٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

رەخنەگر و رەخنەخوان..!! بۆ ئەحەمەد میرەی لڤین

سەرچاوە: KDP.info

عومەر بەكر

جێی سەرسورمان نیە كە كەسایەتیە دیار و خودان ئیرادە و بڕیاردەرەكان بەردەوام بكەونە بەر رەخنە و ناوەكانیان زۆرتر لەهەر ناوێكیتر دووبارە بكرێتەوە، باوەریش وایە كە چاودێریكردن و رەخنەگرتن و خستنەرووی پێشنیار بۆیان ئاماژەی زیندویەتی كۆمەڵگایەكەیانە و ئەگەر بڕیاریشیان وابێت لە تاكەكانی كۆمەڵگایەكەیان دانەبڕێن و كەسایەتی و سەركردەی بڕیاردرووستی ناو كۆمەڵگایەكەیانبن دەبێ‌ گوێگریكی باشی رای خەڵك و رەخنە بنیادنەرەكانبن....

مەبەست لەو پێشەكیە كورتەی سەرەوە زەمینەسازیكردنم بوو بۆ قسەكردن لەو هێرش و تەشهیر و بێویژدانیەی كە لە پەنای چاودێری و رەخنەگرتنەوە، گۆڤاری لڤین و سەرنوسەرەكەی بەرامبەر بەڕێز (نیچیرڤان بارزانی) دەیكەن. میرە و گۆڤارەكەی ئەگەر نەڵێم ئامانجی سەرەكیان دژایەتیكردنی پارتی و بنەماڵەی تێكۆشەری بارزانییە، ئەوا رق و كینەی لەرادەبەدەریان بەرامبەر بەو حزب و بنەماڵەیە ئاشكرایە و ناشاردرێتەوە، هەركەسێكیش كە تەنها دوو ژمارەی ئەو گۆڤارەی خوێندبێتەوە هەستێكی ئاشكرای لەم بارەیەوە بۆ دروستدەبێت.

 میرە لە دوا ژمارەی گۆڤارەكەیدا بەڕاددەیەك كەوتۆتە ژێر ركێفی رقەكانیەوە كە دەربڕینەكانی بەرامبەر كەسایەتی دیار و تێكۆشەری كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی نرخی ئەوكاتە ناهێنن خوێنەرێك بۆ خوێندنەوەی بابەتەكەی بەفیرۆی بدات. میرە وەكو منداڵێكی گڕوگرتوو لە چەند پەڕەگرافێكی یەك لەدوای یەكدا بابەتگەلێكی تێكەڵكردووە لەسەر ئەو كەسایەتیە كە جگە لە دەرخستنی دەرون نەخۆشی و حقدی خۆی بەرامبەری هیچیتری تیدا بەدیناكرێت، ئەو باس لە جلەكانی نیچیرڤان بارزانیش دەكات لەكاتێكدا چاوی خۆی گرتووە لەو هەنگاو و پڕۆژە گرینگ و پڕبایەخانەی نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی سەرۆكایەتی كەبینەكانی حكومەتدا كە بەبەرچاوی خەڵكی كوردستانەوە دیارن. كەوابوو ئەو جۆرە نووسینانە كەی ناودەنرین رەخنە تا گوێیان لێبگیرێت!!؟

باشتروابوو ئەحمەد میرە منتقیانە باسی لە كەموكوڕی پڕۆژەكانی ئەو زاتە كردبا هەر لە (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت و منداڵان و توندوتیژی خێزانیی، وەبەرهێنان و دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبوون، فراوانكردنی پەیوەندییە هەرێمایەتیەكان، گۆڕینی سستمی خوێندن و بەشداریپێكردنی سەرمایەی كەرتی تایبەت لە پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی دا، ئاوەدانكردنەوە و فراوانكردنی رێگاكانی هاتووچۆ، پڕۆژەكانی ئاو و دروستكردنی فرۆكەخانەكانی كوردستان، دەرهێنانی نەوت و بنیادنانی رێڕەوی گواستنەوەی نەوتی كوردستان بۆ دەرەوە و سەربەخۆیی كردنی وزە و سوتەمەنی كوردستان و...هتد. كە ئەمانە و چەندیتریش كاری سەردەمی سەرۆكایەتیەكەی نیچیرڤان بارزانین و زۆربەیان كە بڕیاری بوێرانەی ئەو نەبوایە نەدەهاتنەبوون و هیچیشیان بێ‌ كێماسی و كەموكوڕیش نین و بەدەرنین لە رەخنە لێگرتن، ئەمانە ئەو كارانەن كە پێویستی ژیانی خەڵك و زەرورەتی داهاتووی كوردستانن و هەنگاوەكانی بەرەو سەربەخۆیی وڵاتەكەمانن. میرەی نووسەر، ئەگەر لوتفی بفەرمووایە بە ویژدانەوە كەلێن و كیماسیەكانی ئەو كارانەی نیچیرڤان بارزانی خستبایە روو و رەخنەگرانە بدوابا، بێگومان ئەركی خۆی وەكو نووسەر و رۆژنامەنوس و هاونیشتمانیەكیش بەجێدێنا و بەمەش بەرلەهەموو شتێك خزمەتێكدەبوو بۆ مسداقیەتی پیشەكەی خۆی و دواتریش بۆ وڵاتەكەمان كە شایەنی پڕۆژەی تۆكمەترە و خزمەتێكیش دەبوو بۆخودی سەرۆك وەزیرانیش تا بەباشترین شێوە و بێ‌ ئەو وردە كەموكوڕیانەی كە هەیە خزمەتی وڵاتەكەی بكات هەروەها بابەتەكەشی ئەوەی دێنا كە منی خوێنەر كاتی خۆم بۆ خوێندنەوەی تەرخان بكەم. لێ‌ مخابن میرە و بەچكە ئاغاكانی تر ئەوكەشە ئازادەی كە لە كوردستاندا هاتۆتەدی لەسایەی خەباتی ئەو سەركردانەدا دەیقۆزنەوە بۆ شكاندن و تەشهیركردن و وەكو توتی دەستیانكردووە بە رەخنەخوانی، كە سەرجەمیان ناچنە قالبی رەخنەگرتنەوە...

 

عومەر بەكر

24/10/2013

 

هەواڵی پەیوەندیدار