٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

رۆژنامەی ستارز ئەند سترایپس: هەرێمی كوردستان لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دیموكراسیترە

سەرچاوە: Hewler

ڕۆژنامەی "ستارز ئەند سترایپس"ـی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا ڕاپۆرتێكی دەربارەی هەرێمی كوردستان بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە،

لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی ڕابردوودا چه‌ن تیرۆریستێک هێرشیان كردە سەر بارەگای ئاسایشی هەولێر، بەڵام ڕێگا سەرەكییەكانی هاتن و دەرچوون لە شارەكە به‌رزه‌فت (كۆنترۆڵ) كران و هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستانیش خرانە حاڵەتی ئامادەباشیەوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەم جۆرەی كرد، چونكە هەرێم شوێنێكی ئارامە و بەرپرسانی كوردستانیش دەیانەوێت ئەو ئارامی و ئاسایشە بەردەوام بێت. ئەمە لە كاتێكدایە ڕەوشێكی نالەبار عێراقی گرتووەتەوە و ڕۆژانەش چەندین تەقینەوە و توندوتیژی لە بەغدا و شارەكانی دیكە ڕوو دەدەن.

هەرێمی كوردستان وەكو هاوپەیمانێكی گرنگی ئەمەریكا
ڕۆژنامەكە لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەیدا باس لە پێشكەوتنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەكات.

"ستارز ئەند سترایپس" نوسیویەتی، كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابروودا لە بواری ئابوورییەوە پێشكەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە. دیموكراسییەت لەم هەرێمەدا لە زۆربەی ناوچەكانی سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشتر و زیاترە.

هەربۆیەش هەرێمی كوردستان ئەزمونێكی زۆر سەركەوتووە لەو وڵاتانەی كە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا حكومەتی ئەمەریكا لە دروستكردنیدا ڕۆڵێكی یارمەتیدەری گێڕاوە.

لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ڕاستە جیاوازی لە نێوان بارودۆخی ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردووی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی ئەمرۆی سووریادا هەیە، بەڵام دەبێت بەرپرسانی ئەمەریكا و ئەوروپا سوود لە سیاسەتی خۆیان لە بەرامبەر هەرێمی كوردستاندا وەربگرن بۆ مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو قەیرانەی سووریایشی گرتوەتەوە.

(برێندان ئۆلیاری) پڕۆفیسۆرێكی زانستە سیاسییەكانە لە زانكۆی "پێنسلڤانیا"ی ئەمەریكا و دەڵێت دەبێت ستراتیژیداڕێژەرانی ئەمەریكا لەو ڕاستیە تێ بگەن كە هەرێمی كوردستان تاکه‌ هاوپەیمانی متمانەپێكراوی واشنتۆنە لەو ناوچەیەی جیهاندا.

"ستارز ئەند سترایپس" نووسیویەتی، لە پاش شەڕی كەنداو لە ساڵی 1991 ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی ناوچەی دژەفڕینیان بە سەر هەرێمی كوردستاندا ڕاگەیاند بۆ مەبەستی پاراستنی كوردەكان لە هەڕەشەی ڕژێمی (سەدام حوسێن).

لەو كاتەوە كوردستان لە پێشكەوتنێكی بەردەوامدا بووە. ئێستاش ئارامی و ئاسایشی تەواو لەم هەرێمەدا هەیە و لە بواری ئابووریەوەش كوردستان پێشكەوتنی گەورەی بە دەست هێناوە. لەوەش زیاتر، حكومەتێكی دیموكراسی و لایەنگری سیاسەتی ڕۆژئاوا و عیلمانی كاروباری هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەبات.

رۆژنامەكە دەڵێت، ئەگەر سەردانێكی شارەكانی هەرێمی كوردستان بكەیت ئەوا ژمارەیەكی زۆر پرۆژەی گەورە، سوپەرماركێت و كافی شۆپ دەبینیت.

لە هەموویشی گرنگتر ئەوەیە بواری بژێوی هاووڵاتیانی كوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆر باش بووە و هەربۆیەش خەڵكی دەتوانێت ڕوو لەو شوێنانە بكات بۆ كڕینی پێداویستیەكانی.

هەرێمی كوردستان ئەم دەستكەوتە گەورانەی بەدەستهێنا بە بێ ئەوەی هیچ سەربازێكی سوپای ئەمەریكا لەم هەرێمەدا جێگیر بكرێت. (برێندان ئۆلیاری)ـیش دەڵێت هێزی ئەمەریكا كەمتر كاریگەر دەبێت ئەگەر ئەمەریكا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ كاروباری چەند ناوچەیەك یان وڵاتێكی دیكە بەڕێوە ببات.

