٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

ئەندامی پەرلەمانی سوید ئیسماعیل کامیل: سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئامەد لە قازانجی گەلی کوردە

سەرچاوە: Hewler

سەبارەت بە سەردانە مێژووییەکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ شاری ئامەد و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، ئەندامی پەرلەمانی سوید لەسەر لیستی (پارتی لیبڕاڵ) ئیسماعیل کامیل، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" ئاماژەی بە گرنگیی ئەم سەردانە کرد و بە سەردانێکی مێژوویی وەسفی کرد.

ئیسماعیل دەڵێت "بێگومان ئێمە هەموو ئەو ڕاستییە دەزانین كە تورکیا نزیکەی سەدەیەکە هەموو جۆرە ناوهێنانێکی کوردی لا قەدەغە بوو، بەڵام ئەمڕۆ بابەتێکی تازە لەم سەردانەی سەرۆکی هەرێم بینرا، ئەویش بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی تورکیاوە پێشوازی کرا و ناوی کوردستانیش بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەم وڵاتە بە ئاشکرایی هێنرا و ئەمەش دەستکەوتێکە لە مێژووی کورددا بوونی نەبووە و دەگمەن بوو، بەڵام حەکیمایەتیی بارزانی ئەوەی بۆ بەرانبەرەکەی سەلماند کە بەڵێ کورد بوونی لە هەر چوار پارچەی کوردستان هەیە و سەردانەکەی ئامەدیش لە قازانجی هەموو گەلی کورد بوو".
ئەو پەرلەمانتارەی سوید، هەروەها ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا بەرز نرخاند و هێمای بۆ ئەوە كرد کە ئەمڕۆ دیالۆگ و ئاشتی مینبەری هەموو کارێکن، بۆیە ئەوەی بارزانی دەیکات لە ڕێگای ئاشتی و دیالۆگەوە پرسی کورد زیاتر بەرەو پێش دەبات و لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بەرز دەنرخێندرێت.
سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆژئاڤای کوردستانیش، ئیسماعیل کامیل جەختی لەوە کردەوە کە لایەنێك ناتوانێت ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوە ببات،چونکە سەردەم گۆڕاوە و خەباتی چەکداری ئەو ڕۆڵەی نەماوە، بۆیە پێوویستە لەسەر کوردانی ئەو بەشەی کوردستان تاكلایەنە هەڵسوکەوت نەكەن و هەنگاو نەنێن، چونکە ئەمەیان لە بەرژەوەندیی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستاندا نییە.
دەربارەی هاریکاریکردنی ڕژێمی بەشار ئەسەد، ناوبراو دەڵێ "کورد پێویستی بەو ڕژێمە نییە کە لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە زوڵم لە کورد دەکات و لە مافی هاونیشتیمانی و ناسنامە بێبەشی کردووە و ئێستاش دەزانێت لاواز بووە و لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دوور خراوەتەوە، بۆ بەرژەوەندی خۆی لە کورد نزیک دەکاتەوە و لێرەدا نابێت بە هیچ جۆرێک کورد تێکەڵی ئەم ململانێیە بێت و دەبێت خۆی لە ڕژێمی ئەسەد دوور بخاتەوە، چونکە ڕژێمێکە تا بڵێیت دەڕندەیە و کوردیشی زۆر ئازار داوە، بۆیە هەر هەنگاونانێکی تاكلایەنە، لە بەرژەوەندیی کورددا نییە

هەواڵی پەیوەندیدار