٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان زۆر زیرەكانە مامەڵە لەگەڵ پرسی نەوتدا دەكات

سەرچاوە: Hewler

سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان هەمیشە ئاماژەی بەو ڕاستیە كردووە كە كورد مافی خۆیەتی ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆ. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان لە زۆربەی بوارەكانەوە پێشكەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.

توێژەرەوانیش لەو باوەڕەدان نەوت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی دواجار كوردەكان ببنە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان.

هەرێم پارەیەكی زیاتری دەست دەكەوێت


لە پاش پرۆسەی ڕزگاری عێراق بڕیار درا هەرێمی كوردستان بڕی 17%ی بوودجه‌ی گشتی عێراق وەربگرێت، بەڵام بەرپرسانی بەغدا كەمتر لە ڕێژەی 13%ی بوودجه‌ی عێراق ڕەوانەی هەولێر دەكەن.

ئەمەش وای كردووە بووژاندنەوە و پێشكەوتنی كوردستان بەو جۆرە نەبێت كە حكوومەتی هەرێم پلانی بۆ دادەرێژێت.

بەڵام ئەگەر ئیشی تایبەت بە دانانی بۆری نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا تەواو بێت و لەو ڕێگایەوە هەولێر نەوت بنێرێتە دەرەوە ئەوا حكوومەتی هەرێم پارەیەكی زیاتری لەو بوودجه‌یە دەست دەكەوێت كە لە بەغداوە وەری دەگرێت.

ئەمەش واتای ئەوە دەگەیێنێت لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر ساڵێكدا و هەرێمی كوردستان زیاتر لە سەربەخۆیی نزیك دەبێتەوە.

ئێستا هەرێمی كوردستان لە ڕێی تانكەرەوە نەوت دەنێرێتە دەرەوە و ئەو پارەیەش كە لەو ڕێگایەوە دەستی كەوتووە نزیكەی ملیاره‌ دۆلارێک دەبێت. كاتێكیش لە ڕێی بۆرییەوە نەوت نێردرایە دەرەوە ئیدی پێشبینی دەكرێت هەرێمی كوردستان مانگانە ئەو ملیاره‌ دۆلاره‌ی دەست بكەوێت.

كوردستان دەیەوێت پشت بە خۆی ببەسێت
دانانی ئەم بۆرییە نەوتە ئەوە دەردەخات كە هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەمەوپاش پشت بە خۆی ببەسێت.

سەرچاوەیەكی پیشەسازی نیشتەجێی ناو هەرێم ڕایگەیاند "نەوت دەبێتە یارمەتیدەرێك بۆ سەربەخۆیی... ئەو بارودۆخەی ناوچەكەی گرتووەتەوە وای كردووە دەرفەتێكی زێڕین بۆ سەربەخۆیی كوردستان بێتە ئاراوە".

فەلاح مستەفا بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت "نابێت ڕێگا لە سەربەخۆیی بواری ئابووری و سیاسیمان بگیرێت.

نامانەوێت چی دیكە هەرێمی كوردستان چاوەڕێی بەزەیی بەغدا بكات و هەر ماوەیەك و جارێك بەرپرسانی بەغدا هەڕەشەی بڕینی بوودجه‌مان لێ بكەن".

فەلاح مستەفا هەروەها گوتی "ئەگەر بەغدا ئامادەیە ئیشمان لەگەڵ بكات، ئەوا ئێمە هیچ كێشەیەكمان نیە لەگەڵیدا. ئەگەریش ئامادە نەبێت، ئەوا ئێمە سوورین لەسەر خزمەتكردنی خەڵكی خۆمان. ئێمە ناتوانین گیرۆدەی سیاسەتە هەڵەكانی بەغدا بین".

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند "ئێمە مافی خۆمانە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان هەبێت، بەڵام ئەوەش كاتێك دەبێت بە تەواوی ئامادە بین و تەواوی ناوچەكەش ببێتە دیموكراسی. ئێمە بە شێوەیەكی واقیعبینانە سیاسەت دەكەین".

حكوومەتی ئەمەریكا و عێراق دژایەتیی سیاسەتی نەوتی حكوومەتی هەرێم دەكەن، بەڵام بەرپرسانی هەرێم دەڵێن ئەوان پابەندن بە مانەوە لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدراڵی و دیموكراتیکدا. سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان هەروەها دەڵێت دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی ناوەند بە سەر هەرێمەكاندا وا دەكات وڵات پارچە پارچە نەبێت.

ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێم دەڵێت "دابەشكردنی داهاتی نەوت بە گوێرەی دەستوری فیدراڵی و سەربەخۆیی ئابوووری هەرێم گەرەنتیدەری مانەوەی یەكپارچەیی خاكی عێراقە". c
بۆرییه‌نەوته‌كه‌ی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە كێڵگە نەوتیەكانی تەقتەقەوە دەست پێدەكات و دەگاتە سەرسنووری خاكی توركیا. بۆریە نەوتەكە نزیكەی 280 كیلۆمەتر درێژه‌.

حكوومەتی هەرێم پلانی ئەوەی هەیە ڕۆژانە بڕی 150 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێی ئەو بۆریە نەوتەوە ڕەوانەی دەرەوە بكات، بەڵام ئەو بڕە تاكو ساڵی 2015 دەگاتە یه‌ک ملیۆن بەرمیل و تاكو ساڵی 2019یش دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەر ڕۆژێكدا.

