەدە هیچی بۆ ئاوارەكان و گەڕانەوەیان نەكردووە
نزیكەی دوو ساڵە پەیەدە بەتەنیا لە رۆژئاوای كوردستان دەستەڵاتی بەدەستە و تاكو ئێستایش نەیتوانیوە دەرفەتێكی وا بڕەخسێنێت كە ئەو هاووڵاتیانەی ئاوارەی وڵاتانی دەوروبەر بوون بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و رۆژ بەرۆژ خەڵكی رۆژئاوای كوردستان شوێنەكانی خۆیان چۆڵ دەكەن.

پەیەدە بە عەقڵییەتی كەناگیریی لایەنەكان سیاسەت دەكات
سابیر حوسێن دەڵێت "هێزە چەكدارەكانی پەیەدە هەتا ئێستا بە عەقڵییەتی كەناگیریكردن و شێوازی رووبەڕووبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی دیكەی رۆژئاوا مامەڵە دەكات، ئەمە لە كاتێكدایە كە شێوازی رووبەڕووبوونەوە تا ئێستا هیچی بۆ كورد لێ هەڵنەوەریوە، جا نازانین پەیەدە بەئەنقەست ئەم رەفتارە سیاسیانە ئەنجام دەدات، یاخود لە واقیع تێنەگەیشتوون".

ئەو بە ناو ئیدارەیە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بێت
بێستوون نووری پێیوایە هیچ ئیدارەیەك لە ناوچەیەكدا سەركەوتوو نابێت لە بەڕێوەبردن لە كاتێكدا بە هێز خۆی بسەپێنێت و لایەنەكانی دیكە پەراوێز بخات. بۆیە ئەو ئیدارەیە ناتوانێت وەڵامدەرەوەی خواست و داواكارییەكانی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بێت.
چاودێری سیاسی رێبین رەسووڵ پێیوایە كە ئەوەی لە ئێستادا دەبینرێت تەنیا پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستانە و هیچ هێزێكیش نییە كە بەهێزەكانی تر بڵێت وەرن كاری سیاسی بكەن و دەبێت هێزەكانی دیكە بچن خۆیان بسەپێنن.

نەزعەیەكی دیكتاتۆریانەیە
رێبین رەسووڵ دەڵێت "پەیەدەیش هەڵگری نەزعەیەكی دیكتاتۆریانەیە، دەیەوێت هەموو شتێك بۆخۆی پاوان و كۆنتڕۆڵ بكات."
ئەو بە پێویستی دەزانێت كە هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان چاوەڕێ بكەن تا ئەو كاتەی كە لە خۆرئاوای كوردستان هەڵبژاردن بكرێت و ئەگەر توانییان ئەو كاتە لە رێگەی هەڵبژاردنەوە دەستەڵات بگرنە دەست.

ئەزموونی باشوور و دكتاتۆرییەتی پەیەدە لە رۆژئاوا
رێبین دەڵێت "پێویستە هێزەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان ئەگەر پێشمەرگەیان هەیە بچنە پاڵ هێزەكانی پەیەدە و بەرگری لە رۆژئاوای كوردستان بكەن هەر وەك چۆن لە كاتی راپەڕین هێزە بچووكەكانی باشووری كوردستان لەپاڵ پارتی و یەكێتیدا شەڕیان دەكرد بۆ ئازادیی كوردستان."

خاوەنی بڕیار نییە
هەرچەندە بەرپرسانی پەیەدە و هاوسەرۆكەكەی ئەوەیان رەت كردووەتەوە كە پێوەندییان بە پارتی كرێكارانی كوردستانەوە هەبێت، بەڵام بە رای زۆربەی چاودێرانی سیاسی پەیەدە باڵی رۆژئاوای پەكەیە و بە بێ پەكەكە بەرپرسانی ئەو پارتە ناتوانن هیچ بڕیارێك بدەن.
حەسەن ئەحمەد مستەفا پێیوایە كە دۆخی رۆژئاوای كوردستان دۆخێكی سەربەخۆ نییە و پەیەدە گیرۆدەی دوو دۆخە كە بێ چارەسەركردنی ئەو دوو دۆخە هیچ كارێك لەگەڵ پرسی پەیەدەدا ناكرێت.

پەیەدە هێزێك نییە كە لەسەر بنەمای خەبات لە رۆژئاوای كوردستان دروست بووبێت
حەسەن ئەحمەد مستەفا دەڵێت "پەیەدە خاوەنی بڕیاری سەربەخۆ نییە و بەشێكی جێبەجێكاری سەربازیی پەكەكەیە و نە سەركردەیەكی كاریزمای هەیە و نە دەرفەتی بیكردنەوەی بریاریشی پێ دەدرێت و پەیەدە هێزێك نییە كە لەسەر بنەمای خەبات لە رۆژئاوای كوردستان دروست بووبێت."

ئەو كارە لە ئەستۆی سەركردایەتی پەكەكەدایە
حەسەن ئەحمەد پێیوایە كە پەكەكە سەرچاوەی دارایی و سەربازیی پەیەدەیە و خۆیشی ئەو هێزەی لە خۆرئاوای كوردستان دروست كردووە، بۆیە ئەگەر هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بیانەوێت بگەنە سیاقێكی دروست بۆ خۆرئاوای كوردستان ئەوا دەبێت قسە لەگەڵ جەمیل بایك و سەركردایەتیی پەكەكە بكەن. چونكە مافی مامەڵەكردن لەگەڵ گرووپ و هێز و لایەن و وڵاتەكان نەدراوەتە پەیەدە و پژاك و پارتی چارەسەر و ئەو كارە لە ئەستۆی سەركردایەتیی پەكەكەدایە .

پەیەدە و هاوكێشەی سیاسیی ناوچەكە
یەكێك لەو گلەییانەی كە لە ئێستادا ئاراستەی پەیەدە دەكرێت، ئەوەیە كە لە رۆژئاوای كوردستان كوردی تووشی شەڕێك كردووە كە شەڕی ئەو نییە و لەبری لایەنێكی دیكە ئەو شەڕە دەكات.
حەسەن ئەحمەد مستەفا بڕوای وایە هەڵسوكەوتی پەیەدە پەیوەندیی هەیە بە هاوكێشەی شیعە لە ناچەكەدا و ئەمڕۆ رێككەوتنێكی خودی و بابەتی لە نێوان بەشار ئەسەد و كۆماری ئیسلامیی ئێران و پەیەدە و پەكەكەدا هەیە و درێژ بووەتەوە تا لوبنان لای حەسەن نەسروڵایش.

خەونی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لەبار دەبرێت
حەسەن ئەحمەد مستەفا دەڵێت "رەنگە لە ئێستا هێزە گەورەكانی جیهان گەیشتبنە ئەو باوەڕەی كە بەشار ئەسەد بمێنێتەوە باشترە لەوەی كە هێزی توندڕەو دروست بێت لە ناوچەكەدا."
حەسەن ئەحمەد پێیوایە كە ئەگەر بەشار ئەسەد ناوچەكان كۆنتڕۆڵ بكاتەوە، ئەوا پەیەدە لەو ناوچانە هەر دەمێنێت، چونكە پێشتر پەكەكە لەو ناوچانە هەبووە و پێشتریش ئۆجەلان لە سووریا بووە، بەڵام وەكو كیانی سیاسی خەونی كورد لە رۆژئاوای كوردستان لەبار دەبرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار