٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

میدیاکانی تورکیا بە گرنگییەوە ده‌ڕواننه‌ سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی

سەرچاوە: Hewler

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێک چووە تورکیا و لەگەڵ چوونیشی وەک هەموو جارێک میدیاکانی ئەو وڵاتە بە گرنگییەوە لە سەردانەکەی سەرۆک وەزیران دەڕوانن بۆ تورکیا.

بارزانی کە بەجیا لەگەڵ هەریەک لە وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغلو و، سەرۆک وەزیرانی تورکیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان کۆبووەوه‌، میدیاکانی تورکی بە هەنگاوێکی دیکەی لێک نزیکبوونەوەی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا وەسفیان کردووه، زۆرینەی میدیاکانی ئەو وڵاتە کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت پەیوەندی نێوان هەردوولا بەردوام بیت و، بەهێزتر بێت.

رۆژنامەی حوڕییەتی تورکی لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا دوای کۆبوونەوەکه‌ی نێچیرڤان بارزانی نووسیوویەتی، "٨٠ خولەک کۆبوونەوە"، تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەرۆدغان و نێچیرڤان بارزانی پرسیکی گرینگیان لە نێوان خۆیاندا تاوتوێ کردووە، ئەویش پرسی تەواوبوونی بۆڕیی نەوتی هەرێمە کە لە رێگەیەوە کوردستان بەشێک لە نەوتی خۆی هەناردەی جیهان دەکات.

حوڕییەت لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەی نووسیویەتی، سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان پلان بۆ دروستکردنی بۆڕییەکی دیکەی نەوت دادە نێت و ئەو بۆڕیەش لە نێوان تورکیا و هەرێمدا دەبێت، هاوکات نووسیویەتی کە ئەو بۆڕیەیه‌ لە دووساڵی داهاتوودا دەکەوێتە کار.

لەبارەی بۆڕیە نەوتەکەوه‌ حوڕییەت نووسیویەتی، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەکان لە کۆنفرانسی وزە لە ئیستانبوڵ رایگەیاندووه‌، هەرێمی کوردستان هیوا و ئامانجی گەورەی هەیە لە بواری وزە و سەرچاوە سرووشتیەکان لە داهاتوودا، هەورامی تەوابوونی بۆڕیی نەوی دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا دەست دەکرێت به‌ ئامادەکردن و تاقیکردنەوەی بۆڕیەکە بۆ ناردنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ تورکیا.

جگە لە حوڕییەت چەندین رۆژنامە و ماڵپەری دیکه‌ش باسی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی دەکەن، لەوانە رۆژنامە ''گوندەم'' بە مانشێتیک نووسیویەتی، هەردوو سەرۆک وەزیرانی تورکیا و هەرێم کۆبوونەوە، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی هەردوولایە دوای هەڵبژاردنەکانی رۆژی ٢١ی ئەیلوولی ئەمساڵ، ئەو رۆژنامەیە دەنووسێت دوور لە چاوی راگەیاندنەکان ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی چەندین پرسی دیکەیان تاوتوێ کردووه‌، لەوانەش پرسی رۆژئاوای کوردستان و سووریا و چەند پرسی دیکەی تایبەت بە هەردوولا، ئەو رۆژنامەیە باس لەوەش دەکات کە تورکیا و هەرێمی کوردستان لە هەڵسوکەوت و سیاسەتی پەیەدە رازی نین.

هاوکات رۆژنامەی بەناوبانگی سەباح، لەبارەی سەردانەکەوه‌ نووسیویەتی:" ئەردۆغان و بارزانی پەیوەندیەکانیان دووپات دەکەنەوە و دەیانەوێت زیاتر لێک نزیک ببنه‌وه‌.

ئەو رۆژنامەیە نووسیویه‌تی، هەردوولا بڕیاری ئەوەیان داوە کە خالێکی دیکەی سنووری لەنێوان هەرێم و تورکیادا بکرێتەوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە وردەکاری زیاتر بدات.

رۆژنامەی تەرەف، زیاتر گرینگیی بە لایه‌نی وزەی کۆبوونەوەی نێوان هەردوولا دەدات و، دەنووسێت هەرێمی کوردستان بە نیازە تاساڵی ٢٠٢٠ ببێتە خاوەنی دووبۆڕیی نەوت و هەردوو بۆڕیەکەش بۆ تورکیا دەچێت و بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییه‌کان بەهێزتر دەبن.
رۆژنامەی جبهووریەتیش، بە مانشێتێک نووسیویەتی، دوای هێڵی یەکەم، هێڵی دووه‌میش به‌ڕیوه‌یه‌.
رۆژنامەی تودەی زەمان، کە رۆژنامەیەکی نزیک لە حکوومەتە لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و داودئۆغڵووه‌وه‌ دەنووسێت، هەولێر و ئەنقەرە دەیانەوێت پەیوەندییە وزەییه‌کانیان بەهێز بکەن.
ئەحمەد داودئۆغلو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی کە پەیوەندیی نێوان هەرێم و تورکیا و عێراقیش بەهێزبێت، هەرسێ لاش هەماهەنگ و هاوکاری یەکتر بن. ئۆغلو رایگەیاندووە، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا پەیوەندییەکی پێویسته‌ و دەبێت ئەو پەیوەندییە هەبێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا هەبێت.

رۆژنامەی تودەی زەمان، لە بارەی پەیوەندیی سەربەخۆی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیاوه‌ دەنووسێت، ئەو پەیوەندییە هەنگاوێکی نوێ و گرینگی دیکە هەڵگرتووە.

هەرێمی کوردستان بە پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ تورکیا دەرگای بەرەو چارەسەرکردنی پرسی کورد لە باکووری کوردستان کرده‌وه‌، شاندی بەدەپە و پارتە کوردیەکان لە رێگەی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ نامەی رێبەری زیندانیکراوی پەکەکه‌، عەبدوڵا ئۆجەلان دەگەیەننە بەرپرسانی پەکەکە لە قەندیل.

هەواڵی پەیوەندیدار