٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەرۆك بارزانی و پارتی هەردەم پارێزەری دەستكەوتە نەتەوەییەكان

سەرچاوە: KDP.info

رێبوار حەمەلاو شوانی

پارتی لە رۆژی دامەزراندنییەوە تاكو ئەمروِ هەموو كات پارێزگاری لە دەستكەوتە نەتەوەییەكان كردووە و هەر كاتێكیش هەستی كردبێ سەروەرییە نیشتمانییەكانی كورد لە مەترسیدان، ئەوا بە بێ دوو دڵی لە پێناویدا قوربانی داوە، بۆیە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا هەڵكشان و زیاد بوونی ڕێژەی دەنگدانیش، پاداشتی تاكی كورد بووە بۆ سەركردایەتی و حەكیمەتی پارتی، چونكە هەمیشە خوێندنەوەیەكی بابەتیانەی دوور مەودای بۆ پرسەكان كردووەو ژیرانە هەنگاوی بەرەو ترۆكی سەركەوتن ناوە.

پارتی وەك پارتێكی سیاسی خاوەن ئەزموونی چەندین ساڵەی پر سەروەری خاوەن سەركردایەتییەكی ئەوتۆیە كە شەرعییەتی مێژوویی و شۆرشگێری و هەڵبژاردن و دیموكراسیانەی هەیە و هێز لە كەسایەتی ڕێبەرو خاوەن خەسڵەتەكانی كاریزمایە بارزانی نەمرو سەرۆك مەسعود بارزانی وەردەگرێ، بۆیە هەمیشە دەتوانی بەسەركەوتویی سەركردایەتی گرفت و ئاریشەو تەنگژەكانی خۆی بكات و وەك و حزب و كارەكتەرێكی سیاسیی بەهێز لە گۆرشەپان بمێنێتەوە

پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی هەمووكات لە خەمی یەكڕیزی كورد بوو و بۆ ئەوەی ماف و دەستكەوتەكانی كورد بەرەو سەرەبەخۆی كورد بێت و بەرەو سەربەخۆی ئیرادەی كورد بڕوات كە بێگانە جارێكی دیكە نەتوانێت زەفەری پێببات و ئەو ئیرادە ئازادەی سەدان ساڵە كۆششی بۆ دەكات زەەوتی بكاتەوە .

پارتی خاوەن جەماوەرێكی بەرفراوان و تایبەتمەندی خۆی هەیە كە لە نێو هیچ حیزب و لایەنێكی سیاسی تردا بەدی ناكرێت هەر ئەو ڕێكخستنە جەماوەریەیە كە پارتی بەرەو لووتكەی سەركەوتن بردووە بە پشتیوانی سەركردایەتیەكی خاوەن متمانە و بیروباوەڕێكی پتەو كە بە هەردوولا تەواوكەری یەكترن بۆ سەركەوتن و مانەوەی حیزبێكی خاوەن هێزو جەماوەر لەسەرتاسەری كوردستان و هەمووكات پارێزگاریان لە مافە نەتەوەییەكانی كورد كردووە.

پارتی وسەرۆك بارزانی هەمیشە باوەڕی بە فرەرەنگی هەبووەو گرنگیشی بە هەموو ئایین و ئایدۆلۆژیاكان داوەو بە یەك چاو تەماشای هەموو ئایینەكان دەكات، بۆیەش پارتی ژمارەیەكی حساب بۆكراوە لە نێوەندەكانی بڕیار بە دەستی نێودەوڵەتیدا، چونكە پەیامی پارتی ئاشتی و پێكەوە ژیان و یەكتر قبووڵكردنە و هەموو كاتێكیش وزەو هێزی نوێ دەخاتە جەستەی نەوەی نوێوە

حیكمەتی پێشكەوتنی پارتی لەوەدایە كە دەزانێت لە كوێی هەورازەكان پشوو بدات و لە كوێش بێتە خوارەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی، چونكە پارتی لەهەموو قۆناغە جیاوازەكاندا پڕۆژەی نوێی پێیەو دەزانێت پێویستە بەردەوام و قۆناغ بە قۆناغ خزمەتی زیاتری گەلەكەی بكات، ئێستاش لەو قۆناغەدا هەوڵی سەربەخۆی كوردستان دەدات.

سەرۆك بارزانی جێگەی دڵنیاییە بۆ بەردەوامبوونی ئەو پێشكەوتنە ئابوورییەی ماوەی چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان دەبینرێت .سەركەوتنی گەورەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا متمانەی زیاتر بۆ پارتی و سەرۆك بارزانی دروست دەكات تا كو پێگەی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە ووڵاتانی جیهان بەهێزتر بكات .

سەرۆك بارزانی، لە نێو هاوكێشەی سیاسییەكانی عێراقدا خاوەن پێگەیەكی بەهێز و كاریگەرە، لە بەرامبەر قەیرانی سووریادا خاوەن هەڵوێستێكە كە زیاتر لە هەڵوێستی ڕۆژئاواوە نزیكە، ئەمانەیش وایان كردووە سەرۆك بارزانی ببێتە كەسایەتییەكی سیاسیی زۆر بەهێز لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

سیاسیەتی سەرۆك بارزانی و پارتی كەشوهەوایەكی سەقامگیری واهای لە ناوچەكە و هەرێمی كوردستان فەراهەمكردووە تا ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیانیا و بزنسمانی لە سەرانسەری جیهان سەرمایەكانیان بە متمانەیەكی زۆرەوە لە هەرێمی كوردستان بگەربخەن ئەوەش وایكردووە كە پێشكەوتنێكی بەرچاو چ لە رووی ئابووری و چ لە رووی سیاسییەوە فەراهەم ببێت و خەڵكی بە هیوایەكی زۆر بۆ ئایندە بڕوانن.

یەكێكی تر لەو دەستكەوتە گرنگانەی كە پارتی وسەرۆك بارزانی هەوڵی بەردەوامیان بۆ داوە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەییە تا لەو رێگەیەوە گشت لایەنەسیاسییەكان و ئایین و ئایینزاكان بە هەر بیروبۆچوون لە دەوری یەكتر كۆبكەنەوە ئەوەیش بۆ بەدەسهێنانی ئەو مافانەی كە كە چەندین ساڵە نەتەوەكەمان لە پێناویدا تێكۆشانی بۆ كردووە و قوربانی بۆ داوە .تا گەیشتن بە ئامانجە كان و بەدەستهێنانیان بەردەوام دەبێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار