٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

هۆشیار زێباری باس لە وێستگە گرنگەكانی ژیانی دەكات... یەكەم ئاستەنگی بەردەمم ئەوەبوو، كە من كورد بووم و وەزارەتی دەرەوەی عێراقم بەڕێوە دەبرد

سەرچاوە: Hewler

وەرگێڕانی: ڕەوا مەحمود خەندان

كاتێك هۆشیار زێباری وەك وەزیری دەرەوەی عێراق دەستبەكار بوو، واپێدەچوو كارێكی هێندە گرنگی پێبەخشرابێت، كە وەك ناوچەیەك بێت لەسەر هێڵی بوولەرزە. لەو كاتەدا وڵاتەكەی داگیركراو و بێدەسەڵات و شكۆمەندی بوو، هەروەها وڵاتێكی بێ خاوەن بڕیار و بێسوپا بوو. هەر لەو قۆناغەدا دابەشكاری ناونیشانی سەرەكیی ئەو وڵاتە بوو لە لایەنی دینی و تایفی و مەزهەبگەرییەوە.

سەرەڕای هەموو ئەو بارگرژییانەی بەسەر عێراق هاتن، هۆشیار زێباری هەمیشە وەك كادرێكی كارای بواری سیاسەت بەردەوام بووە، لەبەرئەوە ڕۆژنامەی (حەیات) چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ هۆشیار زێباریدا كرد، كە ئەمە دەقەكەیەتی

* بەڕێزتان لە كورسی ئۆپۆزسیۆنەوە چوونە وەزارەتی دەرەوە؟

- یەكەمجار لە ئەیلوولی ساڵی 2003دا لە حكوومەتی (مەجلیسی حوكم)ـدا بوومە وەزیری دەرەوە، ئەو دەمەی پۆڵ بریمەر سەرۆكی دەسەڵاتی ئیتیلافی كاتیی بوو. ئەو حكوومەتەیش تاوەكو ساڵی 2004 بەردەوام بوو، كە كاتی ڕادەستكردنی دەسەڵات بوو بە عێراقییەكان، ئەوكاتیش ئەیاد عەلاوی سەرۆكایەتیی حكوومەتی دەكرد، ئەو حكوومەتەیش بە سەرپەرشتیی ئەخزەر ئیبراهیمی پێك هێنرا. پاشانیش لە حكوومەتەكەی ئیبراهیم جەعفەریدا كارم كرد و، دواتریش لەیەكەم حكوومەتی نووری مالیكیدا و، لەم حكوومەتەی ئێستایشیدا هەر بەردەوامم. هەربۆیە ئێستا دەگوترێت من بوومەتە ئەو وەزیرەی دەرەوە كە بۆ زۆرترین ماوە كارم كردووە لە مێژووی عێراقدا.

* قورسترین كار كە تاوەكو ئێستا هاتووەتە پێشت لە وەزارەتی دەرەوەدا، چی بووە؟

-ژمارەیەك كار و بڕیاری قورس هاتووەتە بەردەمم، یەكەم ئاستەنگیم ئەوە بوو كە من كورد بووم و، وەزارەتی دەرەوەم بەڕێوە دەبرد، كە خاوەنی دەسەڵات بوو و، گرنگیی بە گشت عێراق دەدا، نەك هەر بە بەشێكی یا بە كوردستان. دووهەم ئاستەنگی ئەوە بوو، كە چۆن نوێنەرایەتیی وڵاتەكەت بكەیت لە كاتێكدا داگیركراو بوو، چۆن دەتوانیت نوێنەرایەتیی وڵاتەكەی خۆت بكەیت لە كاتێكدا دەسەڵات و سیادەكەی لەدەست خۆتدا نییە و، 170 سەربازی ئەمریكی و بیانی لە خاكەكەتدا هەن.

سێهەم ئاستەنگی وێرانەیی وڵات بوو، لە دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی سەدام حسێنەوە، ئەمەیش لەلایەنی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەكانەوە. عێراق لەو كاتەدا لەچاوی جیهاندا وڵاتێكی ڕەزاگران و دابڕاو و گەمارۆدراو بوو. هەروەها ژمارەی باڵیۆزخانەكانی لە جیهاندا لە 40 دانە كەمتر بوو، پەیوەندیشی لەگەڵ زۆرێك لە وڵاتانی دراوسێدا بچڕابوو. جگە لەمانە زۆرێك لە سزاكانی ماددەی حەوت عێراقی گرتبووەوە. بەتایبەتی لە بواری تەكنەلۆجیا و زانیاریی هەواڵگری و پارە و هەتا دوایی...، هەربۆیە نەماندەتوانی بە ئازادی مامەڵە بە پارە و سامانی نەوتی وڵاتەوە بكەین. ئاستەنگییەكی دیكە بریتی بوو لە گۆڕینی ژمارەیەكی زۆر لە كارمەندەكانی وەزارەتەكە بەو پێیەی سەر بە ڕژێمەكەی سەدام بوون و، نەدەبوو ڕێگە بدەین لە پۆستەكانیاندا بمێننەوە.

جگە لەمانە من دەبوایە هاوسەنگیم لە نێوان وڵاتی عێراق و مەسەلەی كورددا ڕابگرتایە، بەو پێیەی وەزیری دەرەوەی عێراق بووم و، كوردیشم.

* ئایا وەزیرەكانی دەرەوەی وڵاتە عەرەبیەكان بە ئاسانی پێشوازییان لە بیرۆكەی دامەزراندنی تۆ كردەوە لەو پۆستەدا؟

-یەكەمین ئەرك دوای دەستبەكاربوونم كە پێم سپێردرا بریتی بوو لە ئامادە بوونی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی جامیعەی دەوڵەتە عەرەبیەكان بوو لە قاهیرە لە ساڵی 2003دا، ئەویش پاش تەنیا سێ یان چوار ڕۆژ لە دەستبەكاربوونم، ئەو كاتەیش دەمپرسی تۆ بڵێی عێراق مافی بەشداریكردنی ئەم كۆبوونەوەیەی هەبێت و كورسی بۆ دابین بكرێت؟ بەو پێیەی حكوومەت پێك نەهێنرابوو، ئەمەیش لەبەر ئەوەی زۆرێك هەبوون كە مەجلیسی حوكمیان بە حكوومەتی شەرعی ناو نەدەبرد.

بیرم دێت زۆرێك لە هاوكارەكانم ئاگاداریان كردمەوە لەوەی كە بكەومە مەوقیفێكی قورس و ئیحراجەوە، بەڵام من گوتم: ئەمە یەكەم ئەركە پێم سپێردراوە و، پێویستە ئامادەی بم و لە پێناویدا بجەنگێم.

پاش ئەوەی گەیشتمە قاهیرە، لەگەڵ زۆرێك لە وەزیرە عەرەبەكانی‌ كۆ بوومەوە و، پرسی ئەوەم كرد كە ئایا عێراق دەتوانێت وەك ئەندام بەشدار بێت، یان دەبێ تاوەكو ساتی ڕاگەیاندنی حكوومەت چاوەڕێ بكات، بەڵام لێتانی ناشارمەوە كە بە پاڵپشتیی وڵاتانی قەتەر و مەغریب و كوەیت توانیمان ئامادە بین كە لەگەڵ بەشداریكردنی عێراق بوون لە كۆنگرەكەدا.

* ئەی هەڵوێستی سووریا لە ئامادەبوونتان چی بوو؟

- لە ڕاستیدا نازانم هەڵوێستی سووریا چی بوو، بەڵام دەزانم كێ پشتگیریی لە ئامادەبوونی عێراق كرد. هەر ئەو شەوە كۆڵن پاوڵی وەزیری دەرەوەی ئەو كاتەی ئەمریكا پێی ڕاگەیاندم، كە كارەكەم هەروا ئاسان نابێت و، ئاستەنگی زۆر تێدا دەبێت و، هیوای بەختێكی باشیشی بۆ خواستم.