بەرهەمی كۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم
پێشبینی دەكرێت بوودجه‌ی ساڵی 2014ی عێراق 150 ملیار دۆلار بێت، بەڵام لە ساڵانی داهاتوودا ئەو بوودجه‌یە زیاتر دەبێت، چونكە بڕی نەوتی نێردراو بۆ دەرەوە زیاتر دەبێت.

که‌واته‌ ئەو بوودجه‌یەش زیاتر دەبێت كە هەولێر لە بەغداوە وەری دەگرێت. شوان زوڵاڵ بەرپرسی ڕاوێژگه‌ی "كارودۆخی" لە لەندەن دەڵێت "ئەگەر حكوومەتی هەرێم دەست بە فرۆشتنی نەوت بكات، ئەوا دەبێت بتوانێت ئەوەندە بوودجه‌ی دەست بكەوێت كە تەنانەت ئەگەر حكوومەتی ناوەندی بەشەبوودجه‌ی هەرێم ببڕێت ئەوا هەولێر بتوانێت كاروبارەكان بە ئاسایی بەڕێوە ببات".

بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان بتوانێت ڕۆژانە بڕی 400 تاكو 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت. چەند سەرچاوەیەكیش ئاماژە بەوە دەكەن كە توانای بەرهەمهێنانی ئێستای هەرێم لە سەروو 350 هەزار بەرمیلەوەیە بۆ هەر ڕۆژێك و لەو بڕەش 140 هەزار بەرمیلی دەپاڵێورێت و لە ناوخۆی هەرێمدا بە كار دەهێنرێت.

ئەو كۆمپانیایانەی كە ئێستا ڕۆڵی گرنگ لە بەرهەمهێنانی ئەم بڕە نەوتەدا دەگێڕن كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویج و كۆمپانیای گینلی بەریتانیا ــ توركیا و كۆمپانیای كاری كوردین.

چەند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ریش كۆمپانیای گەڵف كی ستۆن دەستی بە كارەكانی كردەوە و پێشبینی دەكرێت ئەو كۆمپانیایەش لە ماوەیەكی كوردا بتوانێت ڕۆژێ 20هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت. چەند كۆمپانیایەكی دیكەش لە هەرێمدا كاردەكەن و ئەوانیش دەتوانن بڕێك نەوت بەرهەم بهێنن، لەوانەش كۆمپانیای ئێم ئۆ ئێڵی هەنگاریا و گرووپی ئۆ ئێم ڤی له‌ نەمساوه‌. كۆمپانیای وەكو ئكسۆن مۆبیل و چیڤرۆن و تۆتاڵیش هێشتا لە قۆناغی گەڕان بە شوێن نەوتدان.

پێشبینی دەكرێت چەند كۆمپانیایه‌کی دیكەیش لە ماوەی 14 مانگی داهاتوودا نەوت بەرهەم بهێنن.

نەوت پێگەی هەرێم بەهێز دەكات
پسپۆڕێكی بواری نەوتی ڕۆژئاوایی دەڵێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا دەتوانێت بڕێكی زۆر نەوت بنێرێتە دەرەوە و ئەوەش پێگەی هەرێم زۆر بەهێز دەكات. ئەو پسپۆڕە گوتیشی "ئێستا نەوت سەربەخۆییه‌کی تەواو نادته‌ كورد، بەڵام لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا پێگەی زۆر بەهێزتر دەكات".

لە سەرەتای ئەمساڵه‌وه‌ بەرپرسانی هەرێم و حكوومەتی ناوەندی چەند جارێك لەگەڵ یەكتری كۆ بوونەته‌وە بۆ مەبەستی نەهێشتنی جیاوازییەكانی نێوانیان، بەڵام لەو كاتەوە دانوستانەكان دەرئەنجامێكی ئەوتۆیان نەبووە.

ڕاوێژكارێكی بواری وزەی حكوومەتی عێراقیش ڕایگەیاند "دانوستانەكانی تایبەت بە نەوت هیچ دەرئەنجامێكی ئەوتۆیان نییە....ئەم دانوستانانە وەكو ئەوە وایە لەناو بازنەیەكدا ڕابكەیت". فەلاح مستەفایش دەڵێت "پێویستە بەغدا بە جددییەوە مامەڵەمان لەگەڵدا بكات. پێگەی ئێمە زۆر بەهێزترە".

ئەم پێشكەوتنەی بواری نەوتی هەرێم لە كاتێكدایە عێراق بە بارودۆخێكی تایبەتیدا دەڕوات. سوننەكان دەستیان داوه‌ته‌وه‌ چەك و جیاوازییەكی قووڵیش لە نێوان پارت و لایەنە شیعەكاندا سەری هەڵداوە. نووری مالكی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش دەیەوێت دیسان ببێتەوە سەرۆكوەزیران، بەڵام بەبێ كورد ناتوانێت بەو ئامانجەی بگات.

عەلی شەلال پسپۆڕێكی بواری داڕشتنی گرێبەستە نەوتییەكانە و دەڵێت كورد لە بواری نەوتدا زۆر زیرەكانە لەگەڵ حكوومەتی بەغدادا مامەڵە دەكات.

پسپۆڕانیش پێیان وایە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە سیاسەتدا زۆر بە زیرەكانە سوودی لە پێگەی بەهێزه‌که‌ی هەرێمەكەی وەرگرتووە. لەو بارەوە سەرچاوەیەك ڕایگەیاند "هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزی هەیە.. ئێستا سەربەخۆییی كوردستان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكی ناو عێراقدا نییە".

سەرچاوە: هەواڵگه‌ی ڕۆیتەرز

هەواڵی پەیوەندیدار