٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای گێنێل ئێنێرژی: هەرێمی کوردستان باشترین شوێنە بۆ کارکردن لە بواری بەرهەمهێنانی نەوتدا

سەرچاوە: Hewler

سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای "بی پی"ـی بەریتانی و سەرۆکی جێبەێکاری کومپانیای گینێل ئێنێرژی تۆنی هایوارد، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ماڵپەری "ئۆیل پرایس" دەڵێت، تەواوبوونی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی روونی پێشکەوتنی بواری بەرهەمهێنانی نەوتە لەو هەرێمەدا.
ئەمەش دەقی دیمانەکەیە:

* رووداوەکەی ٢٩ـی مانگی رابردوو تا چەند کاریگەری بەسەر بواری بەرهەمهێنانی نەوت و سامانە سروشتییەکانی دیکە دەبێت لە هەرێمی کوردستاندا؟

- هەرێمی کوردستان ئارامترین شوێنی ناوچەیەکی نائارامە، لە کوردستان سەقامگیری و ئارامیی تەواو هەیە، لەبەر ئەوەی لە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە ئەمە یەکەم جارە شتی لەم جۆرە روو بدات، بۆیە هیچ هۆیەک نییە کە رووداوەکە کار بکاتە سەر ئامانجی کارکردنمان و وەبەرهێنانمان لە هەرێمی کوردستان.

* هەرێمی کوردستان لە ئێستادا بە یەکێک لە پێشکەوتووترین ناوچەکان دادەنرێت لە رووی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز، هەندێکیش باسی ئەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەبێت بە هۆی ئەو سیاسەتەوە، ئایا هیچ بەربەستێک هەیە لە بەردەم سیاسەتی کارکردنی هەرێمی کوردستان لە بواری سەرچاوە سرووشتییەکاندا؟

- بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان کە ئێستا لە تەواوبووندایە، ئاماژەیەکی باشی پێشکەوتنی بواری نەوتی هەرێمی کوردستانە. تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئێستادا پەیوەندییەکی ئابووری و وزەیی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە، بەهێزیی ئەو پەیوەندییەش وای کردووە کە بواری سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو پێش بکەوێت.

ئەو گرێبەستەی کە لە بواری وزە لە بەهاری ئەمساڵدا لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا واژۆ کرا، هەنگاوێکی گرنگ بوو، بەو هۆیەشەوە ئێمە پێشکەوتنی داهاتووی نەوتی هەرێم بە مسۆگەر دەزانین، نەوتی هەرێمی کوردستان ئێستا بە هۆی تانکەرەوە دەگوازرێتەوە بازاڕەکانی جیهان، ئێستاش کۆمپانیای حکوومیی تورکی هاتۆتە ناو کارەکەوە، ٦ گرێبەستی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و هاوبەشی کۆمپانیای ئێکسۆنی ئەمریکییە، هەروەها تورکیا و هەرێمی کوردستان لەسەر هەناردەکردنی غازی هەرێمی کوردستانیش رێکكەوتوون، پێشبینیی ئەوەش دەکەین کۆتایی ئەمساڵ گرێبەست لە نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا واژۆ بکرێت.

هەرێمی کوردستان هەردەم سەرچاوەی سرووشتیی باشی هەیە، لە هەوڵی دروستکردنی ژێرخانێکی باشی ئابوورییە بۆ بەرهەمە وزەییەکانی وەک غاز و نەوت، شوێنێکی زۆر باشە بۆ کارکردن.

* درێژیی بۆریی نەوتی هەرێم لە ئێستادا چەندە؟

- بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان لە تەق تەقەوە دەست پێدەکات تا فیشخابوور كە زۆر نزیکە لە تەواوبوون و نزیکی وێستگەی گواستنەوەی نەوتەکەیە، پێشبینی دەکەین کە سیستەمەکە بتوانێت رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بگوازێتەوە، تا کۆتایی ئەمساڵ دەبێت بە تەواوی کار بکات، ئەمەش خاڵێکی وەچەرخانی گرینگە بۆ هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکەشمان، بۆ ئەوەی بتوانین ئاستی بەرهەمەکانمان زیاد بکەین و نرخی جیهانییان بۆ بەدەست بێنین.