بۆ بەیانی ڕۆژی دواتر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسر چوومە لای عەمرومووسا و كە بەیاننامەیەكی كۆنی پێبوو، كە پڕ بوو لە دەستەواژەی كۆن سەبارەت بە عێراق، منیش پێمگوت ئەمە ڕەوا نییە، چونكە ئێستا عێراق جیاوازە و وڵاتێكی فرە ڕەگەزییە، بۆیە پێویستە ڕێز لە گشت چین و پێكهاتەكانی بگرن و لە بەیاننامەی كۆمكارەكەدا باسی بكەن.

لە ڕۆژی كۆنگرەكەدا، چوومە ژوورەوە و وەك نوێنەری عێراق دانیشتم، پاشان عەمروموسا بەخێرهاتنی كردم، بەڵام لەو كاتەدا هەموان بە چاوی تێڕامانەوە سەیریان كردم و، بەو پێیەی من كورد بووم، بەڵام بەشداری كۆنگرەی عەرەب بووم. ئەمانە پێش ئەوە بوو كە سەرۆكەكەیشمان ببێتە كورد. پاش ئەمرومووسا نۆرەی من هات بۆ خوێندنەوەی وتارەكەم، من دەربارەی گۆڕانكارییەكان و پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق قسەم كرد و، لە بارەی دواڕۆژی عێراقەوە قسەم كرد. هەروەها باسم لە مەسەلەی فەلەستین و داگیركردنی كوەیت و ئێران كرد لەلایەن سەدامەوە. پاش تەواوبوونم هەموان چەپڵەیان بۆ لێدام، چونكە چاوەڕوانی ئەو هەڵوێستە هاوسەنگەی ئێمەیان نەدەكرد. دواتر لەلایەن وەزیرەكانەوە دەستخۆشیم لێكرا بەتایبەتی فاروق ئەلشەرع و ئەمیر سعوود فەیسەڵ.

عەرەبیەكەی وەزیرە كوردەكە
دوای كۆنگرەكە بیستمەوە، زۆرێك لە وەزیرەكان گوتبویان كە ئەم وەزیرە نوێیەی عێراق كێیە؟ ئەحمەد ماهیری وەزیری دەرەوەی میسریش پێی گوتم كە ئەوان چاوەڕوانیان دەكرد بە لەهجەیەكی عەرەبی پێكەنیناویەوە قسە بكەم، بەڵام پاش تەواوبوونی كۆنگرەكە ماهیر گوتی:"ئەمە عەرەبییەكەی لەوەی ئێمە باشترە".

* لە نێو سەركردە عەرەبیەكاندا چاوت بە كامیان كەوتووە؟

-چاوم بە زۆرینەیان كەوتووە.

* كەی بۆ یەكەمجار چاوت بە بەشار ئەسەد كەوت و، چاوپێكەوتنەكەتان چۆن بەڕێوە چوو؟

- هەر لە كۆتایی ئەو مانگەدا كە وەك وەزیری دەرەوە دەستبەكار بووم، لە كۆبوونەوەیەكی وڵاتانی دراوسێدا لە دیمەشق چاوم پێی كەوت.
هەر پاش تەواوبوونی جەنگی كەنداوی یەك لەساڵی 1991ـدا، هەرسێ وڵاتی ئێران و سووریا و توركیا كۆبوونەوە، بۆ ئەوەوی ئەو بارودۆخەی بەسەر كوردەكان دەهات ئەوانیش نەگرێتەوە، ئەو دەمەی عەبدوڵا گیول وەزیری دەرەوەی توركیا بوو، ئەم كۆبوونەوانە بەرفراوانتر بوون و تەنانەت سعوودیە و ئوردون و كوەیتیشی گرتەوە، تا وای لێهات بەردەوام شەش وڵاتە دراوسێكەی عێراق سەبارەت بە بارودۆخی عێراق كۆ دەبوونەوە.

كۆبوونەوەكە لە سووریا ساز دەدرا، ئێمەیش پێویست بوو ئامادەی بین، هەربۆیە داوامان پێشكەش كرد كە بچینە ئەو كۆبونەوەیەوە، بەڵام سووریەكان گوتیان ئێمە بانگهێشت نەكراوین! سعوودیەكان و قەتەریەكان و بەحرێنیەكان و كوەیتیەكان گوتیان پێویستە ئامادە بین، لەبەرئەوەی‌ ئێستا سەدام نەماوە و حكوومەتی عێراق سەرتاپا لەوەی‌ ڕژێمەكەی بەعس جیاوازە، لەگەڵ ئەوەیشدا سووریەكان سوور بوون لەسەر هەڵوێستی خۆیان و نەیاندەویست ئامادە بین. لەوكاتەدا من هاتمە سەر شاشەی تەلەڤزیۆنەكان و لە ڕێگەی كەناڵە ئاسمانییەكانەوە ڕامگەیاند: ئێمە چیتر هەوڵ نادەین ئامادەی ئەو كۆبوونەوانەی دیمەشق ببین و، پابەندی هیچ بڕیار و دەرەنجامێكیشیی نابین. پاشانیش چەند سیاسەتمەدارێكی گەورەی وەك جەلال تاڵەبانی و ئەیاد عەلاوی و ئیبراهیم جەعفەری، كە پێكەوە سووریایان خستە بەر لێشاوێكی ڕەخنەی توند.

دوای ماوەیەك كاتێك لەگەڵ خاتەمی سەرۆكی ئەو كاتەی ئێران كۆ بوومەوە، ناوبراو پێی گوتم، باشترین بڕیار ئێوە دابێتتان ئامادەنەبوونی ئەو كۆبوونەوانەی دیمەشق بوو. هەرچەندە دواتر سووریەكان پەیوەندیان پێوەكردم و فڕۆكەیەكی تایبەتیان بۆ ناردم تا ئامادەی ئەو كۆبوونەوانە بم، بەڵام من داواكەیانم ڕەت كردەوە.

بێ یەك و دوو پێتان دەڵێم، كە پەیوەندیی نێوان ئێمە و سووریا پێش ڕووخانی سەدام خراپ نەبوو. جگە لەوە لە مانگی نیسانی ساڵی 2002دا من و بەڕێز مام جەلال و كاك مەسعود لە سەردانێكی زۆر نهێنیدا چووین بۆ ئەمریكا، ئەو سەردانەمان رانەگەیەنرابوو، لەوێ ویستمان لە ئەگەری بەرپاكردنی جەنگ لەدژی ڕژێمەكەی سەدام دڵنیا ببینەوە، هەرچەندە چاومان بە بەرپرسی گەورە نەكەوت، بەڵكو چەند كەسێك لە وەزارەتی بەرگری و دەرەوە دەزگای هەواڵگری و كۆشكی سپیمان بینی كە هەواڵەكەیان پشتڕاست كردەوە. كاتێكیش لە فرانكفۆرت گەڕاینەوە، كاك مەسعود بارزانی پێی گوتین، ئێمە قەرزاری ئەو وڵاتانەین كە چەندین ساڵە هاوكارییان كردوین، بۆیە پێویستە لەم مەسەلەیە ئاگاداریان بكەینەوە، تا وێنەكە لەبەرچاویان ڕوون بێت بزانن كە جەنگ

هەڵدەگیرسێت. لە نێو ئەو وڵاتانەی كە ئاگادارمان كردەوە وڵاتی سووریا بوو. مەسعود بارزانی پێشنیاری كرد، بچینە سووریا و بەوپێیەی هاوكار و هاوپەیمانی ئێمە بوون، هەواڵەكەیان پێبگەیەنین و، ڕێووشوێنی پێویست بگرینەبەر، لەگەڵ بارزانی چوومە سووریا و چاوی بە بەشار ئەسەد كەوت، هاوكات مام جەلالیش چوو بۆ ئێران.

