٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

كورد تێبینی لەسەر پرۆژەیاسای بوودجەی ساڵی داهاتووی عێراق هەیە

سەرچاوە: Xebat

 رۆژنامەی خەبات - لە ئێستەدا پرۆژە بوودجەی ساڵی 2014ی عێراق لەسەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیار وایە ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆكردن و تاوتوێكردنی پرۆژە دەست پێ بكات بۆ ئەوەی رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێ بە مەبەستی پەسندكردنی، بە پێی پرۆژە یاساكە بوودجەی ساڵی داهاتووی عێراق 174 تریلیۆن دینارەو ئەو ژمارەیەش ئەگەری گۆڕانكاری هەیە، لە ئێستەوە كورد كۆمەڵێك تێبینی لەسەر پرۆژە یاساكە هەیە، بۆیە هەوڵەكانی كورد بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی دەستی پێكردووە.
174 تریلیۆن دینار بوودجەی عێراقە
نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ خەبات رایگەیاند، پرۆژەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2014 لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق تەواو بووەو ئێستا لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و هەر وەزیرێك وێنەیەكی پرۆژە یاساكەی پێدراوە بۆ ئەوەی چاوی پێدا بخشێنێتەوەو تێبینیەكانی تۆمار بكات، لە پرۆژەی بوودجەی ساڵی داهاتوو بوودجەی عێراق 174 تریلیۆن دینارە، ئەو ژمارەیەك مایەی گۆڕانكاری هەیە كاتێك رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەكرێ و لەوێشدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێ، هەر بەرمیلێك نەوت بە 90 دۆلاری ئەمریكی دەست نیشان كراوە كە كە لە هەر رۆژێكدا دەبێ 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت رەوانەی دەرەوە بكرێ و بە پێی پرۆژە یاساكەش دەبێ هەرێمی كوردستان لە رۆژێكدا 750 بەرمیل نەوت رەوانەی دەرەوە بكات.
داوای چارەسەری كێشەی بوودجەی هەرێم دەكرێ
راشیگەیاند: داوامان لە حكوومەتی عێراق كردووە كە چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان بكات لە بەشە بوودجەی ساڵانەی عێراق كە چەند ساڵێكە بەشێكی هەر وەكی خۆی ماوەتەوە، داوای داوا دەكەین لە بەشە بوودجەی عێراقدا بوودجەی هێزەكانی پێشمەرگە بدرێ و حكوومەتی عێراقیش پابەند بێت بە دانی بڕە پارەی ئەو كۆمپانیا نەوتانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن، هەروەها داوای زیادكردنی بەشە بوودجەی جێبەجێ كردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق.
بوودجەی هەرێمی كوردستان كەمتر لە 11%ـەیە
هەر پەیوەست بەم باسەوە د. خێروڵا حەسەن وەزیری بارزگانی عێراق رایگەیاند، لە پرۆژە یاسای بوودجەی عێراقدا نا هەقی زۆر بەرامبەر بە كورد دەكرێ، چونكە تا ئێستە تەنیا بە نووسین پشكی كورد لە بەشە بوودجەی عێراقدا 17%ـەیە، بە پێچەوانەوە بەشە بوودجەی كورد لە عێراق كەمتر لە رێژەی 11%ـەیە.
داوای دابینكردنی بوودجەی پێشمەرگە دەكەین
وەزیری بازرگانی عێراق هێمای بۆ ئەوەش كرد، لە ئێستەوە نوێنەرانی كورد لە بەغدا بە تایبەتیش وەزیرانی كورد لە حكوومەتی عێراق لە هەوڵی بەردەوام دابین بۆ ئەوەی ئەو كەموكوڕییانەی لە پرۆژە یاساكەدا هەیە چارەسەر بكرێ، بە تایبەتیش ئەوانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بە بەشە بوودجەی كورد هەیە، هەوڵەكانمان بەو ئاراستەیە بەر لەوەی پرۆژەكە لە ئەنجوومەنی وەزیران رەوانەی پەرلەمان بكرێ كەموكوڕییەكان چارەسەر دەكەین و هەوڵەكانیش بەو ئاراستەیە لە پرۆژە بوودجەدا پێدانی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن حكوومەتی عێراقی پابەند بێت بیدات، هەروها بوودجەی هێزەكانی پێشمەرگە كە چەند ساڵێكە نەدراوە، ئەمجارە بە تەواوی جێگیر بكرێ، چونكە بە پێی دەستووری عێراق پێدانی مووچەو پڕ چەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە كە پاسەوانی هەرێمی كوردستانن حكوومەتی عێراق دەبێ دابینی بكات.

هەواڵی پەیوەندیدار