ئەزموونی كوردستان و چارەسەرێك بۆ قەیرانی سووریا
رۆژنامەكە لە بەشێكی دیكەی ڕاپۆرتەكەدا باس لە ئەزموونه‌ سەركەوتووه‌که‌ی هەرێمی كوردستان و بارودۆخی ئێستای سووریا دەكات.

"ستارز ئەند سترایپس" نوسیویەتی، چەند مانگێك پێش ئێستا ژمارەیەك لە شارەزایانی سیاسەتی دەرەوە پێشنیاری ئەوەیان كرد ناوچەی دژە فڕین بە سەر چەند ناوچەیەكی سووریادا ڕابگەیەنرێت.

لە مانگی ئابی ڕابردوودا ڕژێمی بەشار ئەسەد چەكی كیمیایی لە دەرەوەی دیمەشق بەكارهێنا و پاش ئەوەش ئەمەریكا و ڕووسیا لە سەر لەناوبردنی چەكە كیمیاییەكانی بەشار ئەسەد ڕێك كەوتن.

پسپۆڕی كاروباری سووریا (لیۆنێل بیهنەر) دەڵێت ڕاگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین بە سەر باكووری سووریادا هەنگاوێكی زۆر گرنگ دەبێت.

چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لە لایەن كەمینەكانی ئەو وڵاتەوە پشتگیرییەكی ئەوتۆیان لێناكرێت و یەكێك لە سەرەكیترین هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێگەی ئەلقاعیدە لە ناو ئۆپۆزسیۆندا زۆر بەهێزە.

(ئۆلیاری) دەڵێت، مەسیحیەكان و عەلەوییەكان و كوردەكان ترسی ئەوەیان هەیە لە داهاتوودا جیهادییەكان كاروباری وڵات بەڕێوە ببەن.

پاشانیش، چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن نەیانتوانیوە ئارامی و ئاسایش بۆ كەمینەكان دابین بكەن. (ئۆلیاری) دەڵێت، دەبێت ڕۆژئاوا سوود لە شێوازی مامەڵەی خۆی لەگەڵ عێراق و كوردەكاندا وەربگرێت بۆ ئەوەی بزانێت لە سووریادا چی بكات.

ئەو پێی وایە دەبێت ڕۆژئاوا هانی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن بدات بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ كەمایەتییەكان پێك بهێنن و بەڵێنی دابینكردنی مافەكانیشیان لە سووریای نوێدا بدەن.

ناوبراو هەروەها دەلێت "پێویستە بەرپرسانی ئەمەریكا واز لەو فشارانە بهێنن كە ئامانج تیایاندا هێشتنەوەی یەكپارچەیی خاكی سووریا و تێكەڵكردنی پێكهاتە ئاینی و نەتەوایەتیەكانە".

ئەو پسپۆڕە دەڵێت نابێت ئەمەریكا عەرەبە سوننەكان بە تەنیا هاوپەیمانی خۆی بزانێت، بەڵكو پێویستە فشار بخاتە سەر ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی بەڵێنی دابینكردنی ماف بە گەلی كوردی ئەو وڵاتە بدات.

كورد ڕێز لە یارمەتییەكانی ئەمەریكا دەگرێت
ڕۆژنامەكە نوسیویەتی، تەقینەوە و توندوتیژی لە ناوچەكانی دیكەی عێراق بەردەوامە، بەڵام سەدان كۆمپانیای گەورەی جیهانی ڕوویان لە هەرێم كردووە بۆ مەبەستی وەبەرهێنان، لەوانەش وەبەرهێنان لە كەرتی نەوتدا.

تەقینەوە و توندوتیژی وایكردووە وەبەرهێنەران ئامادە نەبن ڕوو لە هیچ شوێنێكی دیكەی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان بكەن.
"ستارز ئەند سترایپس" نووسیویەتی، ئەگەر لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بپرسیت: كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق چ كاریگەرییەكی لە سەر بواری ئاسایشی هەرێم هەبووە، ئەوا وەڵامەكەت "هیچ" دەبێت. بەڵام ئەگەر ئەم پرسیارە لە دانیشتوانی شوێنەكانی دیكەی عێراق بكەیت، ئەوا وەڵامێكی زۆر جیاوازت دەست دەكەوێت.

ئەمەش واتای ئەوە ناگەیەنێت كە كوردەكان ڕۆڵی ئەمەریكا لە پێشكەوتنی هەرێمەكەیاندا بەرز نانرخێنن. ئەمەریكاییەكان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا بە گەرمی بەخێرهاتنیان دەكرێت.

(حەمید ئەحمەد) ڕاوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) دەڵێت "ئەگەر ناوچەی دژەفڕین بە سەر هەرێمی كوردستاندا ڕانەگەیەنرایە و پرۆسەی ڕزگاری عێراق ئەنجام نەدرایە، ئەوا ئەو شتانەمان نەدەبوو كە ئێستا هەمانن".

هەواڵی پەیوەندیدار