٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

تیرۆر ناتوانێ رێڕەوی پێشكەوتنەكانی كوردستان رابگرێ

سەرچاوە: Xebat

خەبات - محەمەد زەنگەنە
میوانانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە نوێنەرانی دەوڵەتانی بیانی لە هەولێر لە میانەی راپۆرتێكی تایبەت بە خەبات دووپاتیانكردەوە تیرۆر بەهیچ شێوەیەك ناتوانێ رێڕەوی پێشكەوتنی كوردستان بوەستێنێت و ئاماژەشیان بەوەدا هەوڵی تیرۆریستان بەهیچ شێوەیەك چالاكی و پرۆژەكانیان لە هەرێمی كوردستاندا ناوەستێنێت بەڵكو ئەوان چاویان لە پرۆژەی گەورەتر و وپلانی تۆكمەترە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندی وڵاتانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
پێشانگای كاڵای میسڕ و پرۆژەی گەورەتر
رۆژی 3ی ئەم مانگە یەكەمین پێشانگای تایبەت بە بەرهەم و كاڵاكانی میسر لەسەر خاكی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر كرایەوە. ئەم پێشانگایە كە بە بەشداری 47 كۆمپانیای جۆراو جۆری میسری كرایەوە خانەی اخبار الیوم رێكی خستووە، لە میانی كۆبوونەوەی وەبەرهێنەرانی میسڕ لە هەرێمی كوردستان لە چەند مانگی رابردوودا بڕیاری لەسەر درا و لەكاتی خۆیدا بە شێوەیەكی فەرمی بەڕێوەچوو.
هاوكات لەمیانەی بەڕێوەچوونی چالاكیەكانی ئەم پێشانگایە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی میسڕ بەشێوەیەكی فەرمی دانانی ناوچەیەكی لۆجیستی ئازادی میسڕی لە هەرێمی كوردستان راگەیاند كە چەندین كۆگا بۆ پاراستنی كاڵا میسڕیەكان دەگرێتە خۆ، ئاشكراشیكرد هەردوو حكوومەتی میسر و هەرێمی كوردستان خەریكە دەگەنە ئەنجام بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی گەورەی پیشەسازی میسری لە هەولێر. وەزیری بازرگانی و پیشەسازی میسڕ كە سەردانی قەڵای هەولێری كرد و گەشتێكی تیادا كرد، لە لێدوانێكی تایبەت بە خەبات كاركردنی جیددی حكومەتی میسری بۆ زیاتر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و نیشانیدا حكومەتی وڵاتەكەی لە هاوكاریكردنی حكومەتی كوردستان بەردەوام دەبێت و پەیوەندی دێرینی نێوان هەر دوو گەلی كوردستان و میسڕیش كە تەمەنی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە بە هاندەرێكی بەهێزی بۆ بەردەوامبوونی هاوكاری وهەماهەنگی نێوان هەردوولا لە قەڵەمدا، هاوكات ئاشكراشیكرد حكومەتی میسر پلانی زۆر لەبەردەست دایە بۆ ئەنجامدانی چەندین پرۆژە لە كوردستان و دووپاتیكردەوە خۆیشی دەستی كاری میسری هان دەدات بێنە كوردستان و كار بكەن.
ئەڵمانیا چالاكیەكانی لە هەرێمی كوردستان درێژە پێدەدات لە میانەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی ساڵیادی روخاندنی دیواری بەرلین و یەكگرتنەوەی هەر دوو ئەڵمانیا كە كونسوڵگەری گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان رێكیخست، ئەلفرێد سیمز كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان دووپاتیكردەوە بە ئەنجامدانی ئەم ئاهەنگە پەیامێكی ئاشكرا ئاراستەی تیرۆریستان دەكرێت بەوەی ئەوان ناتوانن ئەم كۆمەڵگایە بتۆقێنن و ژیانی ئاسایی لەم هەرێمەدا بوەستێنن. دووپاتیكردەوە هەرێمی كوردستان دوای روخاندنی دیكتاتۆریەت چانسێكی باشی دایە هاووڵاتیانی كوردستان بۆ بەر قەراركردنی ئاسایش تێیدا و كوردستانی بەمۆدێلێك بۆ تەواوی عێراق و سەرتاسەری ناوچەكە وەسف كرد. بەریتانیا بە شێوەیەكی چالاكتر بەردەوامی بە كارەكانی دەدات پرۆتس لە لێدوانێكی تایبەت بە خەبات نیشانیدا ئەو رووداوەی لە هەولێر ڕوویدا هەموو لایەكی تووشی خەم و نیگەرانی كرد، ئاماژەی بەوەشدا ناكرێ رووداوی لەم جۆرە بكەینە هۆكارێك بۆ راگرتنی ژیان و چالاكیە نێوخۆیی ودەرەكیەكان لەم شارە و لە هەرێمی كوردستان بە گشتی، گوتی: هیواخوازم كۆمپانیاكانی بەریتانیا بە شێوەیەكی چالاكانەتر لە هەرێمی كوردستاندا رۆڵی خۆیان ببینن و بەشداری لە بواری وەبەرهێنان بكەن لە هەرێمی كوردستان.
كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە درێژەی لێدوانەكەی نیشانیدا عێراق بە گشتی لە نێو نەخشەی سەفەری هاووڵاتیانی وڵاتەكەیدا نییە. دووپاتیكردەوە ئەركی یەكەمی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە ئەڵمانیا كاری جیدی بكات بۆ راكێشانی گەشتیار و وەبەرهێنەری زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان و نیشانیدا ئەوان وەكو كونسوڵگەریی رێگری لە هیچ كەسێك ناكەن بەوەی سەردانی كوردستان بكەن.
توركیا، دۆست و پاڵپشت
هەڵوێستی توركیا هەمیشە لە كاتی تەنگانەدا هەڵوێستی دۆست و پاڵپشت بووە لە خەڵكی هەرێمی كوردستان، لەم دواییەشدا دوای رووداوە تیرۆریستیەكەی هەولێر توركیا ئامادەیی خۆی بۆ هەر یارمەتییەكی بۆ برینداران نیشاندا، لەمبارەیەوە محەمەد عاكف كونسوڵی گشتی توركیا لە هەرێمی كوردستان بۆ خەبتات دووپاتیكردەوە توركیا هەمیشە دۆست و پاڵپشتە بۆ گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان و هەمیشەش ئامادەیە لە هەر رووێكەوە یارمەتی و پاڵپشتی ئەم گەلە بكات. گوتیشی: بێگومان رووداوی تەقینەوەی ئەم دواییەی هەولێر هەموومانی تووشی خەمباری كرد، بەڵام لەوە دڵنیابن كە بە هیچ شێوەیەك ئێمە چالاكیە بازرگانیەكانمان لە كوردستان راناگرین، بەڵكو دووپاتی دەكەینەوە كە بازرگان و وەبەرهێنەرانمان بێنە هەرێمی كوردستان و سوودی زیاتر لە دەرفەتی وەبەرهێنان لەم هەرێمەدا وەربگرن و بەشداری ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان بكەن، ئێمە دۆست و براین و پەیوەندیەكی پتەو كۆمان دەكاتەوە و هەر لەسەر ئەم پەیوەندیانەمان بەردەوام دەبین.
ئیمارات و چالاكی بەردەوام
پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و میرنشینی یەكگرتووی عەرەبی بە تایبەتی لەساڵانی دواییدا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیوە بینیوە، پەیوەندی بەتایبەتی لەبواری ئابووری بە هەبوونی كۆمپانیای بەناوبانگی ئەم وڵاتە لە هەرێمی كوردستان.
لە لێدوانێكی تایبەت بە خەبات باڵیۆز راشید ئەلمەنسووری كونسوڵی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی لە هەرێمی كوردستان گەشبینی خۆی بە پێشكەوتنی پەیوەندی نێوان هەردوولا نیشاندا و دووپاتیكردەوە لە ماوەیەكی نزیكدا ئیمارات بە چەندین پرۆژەی حەیەویەوە چالاكیەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات و گوتی: لەمەولا هەر مانگێك چالاكیەكمان دەبێت، پەنا بەخوا لە ماوەیەكی نزیكدا نووسینگەی ژووری بارزگانی دوبەی لە هەرێمی كوردستان دەكرێتەوە و پاشانیش بانكی ئەبو زەبی ئیسلامی، ئەمە جگە لە بە فەرمی كردنەوەی گەشتە ئاسمانیەكانی ئیمارات لەگەڵ هەرێمی كوردستان و دڵنیاتان دەكەمەوە گەشتە ئاسمانیەكانی نێوان كوردستان و ئیمارات لەسەر هەموو ئاستەكان چالاكتر دەبنەوە.
فەڕەنسا لەگەڵ سەقامگیری كوردستانە
ئەو پەیوەندیانەی فەڕەنسا و گەلی كورد بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بە یەك دەبەستێتەوە پەیوەندی تایبەتن و بە پلەیەك پشتی بە رەهەندی مرۆییەوە بەستووە، ئەم رەهەندەش هاندەرێكی بەهێز بوو بۆ ئەوەی فەڕەنسا زوو دەستپێشخەری كردنەوەی كونسوڵگەریی وڵاتەكەی لە هەولێر بكات، ئالان گێبخات كونسوڵی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە خەبات ئەوەی دووپاتكردەوە وڵاتەكەی هەمیشە گەلی كورد بە گەلێكی دۆست لە قەڵەم دەدات، گوتی : بەهیچ شێوەیەك پشت لە گەلی كورد ناكەین، ئێمە لە كاتی زۆر ناخۆشدا بوونمان لە كوردستاندا هەبوو ئێستاش ئەم هەرێمە لە سەقامگیری و ئارامیدا دەژیت و ئێمە بەهیچ شێوەیەك رێگە بەوە نادەین بەرەو پاش بگەڕێتەوە و هەمیشە هانی ئەوە دەدەین هاوڵاتیانمان بێن بەچاوی خۆیان پێشكەوتنی كوردستان ببینن.

هەواڵی پەیوەندیدار