* پێشبینی چی دەکرێت لە بەرزکردنەوەی بەرهەمەکانتان لە کاتێکدا بۆریی نەوتەکە لە تەوابووندایە؟

- ئێمە تا ئێستا پلانی بەرهەمی ساڵی ٢٠١٤ مان رانەگەیاندووە، بەڵام گەشەسەندنەکان لە تەق تەق پێمان دەڵێن کە دەتوانین رۆژانە ١٤٠ هەزار بەرمیل رەوانەی دەرەوە بکەین، ئەم رێژەیەش لە ساڵی ٢٠١٤ـدا بەرزتر دەبێتەوە.

* وەڵامی بەغدا چی دەبێت؟

- لە کاتێکدا گرانە بۆ ئێمە قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین، بەڵام بە بڕوای من تەوابوونی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان سوودی زۆری دەبێت بۆ ناوچەکە لە رووی سیاسییەوە، چونکە ئاستی بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە بە نرخی گونجاو و نەگۆڕ، لە کۆتاییشدا سوودی بۆ هەموو عێراق دەبێت.

*بڕی چەند نەوت ئێستا دەگاتە تورکیا، دەتوانی رێگای چوون و تێچوووەکەیمان پێ بڵێیت؟

- لە ئێستادا ئێمە ٣٠ تا ٤٠ هەزار بەرمیل نەوت لە تەق تەقەوە بە تەنکەر بۆ مێرسین رەوانە دەکەین بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست لە تورکیا، لەوێش دەفرۆشرێتە بازاڕەکانی جیهان، بەڵێندەرەکانیش دەستکەوتی تەواوی فرۆشتنیان پێدەدرێت.

* لە دۆزینەوەی نەوت لە شوێنی دیکە لە هەرێمی کوردستان چ چاوەڕوانییەكتان هەیە، ئایا تێکڕای دۆزینەوەکان لە چ ئاستیکدایە؟

- شتی زیاتر چاوەڕوان دەکەین، گەڕان بە دوای نەوتی زیاتر لە ئاستیکی باڵادایە، بە گوێرەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕێکی زۆر نەوت ماوە بدۆزرێتەوە، سەرچاوەی زۆر هەن، هەروەها کار دەکەین بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی دەرهێنان لەو شوێنانەی کاری تێدا دەکەین، بەڵام هێشتا هەرێمی کوردستان هەلی زۆر باشی بۆ دۆزینەوەی نەوتی زیاتر هەیە، ئێمە زۆر دڵخۆشین بە هەلی دۆزینەوەی نەوتی زیاتر لە هەرێمی کوردستاندا، کاری زیاتریش دەکەین. ئێمە کارێکی زۆر باشی دەرهێنانی نەوتمان کردووە، ئەمساڵ لە چەندین کێڵگە سەرکەوتوو بووین، ئاستی بەرەوپێشچوونی کارەکانمان لە بەرزبوونەوەدایە.

* لە ئێستادا چەندین کۆمپانیای دیکە چاویان بڕیوەتە هەرێمی کوردستان، ئایا کۆمپانیایەکی نەوت و وزە چی بکات بۆ کارکردن لە هەرێمی کوردستان؟

- هەرێمی کوردستان باشترین شوێنە بۆ کارکردن لە بواری سەرچاوە سرووشتییەکان، بۆ کارکردنیش دەبێت پەیوەندییەکی باشت هەبێت لەگەڵ حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەمە وەک یەکەمین هەنگاو.

ئێمە لە ناوچەیەکی زۆر دەوڵەمەندی سرووشتین، وەک یەکەمینەکانی کۆمپانیاشین لە هەرێمی کوردستان، سەرکەوتنی کارەکانیشمان ئێستا دیارە لە بارەی گەڕان و فۆکسی کاردن لە هەرێمی کوردستاندا

هەواڵی پەیوەندیدار