٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

پەیەدە ناتوانێت بە ناوی گەلی رۆژئاوای كوردستا نەوە قسە بكات

سەرچاوە: Hewler

:سەعد هەورامی

دوای پێكهێنانی حكوومەتێكی تاكلایەنە لە رۆژئاوای كوردستان لە لایەن پەیەدەوە، ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا ئەو حكوومەتە بە ناشەرعی دەزانێت و ئاماژەیش بەوە دەكەن كە پەیەدە ناتوانێت بە ناوی گەلی رۆژئاوای كوردستانەوە قسە بكات.

چەند رۆژێك پێش ئێستا سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی پەیامێكی ئاراستەی خەڵكی كوردستان كرد سەبارەت بەو بارۆدۆخەی ئێستا لە رۆژئاوای كوردستاندا دەگوزەرێت.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا دەڵێت "دوای رووداوەكانی سووریا پێمان وابوو كە دەرفەتێكی باش بۆ گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان هاتووەتە ئاراوە، بۆ ئەوەی پاش دەیان ساڵ نكۆڵیكردن و بێبەشبوون لە مافی هاووڵاتیوون، كۆتایی بە نەهامەتییەكان بێت و مافی گەلی كورد لەو بەشەی كوردستان مسۆگەر بكرێت."

لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا ئاماژە بەو لێدوانە جیاجیایانە دراوە كە لەسەر بارۆدۆخی رۆژئاوای كوردستان دەدرێت و تێیدا ڕوون كراوەتەوە كە ئەو لێدوانانە ناڕاستن و هەندێك لایەنیش كەوتوونەتە بازرگانیكردن بەو بابەتەوە، ئەوەیش دوای گوایە داخستنی سنوور كە هیچ كات سنووری رۆژئاوای كوردستان بۆ هاوكاری و كاروباری مرۆیی دانەخرابوو و داشناخرێت.

چاودێری سیاسی حەسەن ئەحمەد مستەفا، پێیوایە كە ئەو پەیامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە خەمخۆریی سەرۆكی هەرێم بووە بۆ رۆژئاوای كوردستان و وەكو ئەركێكی نەتەوەیی كە لەو پۆستەدایە لەسەری بووە ئەو پەیامە ئاراستەی خەڵكی كوردستان بكات.

مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەو ئاماژەی بەوە دا كە لەبەر ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەر لە سەرەتاوە داوای لە هێزە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان كرد كە یەكهەڵویست بن و یەك گوتاری سیاسییان هەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەكانی سووریادا.

بە ڕای دكتۆر كاوە ئازیزی رۆژئاوای كوردستان لە بارودۆخێكی زۆر مەترسیداردایە و دەڵێت "ئەمڕۆ بزووتنەوەی كورد لە رۆژئاوای كوردستان دابەش بووە بەسەر چەند بەشێكدا كە بەشێكی لەگەڵ دەوڵەتی توركیایە كە پەیەدەیە و بەشێكیشی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریایە كە ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردیە لە سووریا.

ئەو ئاماژە بەوە دەكات كە ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا هەنگاوێكی مێژوویی هەڵگرت كە بوو بە ئەندامێكی هەمیشەیی هەماهەنگیی سووریا كە بەپێی رێككەوتنێك كۆماری سووریا تەنیا كۆمارێكی عەرەبی نییە، بەڵكو كۆمارێكە چەندین نەتەوە و ئایینی تێدا دەژیت و زمانی كوردیش لە سووریا زمانێكی فەرمییە.

پابەندنەبوون بە رێككەوتننامەی هەولێر
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەیدا دەڵێت "راستە زۆر تێبینیمان لەسەر سیاسەت و رەفتاری پەیەدە هەیە، بەڵام پێمان خۆشە بگەڕێنەوە بۆ كۆدەنگیی كوردی، چونكە تاكڕۆیی نە سوودی بۆ ئەوان هەیە و نە بۆ گەلی كورد."

دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرەویش دەڵێت "پەیەدە پابەند نەبوو بە رێككەوتننامەی هەولێر، چونكە جگە لە كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە كوردستانییەكان لە رۆژئاوای كوردستاندا، هێزە كوردستانییەكانی رۆژئاوای كوردستانیشی لە چالاكیی سیاسی بێبەش كرد و بە هاوكاریی رژێمەكەی سوریا سیستەمێكی تۆتالیتاری لەو ناوچانە دروست كردوه‌.

حەسەن ئەحمەد مستەفاش بڕوای وایە "ئینكاری ناكرێت لەوەی كە یەپەدە لە رۆژئاوای كوردستان خەڵكی خۆی هەیە، بەڵام ناتوانێت بە ناوی هەموو رۆژئاوای كوردستانەوە قسە بكات، چونكە چەندین پارت و لایەنی دیكەیش لە رۆژئاوای كوردستان هەن و ئەندام و لایەنگریان هەیە."

خاوەنی یەك گوتاری سیاسی
لە ١١ـی ٧ـی ٢٠١٢ ـدا دەستەی باڵا بەپێی رێككەوتننامەی هەولێر دامەزرا بۆ ئەوەی گەلی كورد گوتارێكی سیاسیی هاوبەشی هەبێت بۆ ئێستا و دواڕۆژی سووریا. لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشدا ئاماژە بەوە دراوە كە جێگەی داخە لایەنی پەیەدە سەرباری سوودوەرگرتنی لە رێككەوتنی هەولێر، ئامادە نەبوو پابەندی بێت و هەموو لایەنەكانی بەلاوە نا و هەوڵی دا بە زۆری چەك و بە رێككەوتنی نهێنی لەگەڵ رژێم خۆی بكاتە ئەمری واقیقی سەربازی.

عەبدولحەكیم خەسرەو پێیوایە ئەو پەیامەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە دەزانێت رۆژئاوای كوردستان بە ئاقارێكی پڕمه‌ترسی دەڕوات كە تەنیا یەكڕیزیی كوردان دەتوانێت رووبەڕووی پێشهاتەكان ببێتەوە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ بە پێویستی دەزانێت كە پەیەدە دووبارە بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنامەی هەولێر و ئەو هەڵانەی كە لە رابردوودا كردوونی، وازیان لێ بێنێت و نەبێتە ئامرازێك بەدەست هێزە هەرێمایەتییەكانەوە بۆ ئەوەی خواستەكانی خۆیانی پێ جێبەجێ بكەن.

شەڕێكی نەخوازراو بۆ كورد
لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا ئاماژە بەوە دراوە كە پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستاندا گەلی كوردی تووشی شەڕێك كرد كە نە شەڕی كورد بوو و نە لە قازانجی كوردیش بوو، ئەو شەڕە بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار هاووڵاتیی كوردی رۆژئاوا و تەنانەت ئاڵای كوردستانیشی لە رۆژئاوای كوردستاندا قەدەغە كردووە.

حەسەن ئەحمەد مستەفا بڕوای وایە كە هەماهەنگییەكی پتەو لە نێوان یەپەدە و پەكەكە و هێزەكانی سوریادا هەیە و هێزەكانی بەشار ئەسەدیش لە زۆربەی شار و شارۆچكە كوردییەكاندا هەن بە تایبەت ئیستیخباراتیان بە شێوەیەكی زۆر باش كاری خۆی دەكات و هیچ ناخۆشییەكان لەگەڵ پەیەدە نییە.

مامۆستای زانكۆ دكتۆر عەبدولحەكیمیش دەڵێت: ئەو شەڕەی كە پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان دەیكات، پێوەندیی بە كوردەوە نییە و شەڕی لابەلایە، چونكە ئەوانەی ئەو شەڕیان لەگەڵ دەكات شەڕ لە گەڵ رژێمی سوریا دەكەن و كە دەزانن پەیەدەیش پلانەكانی ئەسەد جێبەجێ دەكات، ئەوان شەڕ لە دژی دەكەن.

