ئەندامانی كۆنگرێس: دەبێت شەراكەتی ڕاستەقینە لە عێراقدا جێبەجێ بكرێ

رۆژنامە ئەمەریكییەكان بڵاویانكردەوە نووری مالكی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا (باراك ئۆباما) و، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا (جۆ بایدن)، وەزیری بەرگری (چەك هەیگڵ) و ژمارەیەك لە بەرپرسانی دیكەی حکوومهت و كۆنگرێس كۆ دەبێتەوە.
لەم كاتەیشدا گرووپێكی بەهێز لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا نامەیەك دەدەنە سەرۆكی وڵاتەكەیان (باراك ئۆباما) و تێیدا زۆر بە توندی ڕەخنە لەو سیاسەتە دەگرن مالكی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پەیڕەوی كردووە.
ئەندامەكانی كۆنگرێس لەم نامەیاندا ئاماژەیان بەوە كردووە كە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكان و پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی هەڵە لە لایەن مالكییەوە یەكێكە لەو هۆكارانەی وای كردووە تەقینەوە و توندوتیژی لە عێراقدا ڕوو لە زیادبوون بكاتەوە.
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای عێراق ئاشكرایان كرد نووری مالكی لەم سەردانەیدا داوا لە باراك ئۆباما دەكات چەكی پێشكەوتوو بداتە سوپای عێراق ــ لەوانەیش كۆپتەری ئاپاچی ــ بۆ ئەوەی ئەو سوپایە بتوانێت ڕووبەڕووی قاعیدە و گرووپە چەكدارەكانی دیكە ببێتەوە.
مالكی خۆیشی لەو بارەوە ڕایگەیاند "لە میانەی كۆبوونەوەكانماندا باس لە هاریكاریی بواری سەربازی و هەواڵگری دەكەین. پاشانیش سوپای عێراق پێویستی بە چەك هەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان".
نامەكە لە لایەن ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای پارتی دیموكراتەكان و كۆمارییەكانەوە واژۆ كراوە و جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە یارمەتیدانی عێراق لە لایەن ئەمەریكاوە پابەندە بە ئامادەباشیی نووری مالكییەوە بە هەبوونی شەراكەتێكی ڕاستەقینە لە عێراقدا، بە تایبەتی لەگەڵ پێكهاتەی كورد و سوننەیش.
نووری مالكی لە ساڵی 2006ەوە سەرۆكوەزیرانی عێراقە. ئەو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا سیاسەتێكی تاكڕەوی و تائیفیی پەیڕەو كردووە. ئەندامەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكاش لە نامەكەیاندا نووسیویانە،
ئەم سیاسەتەی مالكی وای كردووە عێراق ببێتە شوێنێكی گونجاو بۆ ئەوەی قاعیدە و گرووپە چەكدارەكانی دیكە ڕیزەكانیان ڕێك بخەنەوە و دەست بە چالاكی بكەنەوە و ڕەوشی ئاسایشی عێراق تێك بدەنهوه. نامەكە دەڵێت "شكست لە بەڕێوەبردنی كاروباری وڵاتدا بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە سوننەكانی عێراق پشتگیری لە قاعیدە بكەنەوە و باری ئاسایشی وڵات تێک بچێت".
دووان لەو ئەندامانەی كۆنگرێسیش كە واژۆی ئەم نامەیەیان كردووە لە چاوپێكەوتنێكدا زۆر بە توندی ڕەخنەیان لە سیاسەت و ستراتیژیەتی حکوومهتی عێراق لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا گرت.
بەرپرسی لیژنەی خزمەتگوزاری سەربازی كۆنگرێس (كارل لێڤین) ڕایگەیاند، پێویست بوو مالكی هەوڵی تەواو بدات بۆ مەبەستی لێك نزیككردنەوەی پێكهاتە جیاوازەكانی ناو وڵاتەكەی، بەڵام هیچ كارێكی لەو بوارەوە نەكرد. ناوبراو ڕەخنەیشی لە نووری مالكی گرت بەوەی كە ڕێگای داوە بە شێوەیەكی بەردەوام چەك و تەقەمەنی ئێرانی بە ئاسمانی عێراقدا بگاتە سوریا. ئەو لەو بارەوە ڕایگەیاند "بەرپرسانی عێراق ڕێگایان داوە ئێران بە ئاسمانی عێراقدا چەك و تەقەمەنی بۆ ڕژێمی بەشار ئەسەد بنێرێت".
ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێسیش بۆب كۆركەر ڕایگەیاند "نووری مالكی بارودۆخێكی وەهای لە عێراقدا خوڵقاندووە كە ژمارەیەك لە عێراقییەكان پشتگیری لە كار و چالاكیەكانی ڕێكخراوی قاعیدە دەكەن. ئەمەش بۆ ئەو سیاسەت و ستراتیژیەتە هەڵە دەگەڕێتەوە حکوومهتی عێراق پەیڕەوی دەكات".
ژمارەیەكی دیكە لەو ئەندامانەی كۆنگرێس كە نامەكەیان واژۆ كردووە بریتین لە: (جۆن مەككین)ی كۆماری، (لیندزی گراهام)ی كۆماریخواز، (رۆبەرت مینیدز)ی دیموكرات و بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێس، (جەیمز ئینهەوف)ی كۆماریخواز و ئەندامی لیژنەی خزمەتگوزاری سەربازی كۆنگرێس.
ئەندامەكانی كۆنگرێس ئاماژە بە ڕەوشی نالەباری عێراق دەكەن و ڕەخنەش لە سەرۆكی وڵاتەكەیان (باراك ئۆباما) دەگرن بەوەی كە دەربارەی ڕووداوەكانی ناو عێراق بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا قسەی نەكردووە و هەڵوێستی جددی نەبووە. ئەوان هەروەها لە نامەكەدا نوسیویانە، سەردانەكەی نووری مالكی بۆ ئەمەریكا دەرفەتێكە بۆ ئەوەی ئۆباما بۆ هەموو لایەكی ڕوون بكاتەوە كە عێراق لە بواری ستراتیژییەوە بۆ ئەمەریكا زۆر گرنگە.
بە گوێڕەی ڕێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان حکوومهتی ئەمەریكا و حکوومهتی عێراق لە كۆتایی ساڵی 2011دا دوایین سەربازی سوپای ئەمەریكا خاكی عێراقی بە جێ هێشت. ڕێككەوتننامەی ستراتیژی جەخت لەسەر هاریكاری بواری ئاسایش و ئابوریش لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەكاتەوە، بەڵام توێژەرەوان پێیان وایە تاكو ئێستا ئەم هاریكارییە وەكو پێویست جێبەجێ نەكراوە.
ئەندامەكانی كۆنگرێسی ئەمەریكا لە نامەكەیاندا داوا دەكەن حکوومهتی وڵاتەكەیان لە بواری هەواڵگریەوە یارمەتی هێزی ئاسایشی عێراق بدات بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە ئارامی و ئاسایش بۆ عێراق بگەڕێتەوە. ئەندامەكانی كۆنگرێس ئاماژەیان بەوەش كردووە كە ستراتیژییەتی بەڕێوەبردنی نووری مالكی كاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئەوەی ئەمەریكا چۆن مامەڵە لەگەڵ حکوومهتی عێراقدا دەكات، لەوانەش لە بواری ئاسایش و لە بواری فرۆشتنی چەك و تەقەمەنی ئەمەریكیەوە بە عێراق.
خهمێکی ههرهگەورەی زۆرێک لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا ئەوەیە كە ئەمەریكا چەك و تەقەمەنی بداتە حکوومهتی عێراق، بەڵام نووری مالكی ئەو چەكە بۆ مەبەستی چەوساندنەوە و ڕووبەڕووبونەوەی نەیار و ڕكابەرە سیاسییەكانی بە كاری بهێنێت.
سەرچاوە: رۆژنامەی نیویۆرك تایمز