پێشوەخت بە دیمەشقمان ڕاگەیاند
كاتێك گەیشتینە دیمەشق چاومان بە ئەسەد كەوت، مەسعود بارزانی بێ ئەوەی‌ ناوی كەس بهێنێت پێی گوت: چاومان بە چەند بەرپرسێكی ئەمریكا كەوتووە و، ئەوان بەتەمای شەڕن، بەڵام بەشار ئەسەد زۆر باوەڕی بەوە نەدەكرد و دەیگوت: هەڵگیرسانی جەنگ ئەگەری هەیە، بەڵام قورسە.

لەلایەكی دیكەوە عەبدولحەلیم خەدام بە بەڕێز مام جەلالی گوت: "ئەگەر جەنگ هەڵگیرسا ئەوە وەرە بۆلام دەستی ڕاستم ببڕەوە"
مام جەلالیش بە تەوسەوە پێی گوت: "ڕەنگە پێویستت بە دەستی ڕاستت بێت، گەر وابوو ئەوا دەستی چەپت دەبڕمەوە".

دواتر كە بوومە وەزیری دەرەوە، پەیوەندییەكان چوونە قۆناغی بارگرژییەوە، یەكەم سەردانم بۆ سووریا ساڵی 2004 بوو. ئەوان ئێمەیان بە پیاوی ئیسرائیل و ئەمریكا و بە تایفەگەر ناو دەبرد، هەمیشە لە دەمەقاڵێدا بووین لەگەڵیان، بەڵام ئەم دەمەقاڵێیە هەرگیز لە سنوری ڕێز دەرنەدەچوو، بەڵام بەتێپەڕبوونی كات پەیوەندیم لەگەڵ فاروق ئەلشەرع باشتر و پتەوتر بوو، كاتێكیش چاوم بەبەشار ئەسەد كەوت، پێمگوت، گشت ئۆپۆزسیۆنی عێراق كە ئێستا دەیبینن هەر ئەو ئۆپۆزسیۆنەیە كە لە باوەشتان گرت و پشتتان گرتن، هەربۆیە مەنتیق دەڵێت، دەبێت پەیوەندیی نێوان سووریا و عێراق پتەو بێت. ئەوەی كە ئەمریكییەكانی هێنا سەدام بوو نەك ئێمە. ئێمە لە ساڵی 1991ـدا دژی سەدام وەستاینەوە، هاوكات ئێوە پشتیوانیتان كردین، لەولایشەوە ئەمریكا دەیهێشت بۆردومانی خاكەكەمان بكات.

لەوكاتەدا زانیاریی پەڕینەوەی كۆمەڵێك گرووپی چەكداری هەبوو لە خاكی سووریاوە بۆ ناو عێراق، بۆیە داوام لە بەشار ئەسەد كرد چاودێری خاڵە سنووریەكان بكات، ئەویش گوتی: سنووری ئێمە كێشەی نییە، ئێوەیش لای خۆتانەوە ئاگاداری سنووری خۆتان بن، بۆیە منیش بۆم ڕوون كردەوە، كە عێراق ڕەنگە لە توانایدا نەبێت كۆنترۆڵی سنوور بكات، چونكە خاوەنی سوپا نین و دەوڵەتێكی ناوەندی نین. لەو سەرەوە فاروق ئەلشەرع قسەكانی پێبڕیم و گوتی: ئێمە دەزانین لەسەر سنوورەكانمان چی ڕوو دەدات، پێویست ناكات تۆمەتمان بۆ دروست بكەن.

بۆیە مۆڵەتم لە بەشار ئەسەد وەرگرت تا وەڵامی هێرشەكانی وەزیری دەرەوە بدەمەوە، پێم ڕاگەیاند، من لە تۆ زیاتر دیمەشق شارەزام، دەشزانم كە ئێوە خاوەن دەوڵەتێكی ناوەندین، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا من هەر خۆم كەسانی بیانیم بەشێوەی نایاسایی لە سنوورەكانتانەوە ئاودیو كردووە، بەتایەتی ڕۆژنامەنووسەكان، بێ ئەوەی وەزارەتی دەرەوەیش پێیبزانێت، تەنیا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكانی سەر سنوور ڕێك كەوتوم و هیچی تر. لەو كاتەدا بەشار ئەسەد پێكەنی و گوتی:"بەڕاستی تۆ لە ئێمە باشتر شارەزای سووریایت".

