٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

بەیان سامی عەبدولڕەحمان: وڵاتانی ئەورووپا لەبارەی نەوتەوە مامەڵە بە دەستووری عێراق دەكەن

سەرچاوە: Hewler

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا بەیان سامی عەبدولڕەحمان، لە دیمانەیەكی رۆژنامەی "هەولێر"ـدا ڕایگەیاند كە وڵاتانی ئەورووپا و لە سەرووشیانەوە بەریتانیا مامەڵە بە دەستووری عێراق دەكات. ئەو پێشیوایە كە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمیش زەمینە بۆ بڕیاردانی سیاسیی گەورە خۆش دەكات.

* وڵاتی بەریتانیا چۆن سەیری نزیكبوونەوەی هەرێم و توركیا لەسەر كەرتی نەوت دەكات؟

- وڵاتی بەریتانیا باوەڕی وایە كە هەموو پرس و ڕایەكی عێراقی بۆ گەلی عێراق دەگەڕێتەوە و، بەریتانیا بڕیار لەسەر پرسە ناوخۆییەكانی عێراق نادات، بەڵام بنەمایەك بۆ بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپی سەبارەت بە عێراق هەیە، ئەویش دەستووری هەمیشەیی عێراقە كە دەنگی گەلی لەپشتە، دەوڵەتە زلهێزەكان لە ناویشیاندا بەریتانیا دەڵێن كە ئەوەی لەناو دەستووردا هاتووە، دەبێ وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت. سەبارەت بە پرسی نەوت و گازی كوردستانیش بەریتانیا پێی باشە كە ئێمە وەكوو كوردستان لەگەڵ توركیا پەیوەندیی باشمان هەیە و، هەمیشە وەكوو نموونەیەكی باشیش باسی دەكەن، چونكە جاران لەگەڵ توركیا دژی یەكتر بووین و ئێستا دۆستایەتیی قووڵمان هەیە. هاوكات رەنگە بەریتانیا راستەوخۆ دەستخۆشی لە هەرێم و توركیا نەكات، بۆ ئەو رێككەوتنەیان، بەڵام بە گشتی بە باشی هەڵدەسەنگێنن و ئەگەرچی بێگومان دەیانەوێ بەغدایش لەگەڵمان بێت.

* ئەورووپا و لە نێویشیاندا بەریتانیا پێویستیان بەو وزەیە هەیە كە لە كوردستانەوە لەمەودوا هەناردە دەكرێت، ئەگەر هاتو مالیكی دژی دەستوور لەسەر دژایەتیكردنی سیاسەتی هەرێم بەردەوام بوو، رای گشتیی ئەورووپا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەكات؟

- راستە حكوومەتی ناوەندی عێراق و بە دیاریكراوی نووری مالیكی تاكوو ئێستا زۆرێك لە مافە دەستوورییەكانی كوردی قوبووڵ نەكردووە، مالیكی و شەهرستانی پابەندی دەستوور نین و هەموو جیهان و رای گشتی و دەوڵەتانیش ئاگاداری ئەوەن، ئەگەریش تاكوو ئێستا هەندێك دەوڵەت نەیزانیبێت، پێویستە نوێنەرایەتییەكانمان ئاگاداریان بكەنەوە. لەلایەكی دیكەیشەوە جێبەجێكردنی دەستوور گەرەنتیی یەكگرتوویی خاكی عێراق دەكات و كوردیش هەر دەستوورەی كردووەتە مەرجی مانەوەی. بۆیە بە قبووڵكردنی ئەو راستیانە پێویستە سەركردایەتیی كوردستان لەسەر سیاسەتەكەیان بەردەوام بن، چونكە تاكوو چەند ساڵ بەر لە ئێستا شەهرستانی و مالیكی دەیانگوت با كەس نەچێتە هەرێم، بەڵام ئێستا كۆمپانیاكانی ئێكسۆن مۆبیل و شێڤرۆن لە كوردستانن، مەسەلەیەكی ئینگلیزی هەیە كە دەڵێ "هەر كەس بەپێی خۆی رێگەی خۆی دەدۆزێتەوە." كۆمپانیا گەورەكانی جیهانیش بەپێی خۆیان هاتوونەتە كوردستان.

* سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراوی سەرۆكی حكوومەت نێچیرڤان بارزانی چۆن دەبینن؟

- بەر لە هەموو شتێك با وەڵامی هەندێك لایەن و دەزگای راگەیاندن بدەمەوە، بە راشكاوی دەڵێم كە توركیا لەگەڵ رێككەوتنەكەیەتی لەگەڵ هەرێمدا بۆ هەناردەكردنی نەوتی كوردستان، ئەگەرنا وەزیری وزە بۆ كۆنفرانسی سێیەمی نەوت و گاز نەدەهات، بەڵام لە سیاسەتكردندا دەبێ بە هەستیاری و بە دیالۆگ مامەڵە بكەین و، سەركردایەتیی كوردیش ئەو كارە دەكات. هاوكات پێموایە سیاسەتی حكوومەتی هەرێم تاكوو ئێستا لەبارەی كەرتی نەوت و گاز زۆر سەركەوتوو بووە، ئێمەیش هەموومان دڵنیاین كە جەنابی سەرۆك بارزانی و كاك نێچیرڤان و دكتۆر ئاشتی هەورامی لەسەر ئەو رێگە راستە دەمێنن و بە سەركەوتوویی قۆناغەكە دەبڕن.

* داهاتووی وزەی هەرێم چۆن دەبینن، ئایا بەستنەوەی بازاڕی كوردستان بە ئەورووپاوە چی بۆ داهاتووی كورد تێدایە؟

- ئەوەی راستی بێت، هەناردەكردنی نەوتی كوردستان ئەویش لە رێگەی بۆریی خۆماڵییەوە، خەونێكی لەمێژینەی كوردە، ئەوەش چەندە بۆ دابینكردنی ژیانی خۆشگوزەرانە بۆ گەلەكەمان، زۆرتریش بۆ سەربەخۆبوونە لە بڕیارداندا، چونكە ئەورووپا سیاسەت بە ئەمری واقیع دەكات، ئەگەر كوردستان بۆریی سەربەخۆ و توانای بڕیاردان لەسەر وزەی خۆی هەبێت، زلهێزەكان بە روانگەیەكی دیكە سەیری دەكەن، ئەوەش مەشروعییەتێكی سیاسیی گەورە دروست دەكات و زەمینەش بۆ بڕیاردانی گەورە بۆ سەركردایەتیی كورد فەراهەم دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار