نەوت كوردەكان لە سەربەخۆیی نزیك دەكاتەوە

عەلی هەورامی
میدیاكانی جیهان بە بایەخەوە باس لەو سیاسەتە دەكەن حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كەرتی نەوتدا پەیڕەوی دەكات.
گۆڤاری "بلومبێرگ بیزنیز ویك"ی ئەمەریكی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە و تیایدا هاتووە، هەرێمی كوردستان خاوەنی 45 ملیار بەرمیل نەوتی خاوە و ئەمەش وایكردووە ژمارەیەك لە كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهانی بواری نەوت ڕوو لەو هەرێمە بكەن بۆ مەبەستی وەبەرهێنان تیایدا.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە هەوڵی دەرهێنانی نەوتەكەیدا بووە.
تەواوكردنی ئیش و كاری تایبەت بە بۆری نەوتی نێوان هەرێم و توركیا واتای ئەوە دەگەیەنێت حكومەتی هەرێمی كوردستان كێشەی ناردنە دەرەوەی نەوتەكەیشی نابێت.
(دوگی یەنگسن) پسپۆرٍێكە لە بانقی وەبەرهێنانی "ڤی ئێس ئەی كاپیتاڵ" لە شاری لەندەن و دەڵێت، رۆژئاوا چاوەڕێی گەیشتنی ملیارەها بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستانە.
ناوبراو ئەوەشی ڕوونكردەوە كە هەرێمی كوردستان لە بواری نەوتەوە زۆر دەوڵەمەندە و ئێستاش بەرپرسانی هەولێر دەیانەوێت نەوتەكەیان ڕەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە دەكەن.
بەرهەمی نەوتی هەرێم زیاد دەبێت
گۆڤاری "بلومبێرگ بیزنیزویك" نوسیویەتی، لە سەرەتادا حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت رۆژانە بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە بكات.
ئەم بڕە پێش ساڵی 2015 دەگاتە 1 ملیۆن بەرمیل نەوت و پێش ساڵی 2019یش دەگاتە 2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەر رۆژێكدا. ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت هەرێمی كوردستان لە بواری نەوتەوە شوێنێكی زۆر دەوڵەمەند و گرنگە.
هەر ئەمەش وایكردووە كۆمپانیاكانی وەكو "ئیكسن مۆبیل" و "تۆتاڵ" و "چێڤرن" و "گازپرۆم" ڕێككەوتننامە لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا واژۆ بكەن بۆ مەبەستی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوتەكەیدا. گۆڤارەكە نوسیویەتی، ئەگەر هەرێمی كوردستان وڵاتێكی سەربەخۆ بوایە، ئەوا یەكێك بوو لە دە وڵاتە دەوڵەمەندەكەی جیهان لە بواری نەوتدا.
ئێستا هەرێمی كوردستان رۆژانە بڕی 200 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و بڕی 50 هەزار بەرمیل لەوەش لە ڕێی تانكەرەوە ڕەوانەی توركیا دەكرێت. رۆژانەش لە كێڵگە نەوتییەكانی خوارووی عێراق بڕی سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت.
هەرێم رۆڵێكی گرنگ لە بازاڕی وزەی جیهاندا دەگێڕێت
گۆڤاری "بلومبێرگ بیزنیزویك" لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا نوسیویەتی، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا كۆمپانیا جیهانییەكان كەمتر ڕوویان لە وڵاتانی سەرەكی وەبەرهێنەری نەوت- ڤەنزوێلا، كۆماری ئیسلامی ئێران، سعودیە- كردووە بۆ مەبەستی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوتەكەیاندا.
ئەمە لە كاتێكدایە رۆژ لە دوای رۆژ پێویستی بە هەبوونی بڕێكی زیاتر لە نەوت لە سەرانسەری جیهاندا زیاتر دەبێت. ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت هەرێمی كوردستان دەتوانێت لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا رۆڵی گرنگ لە دابینكردنی ئەو وزەیەدا بگێڕێت كە جیهان پێویستی پێیەتی.
