سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئامەد..لایەنه سیاسییەکانی باکوور پێشوازی لێدەکــەن و، میدیای تورکییش بە گرینگییەوە باسی دەکەن

دوای ئەوەی بە فەرمی لە لایەن چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە ئاکپارتییهوه ڕاگەیەنرا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی ڕۆژی شەممە سەردانی ئامەد دەکات و، لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان کۆ دەبێتەوە، میدیای تورکیا دوێنێ سێشەممە بە گرینگییەوە باسی لە سەردانی بارزانی کرد بۆ شاری ئامەد.
بەشێکی زۆر لە میدیای تورکیا هەواڵی سەردانی بارزانییان کردبووە مانشێتی ڕۆژنامەکانیان، هاوکات بە گرینگییەوە لە کۆبوونەوەی هەردولاش دەڕوانن.
ڕۆژنامەی ستار، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمهوه نووسیویەتی، دوای ٢١ ساڵ مەسعوود بارزانی دەچێتە ئامەد، هەروەها دەشنووسێت کە کۆبوونەوەی هەردولا گرینگ دەبێت و، بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەکە هەردوولا پرسی ڕۆژئاوای کوردستان و، پڕۆسەی ئاشتی و، پرسی پەیوەندییە وزەییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تاوتوێ دەکەم.
یەکێک لە گرینگترین مانشێتی ڕۆژنامە تورکییەکان، مانشێتی ڕۆژنامەی یەنی شەفەق بوو، کە نووسیویەتی، بارزانی لە سەردانیدا بۆ ئامەد دەیەوێت بڵێت کە ئەو پاڵپشتی پڕۆسەی ئاشتییە بە هەموو سەرکردەکانیی دیکەش دەلێت،" کاتی شەڕی چەکداری نەماوە و کۆتایی پێهاتووە، هاوکات ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەش بەوە دەکات کە چاوەڕوان دەکرێت، پڕۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت، ئەگەریش پێویستی کرد با ئەو پڕۆسەیە لە هەولێریش درێژەی هەبێت.
ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئەكشام مانشێتی سەرەکیی ڕۆژنامەکەی بۆ هەواڵی چوونی سەرۆک بۆ ئامەد تەرخان کردووە و لەو بارەیەوە دەڵێت، " ژووان و کۆبوونەوەیەکی مێژوویی لە ئامەد"
لەناوەرۆکی بابەتەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەی نێوان هەردوولادا شەش تەوەر تاوتوێ دەکرێن. لەوانەش هێڵی تازەی نەوتی نێوان هەرێم و تورکیا و، دروستکردنی دەروازەیهکی نوێ لە سنووری شرناخ و هەکاری و، چەند پرسێکی دیکەش.
ڕۆژنامەی ڕادیکاڵیش بە گرینگییەوە لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم دەڕوانێت و، بە مێژوویی لە قەڵەم دەدات بۆ ئەو قۆناغەی ئێستا.
بەپشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی هەواڵی نزیک لە ئەردۆغان، حووڕیەت نووسیویەتی، بارزانی پرسی پڕۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە لەگەڵ ئەردۆغان تاوتوێ دەکات و، ڕۆژنامەی تەرەفیش به گرینگییهوه له سەردانەکەی بارزانی دهڕوانێت.
پارت و سەرکردە کوردەکان پێشوازی لە بارزانی دەکەن
لە لایەکی دیکەوە بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، کەمال بورکای، سەرۆکی گشتیی پارتی ماف و ئازادی (هاکپار)، بە گرینگییەوە لە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم دەڕوانێت و دەڵێت، سەردانی مەسعوود بارزانی بۆ شاری ئامەد ئەنجامی باشی دەبێت.
بە بڕوای بورکای، کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا سوودی بۆ هەردولا دەبێت، بورکای گووتیشی، "یەکەمجارە لە دیاربەکر کۆبوونەوەیەکی ئاوا گرینگ ساز دەکرێت، دیاربەکر لای کورد واتایەکی ڕەمزی ھەیە، بۆ یەکەم جاریشە بارزانی بەڕەسمی وەک سەرۆکی ھەرێم سەردانی دیاربەکر دەکات".
جێگری سەرۆکی هەدەپە، ئارتوغرول کۆرکچوو، لە بارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمهوه دەڵێت، پێشوازی بارزانی لە ئامەد کاریگەریی باشی لە بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەکەدا دەبێت، ئەرتوغرول پێی وایە، ناوەندێکی دیالۆگی نوێ لە نێوان هەردوولادا دهکرێتەوە، ئەو ئەندامەی 'هەدەپە' گووتی، هیوادارم سەردانەکە سوودی بۆ پڕۆسەی چارەسەری و دیموکراسسی هەبێت لە باکوور و، ئاشکرای کرد کە سەردانی لەو جۆرە دڵی کوردانی باکوور و ئامەد خۆش دەکات.
زەکەریا یایجی ئۆغلو، سەرۆکی پارتی هودا، هیوای ئەوە دەخوازێت کە دیداری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ ئەردۆغان ببێتە مایەی خێر بۆ باکووری کوردستان، لەبارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیشهوه گوتی، زانیاریمان لا نییە.
پەرلامانتاری سەربەخۆی تورکیا، ئایسەل توغلوک ڕایگەیاند، سەردانی بارزانی بۆ ئامەد زۆر گرینگە و، گووتی، وەک کوردێک بە دڵنیاییەوە بەخێر هاتنی بارزانی دەکەین، هیوای ئەوەشی خواست کە سەردانی سەرۆک بۆ ئامەد ببێتە مایەی بەرزکردنەوەی گیانی برایەتی لە ناوچەکەدا، ئەو، مەسعوود بارزانی بە کەسێکی تایبەت وەسف دەکات و دەلێت، "ئەو کەسایەتییهکی پایە بڵندە، گوتی، خۆشحاڵ دەبین ئەگەر وەک وەک 'بەدەپە' پێشوازی لێ بکەین و، لەگەڵمان کۆ بێتەوە.
عوسمان بایدەمیر، سەرۆکی شارەوانی ئامەدیش لە گوتەیەکدا ڕایگەیاند، وەک کوردێک شانازی دەکات ئەگەر پێشوازی لە بارزانی بکات، بایدەمیر گوتیشی، بەوپەڕی شانازییەوە بەخێرهاتنی مەسعوود بارزانی دەکەین بۆ شارەکەمان.
بڕیارە ڕۆژی شەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاتژمێر شەشی ئێوارە لە هوتێلی گرینپارک لەگەڵ ئەردۆغان کۆ دەبێتەوە.