رۆژ بەڕۆژ پەیوەندیم لەگەڵ بەشار ئەسەد پتەوتر دەبوو، تەنانەت دەستمان كرد بە نوكتەگێڕانەوە بۆ یەكتر.

دانوستانێكی ڕاشكاوانە لەگەڵ ئەسەد
دوای بۆردومانێكی ئەمریكا بۆسەر یەكێك لە دێیەكانی سەر سنووری وڵاتی سووریا، سەردانی سووریام كرد بۆ بینینی ئەسەد، ئەوان زۆر نیگەران بوون لەو بۆردومانە. ئەمریكییەكان لەو بۆردومانەدا چەند چەكدارێكی قاعیدەیان كوشت، هاوكات ڕاپەڕینەكەی شاری قامیشلۆ لەساڵی 2004دا دەستی پێكرد، سووریەكان چەند زانیارییەكی نادروستیان پێگەیشتبوو كە گوایە هێزەكانی پێشمەرگە هاتوونەتە سەر سنووری سووریا و، ئامادەی هێرشكردنن و لەلایەن مەسعود بارزانییەوە نێردراون.

منیش وەك وەزیری دەرەوە سەردانی ئەو وڵاتەم كردو و، دڵنیام كردنەوە كە ئەو زانیارییانە هەڵەن، بەینی خۆشمان بێت هەر جارێكی سەردانی دیمەشقم دەكرد، بەشار ئەسەد خۆی پێشوازیی لێدەكردم.

هەرگیز ئەو گفتوگۆ ڕاشكاوەم لەبیر ناچێتەوە كە لەگەڵ بەشار ئەسەد كردم و تێیدا وردەكاریی تۆڕەكانی گرووپە چەكدارییەكانی قاعیدەم پێ گوت و، ڕەقەمی ئەو ماڵانەم دایە كە سەر بەو ڕێكخراوەن و لە سووریادا دەژین، پێشم گوت، كە حكوومەتەكەی بەرپرسیارە لە پڕچەككردن و ئاودیوكردنی ئەم گرووپانە بۆ ناو خاكی عێراق. كاتێك سعوودی و لیبی و تونسییەكان لە فڕۆكەخانەی سووریاوە دەهاتن بۆ عێراق لێتان نەدەپرسین بە چ مەبەستێك دەڕۆن بۆ عێراق.

بەشار ئەسەد گوتی: بۆیە لێیان ناپرسینەوە، چونكە ئەوان پێویستیان بە ڤیزا نییە، منیش گوتم: ئەی لەبەرچی دێن بۆ عێراق، بۆ گەشتوگوزار؟ پێشم گوت: كە نامانەوێت كەس تۆمەتبار بكەین، بەڵام ئەم مەسەلەیە ڕوون و ئاشكرایە.

پێم گوت، ئێوە وا دەزانن سەر سنوورتان كۆنتڕۆڵ كردووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئاگاتان لە دنیا نییە، بەشار ئەسەد قسەكانمی پێخۆش نەبوو، بەڵام ئەوە بۆچوونی خۆم بوو.

سیاسەتی سووریا سیاسەتێكی ئیجابی نەبوو، ئەوان بەرژەوەندی هاوبەش و ستراتیجیان لەگەڵ ئێران هەبوو، بەجۆرێك لە جۆرەكان ڕۆڵەكانی خۆیان لەگەڵ ئێران بەش كردبوو، سووریا دەستی وەردەدایە لوبنان و، ئێرانیش دەستی وەردەدایە كاروباری عێراق.