حكومەتی بەغدا لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تەواوی هەوڵی خۆی خستوەتە گەڕ بۆ مەبەستی شكست هێنان بە سیاسەتی نەوتی حكومەتی هەرێم. لەو چوارچێوەیەشدا، بەغدا فشاری خستە سەر كۆمپانیا جیهانییەكان بۆ ئەوەی ڕوو لە كوردستان نەكەن بۆ مەبەستی وەبەرهێنان تیایدا.
بەڵام ئەم فشارانە شكستیان هێنا و لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا دەیان كۆمپانیا هاتنە ناو هەرێم و یارمەتیدەر بوون لە سەرخستنی سیاسەتی كەرتی نەوتی هەرێمدا. ئێستاش هەرێم ئامادەیە نەوتەكەی بنێرێتە دەرەوە.
(تۆنی هاوەرد) بەرپرسێكە لە كۆمپانیای "گینڵ ئینێرجی" و دەڵێت ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم سەرەتای قۆناغێكی زۆر گرنگە بۆ هەرێم و ئەو كۆمپانیایانەش كە لەو هەرێمەدا ئیش دەكەن.
ناوبراو گوتیشی بۆری نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا واتای ئەوە دەگەیەنێت هەولێر خۆی كۆنترۆڵی ئەو بڕە نەوتە دەكات كە دەینێرێتە دەرەوە.
پاشانیش، دانانی ئەم بۆریە نەوتە دەبێتە هۆی ئەوەی نەوتی هەرێم بەردەوام زیاتر بێت، چونكە ڕێگای ناردنە دەرەوەی هەیە.
نەوت و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی
ماڵپەڕی "بلووین نیوز"یش ڕاپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە و تیایدا هاتووە، سیاسەتی نەوتی هەرێم سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و ئەمەش لە دوو بوارەوە زۆر گرنگە.
بواری یەكەم، ئەم نەوتە دەبێتە یارمەتیدەرێك بۆ ئەوەی كوردەكان بە ئامانجی دێرینەی خۆیان بگەن، ئەویش بوون بە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیە. بواری دووەمیش، لە ماوەی چەند ساڵی كەمی داهاتوودا هەرێم رۆڵێكی گەورە لە بازاڕی وزەی جیهاندا دەگێڕێت.
لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئیش و كاری تایبەت بە دانانی یەكەمین بۆری نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا تەواو بووە و پێشبینیش دەكرێت پێش كۆتایی هاتنی ئەمساڵ ناردنە دەرەوەی نەوت لە ڕێی ئەو بۆریەوە دەست پێ بكات.
لەوەش زیاتر، حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی ئەوەی هەیە بۆریەكی دیكەی تایبەت بە گواستنەوەی نەوت دابنێت. ئەم بۆریە نەوتانەش واتای ئەوە دەگەیەنن كە هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا بڕێكی زۆر نەوتی خۆی دەنێرێتە دەرەوە. بێگومان ئەمەش دەبێتە یارمەتیدەرێك بۆ ئەوەی كوردستان زیاتر لە سەربەخۆیی نزیك بێتەوە.
دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە بڕی 17%ی بەشە بودجەی عێراق وەربگرێت، بەڵام لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا بەغدا ئەو بەشە بودجەیەی وەكو خۆی ڕەوانەی هەولێر نەكردووە. لەوەش زیاتر،
بەرپرسانی بەغدا چەندین جار هەڕەشەی بڕین یان كەمكردنەوەی ئەو بەشە بودجەیان كردووە. ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت هیچ كاتێك حكومەتی عێراق بەڵێنەكانی لە بەرامبەر حكومەتی هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ نەكردووە.
بەڵام دانانی بۆری نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ناردنە دەرەوەی ئەو نەوتە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و چی دیكە بەغداش ناتوانێت ئەو هەڕەشانە بكات.