بە گوتەی دكتۆر عەبدولحەمید لەبەر ئەوەی چەكدارە ئیسلامییەكان دەزانن كە پەیەدە دەستی رژێمی سوریا لە ناوچە كوردییەكاندا، بۆیە لێدانی پەیەدە بە نسبەت ئەوان لێدانی رژێمەكەی ئەسەدە، چونكە ئەوان كاتێك هێرشیان دەكردە سەر ناوچە كوردییەكان پێیان وابوو هێرشیان كردووەتە سەر ناوچەیەك كە دەستەڵاتی ئەسەدی تێدایە.

دكتۆر عەبدلحەكیم پێی وایە كە پەیەدە هەڵەیەكی زۆر گەورەی كرد كە كوردستانی رۆژئاوای تووشی ئەو شەڕە ناوخۆیی و هەرێمایەتییە كرد، چونكە شەڕێكی هەرێمیی فراوانە.

بە گوتەی حەسەن ئەحمەد مستەفا، ئەوەندەی پەیەدە خەریكی خۆدیتنەوە بووە لە هاوپەیمانییەكەدا لەگەڵ ڕژێم و راگرتنی بەڵانسە سیاسییەكە، ئەوەندە خەریكی خزمەتكردنی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان نەبووە و نەیتوانیوە لەو ناوچانەدا یەكێتیی كۆمەڵایەتی دروست بكات. حەسەن ئەحمەد دەڵێت، ئەو ماوەیەی كە رۆیشت چانسێكی زۆر گەورە بوو بۆ پەیەدە تا بتوانێت وەك هێزێكی دیموكرات خۆی بسەلمێنێت، بەڵام نەفەسی ئەوەندە كورت بوو كە ئەو تیرۆرەی كە لەم سەردەمەدا كراوە لە سەردەمەكانی پێشدا نەكراوە. بۆیە ئەگەر لە رووی خزمەتگوزارییەوە سەركەوتوو بووایە، ئەوا تاكو ئێستا ئاوارەكانی رۆژئاوا لێرە نەدەبوون.

حكوومەتەكەی پەیەدە ناشەرعییە
دكتۆر كاوە ئازیزی ئاماژەی بەوە دا كە ئەو حكوومەتەی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان دایمەزراندووە، حكوومەتێكی ناشەرعییە و بەو كارەیشی وای كرد كە كورد لە رۆژئاوای كوردستان بە شێوەیەكی خراپ پیشان بدات.
ئاماژەی بەوەش دا كە ئەوان وەكو ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی قبوڵی ناكەن پەیەدە بەناوی گەلی كوردەوە لە رۆژئاوای كوردستان قسە بكات.

هەڵەیەكی گەورە
عەبدولحەكیم خەسرەو پێیوایە ئەگەر پەیەدە لەسەر ئەو سیاسەتەی بەردەوام بێت و بەشێك بێت لە كێشمەكێشی سیاسی لە سووریادا و پاشكۆی سیستەمی ڕژێمی سوریا بێت، ئەوا ئایندەی رۆژئاوای كوردستان زۆر بە ناڕوونی دەمێنێتەوە و هەڵەیەكی زۆر گەورە دەكەن ئەگەر بەردەوام بن لەم سیاسەتە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ ئاماژەی بەوەش دا كە هێشتا دەرفەت لە پێش پەیەدە ماوە و دەتوانێت بە سیاسەتەكانی خۆیدا بچێتەوە و كوردیش دەتوانێت وەكو لایەنی سێیەمی سووریا بەشداری لە كۆنفڕانسی جنێف دوو بكات و ئەو كات نە وەكو لایەنی ڕژێمی سوریا و نە وەك لایەنی ئۆپۆزسیۆن، بەڵكو دەتوانێت وەك لایەنی كوردی بەشداری بكات.

هەواڵی پەیوەندیدار