پەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان : پێویستە دەزگاكانی ڕاگەیاندن هانی خەڵک بدەن بچنە ناوەندەکانی دەنگدان و ناوی خۆیان بدۆزنەوە

پەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی خەسرۆ گۆران لە دیدارێكی ڕۆژنامەی "هەولێر"ـدا دەڵێت: بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەك پارتی پەیوەندیمان بە چەند لایەنێكی سیاسی كوردی كردووە، بۆ بەستنی هاوپەیمانەتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران،
دەشڵێت: هاووڵاتیان وەك پێویستە سەردانی بنكەكانی تۆماری دەنگدەران ناكەن بۆ نوێكردنەوەی ناوی خۆیان و دڵنیابوون لە هەبوونی ناوەكانیان لە تۆماری دەنگداندا، لەگەڵ ئەوەیشدا، پێویستە دەزگاكانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی گەورە لەو پڕۆسەیەدا ببینن، هەروەها ڕێكخراو و ناوچە و لقەكانیش پێویستە هاووڵاتیان هان بدەن، كە سەردانی ئەو ناوەندانە بكەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان.
* تا ئێستا پارتی هیچ ئامادەكارییەكی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران كردووە؟
- كۆمسیۆن بەرنامەی خۆی هەیە و، هەر چەند هەفتەیێك قۆناغێك لە قۆناغەكان دەبڕێت و دەچێتە پێشەوە، ئێمە لە قۆناغی ئەوەداین ناوی قەوارە سیاسییەكان تۆمار بكەین، ناوی قەوارەكان تۆمار كراوە، دواتر قۆناغی تۆماركردنی هاوپەیمانیەتییەكان دێت، پاشان تۆماركردنی ناوی كاندیدەكان دێت، بۆیە وەك پارتی قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ هەنگاوەكانی كۆمسیۆن دەڕۆین، هیچ دواكەوتنێك نییە و، تا ئێستا هیچ كێشەیێك نەهاتووەتە پێشەوە.
* بۆچی هاووڵاتیان وەك پێوست سەردانی تۆماری دەنگدەران ناكەن، چ پەیامێكتان هەیە بۆ ئەوەی زیاتر سەردانی بنكەكانی تۆماری دەنگدەران بكەن؟
- ئەوەیش قۆناغێكە و كۆمسیۆن دایناوە، ئێستا ئێمە لە قۆناغی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانین، پێویستە هەر دەنگدەرێك بچێتە سەر تۆمار و لە ناوی خۆی بكۆڵێتەوە، كە ناوی هەیە یا نییە، یا لە كوێیە، بەڵام بە داخەوە لەو ماوەی كە بنكەكان كراونەتەوە هاووڵاتیان كەمتەرخەمن و تەماشای ناوەكانیان ناكەن، بەڵام لێرەدا پێویستە دەزگاكانی ڕاگەیاندن ڕۆلی گەورە لەو پڕۆسەیەدا ببینن، هەروەها ڕێكخراو ناوچە و لقەكانیش پێویستە هاووڵاتیان هان بدەن كە سەردانی ئەو ناوەندانە بكەن بۆ دڵنیابوون لە هەبوونی ناوەكانیان، بۆ ئەوەی ڕۆژی دەنگدان لە مافی خۆیان بێبەش نەبن.
* پارتی بۆ هەڵبژاردن هیچ دروشم و پەیامێكی بڵاو كردووتەوە؟
- ئێستا وەك پارتی هیچ دروشم و پەیامێكمان ڕانەگەیاندووە، كە هێشتا زووە، چونكە ئێستا ئێمە لە سەرەتاین، چەند نزیك ببینەوە لە هەڵبژاردن لۆگۆ و دروشم و پەیامی خۆمان ئاشكرا دەكەین.
پێتوایە هەڵبژاردن لە 30\4 بكرێت؟
- بەڵێ پێموایە هەڵبژاردن لەكاتی خۆی دەكرێت و هیچ گۆڕانكارییەک بەسەر وادەكەی نایەت.
* وەك پارتی پەیوەندی تان بە هیچ لایەنێكی سیاسی كردووە بۆ بەستنی هاوپەیمانییەتی؟
- وەك پارتی پەیوەندیمان بە چەند لایەنێكی سیاسی كوردی كردووە بۆ بەستنی هاوپەیمانەتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام تا ئێستا وەلامێكی ڕوونمان لەلایەن لایەنەكانی تری كوردی بە دەست نەگەیشتووە.
* كۆرسیی كۆتا و ئێزدی چی بەسەر هات؟
- ئێستا لە پارێزگای مووسڵ چەند لایەنێكی ئێزیدی ناوی كییانی خۆیان بۆ هەڵبژاردن تۆمار كردووە.
* چیت هەیە بۆ ئەو 3 كورسییەی بۆ هەرێم زیاد كران؟
-ئەوە جیاوازییەك بوو، 3 كورسی بەر پارێزگاكانی هەرێم كەوتن، بەڵام كورسیی كۆتا هەر وەك خۆمانەوە و زیاد نەكرا، بەڵام ئەوە هەر هەرێم نەبوو، بەڵكوو چەند پارێزگایەكی تری عێراقی كورسییان بۆ زیاد كران.