ئەو لێكتێگەیشتنەی ئێران و سووریا ڕێككەوتن نەبوو لە نێوانیاندا، بەڵكو وەك ئەوە وابوو ناخی یەكتر بخوێننەوە، لەیەكێك لە سەردانەكانماندا، لە شاشەی تەلەڤیزۆنێكی سووریاوە بینیمان، كۆمەڵێك كۆنە بەعسیی عێراقی جوێن بە حكوومەتی ئێستای عێراق دەدەن، ئێمەیش گوتمان: گەر هەر ئێستا بێدەنگیان نەكەن، ئەوا كۆبوونەوەكە دەپچڕێنین، بۆیە پێش تەواوبوونی بەرنامەكە هەموویان بێدەنگ كردن!

بیرم دێ لەگەل سەرۆك تاڵەبانی سەردانی سووریامان كرد، ئەویش دوای ڕووخانی حكوومەتی میسر بوو، ئەو كاتە بوو كە سەرۆك مام جەلال بۆ خولی دووهەمی سەرۆكایەتییەكە هەڵبژێردرابوو، باسمان لە گۆڕانكارییەكانی میسر كرد و، باسمان لە تونس و لیبیایش كرد، كە لە سەرەتای شۆڕشدا بوو، هەریەك لە بەشار ئەسەد و فاروق ئەلشەرع خۆشحاڵ بوون بە گۆڕانكارییەكانی میسر و دەیانگوت: لە بەرژەوەندی ئەواندایە.

دەیانگوت كاتێك عێراق و میسر دێنەوە سەرخۆیان ئەوا لەگەڵ سووریادا دەبنە ناوەندی نیشتیمانی عەرەبی. من ئامۆژگاریم كردن، كە پەلە نەكەن لە بۆچوونەكانیاندا، چونكە ئەوەی لە میسر و تونس ڕووی دابوو و، لە لیبیایش تازە دەستی پێ دەكرد، كاریگەریی بۆ هەموان هەبوو، بۆیە شوێنی سەلامەت نەمابووەوە. وابزانم وڵاتەكەی ئێمە لە هەموو وڵاتەكان باشتر دەرچوو، بۆیە ئێمە ئێستا ناترسین، هەروەك پەندە عێراقییەكە دەڵێت: "پیاوی تەڕ لە باران ناترسێت"، من لە نێو بەرپرسە سووریەكاندا هەستم بە نیگەرانی نەكرد، بەڵكو هەستم بەوپەڕی متمانە كرد.

*بەڕێزتان پاش ڕووخانی حوسنی موبارەك سەردانی سووریاتان كرد، لە دیمەشق هەلومەرجەكە چۆن بوو؟

بەڵێ، سەرۆك تاڵەبانی سەردانی سووریای كرد و، منیشی لەگەڵ بووم، بەشار ئەسەد و دارودەستەكەی هەستیان بە نیگەرانی نەدەكرد، بەڵكو زۆر متمانەیان بەخۆیان هەبوو، وا دەبینران كە ئاگری شەڕەكە زۆر لێیانەوە دوور بێت. پێیان وابوو ئەوەی لە میسر و لیبیا ڕوویان دا سووریا ناگرێتەوە، لەبەرئەوەی سیستمی حوكمكردنەكان جیاواز بوون و دۆخی ئەمان جیاواز بوو، هەروەها بەباوەڕی ئەوان سووریەكان زۆر خۆشگوزەران و ئاسودە بوون، بگرە وایشیاندەزانی ڕووداوەكانی چواردەوریان ئەمان بەهێزتر دەكات، هەروەها وایان لێك دەدایەوە كە ڕژێمەكەی موبارەك سیاسەتی سەقەت بووە چونكە دانوستانی لەگەڵ ئیسرائیلدا مۆركردووە.

هەروەها وایان دانابوو، عێراق لە ئاستی هەڵسانەوە و خۆگرتن و جێگیربووندایە و، ڕۆڵی گرنگ لەناوچەكەدا دەگێڕێت، ئەوان نەیانزانی كە گەردەلوولی بەهاری عەرەبی ئەوانیش دەگرێتەوە.

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕانی: ڕەوا مەحمود خەندان

هەواڵی پەیوەندیدار