گۆڤاری "وێڵد پۆڵەتیكس ڕیڤیو": سەرۆك بارزانی سیاسەتێكی زۆر بەهـــێز و گرنگی هەرێمایەتی پەیرەو دەكات

هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پێگەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بەهێزتر دەكات.
مەسعود بارزانی خاوەنی بەرزترین دەسەڵاتە لە كوردستاندا، لە ناو هاوكێشەی سیاسیی عێراقدا خاوەن پێگەیەكی بەهێزە، لە بەرامبەر قەیرانی سووریادا خاوەن هەڵوێستێكە كە زیاتر لە هەڵوێستی ڕۆژئاواوە نزیكە، ئەمانەیش وایان كردووە سەرۆك بارزانی ببێتە كەسایەتییەكی سیاسیی زۆر بەهێز لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەركەوتنێكی گەورە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان
دەرئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئاماژە بە سەركەوتنێكی گەورە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆك مەسعود بارزانی دەكات.
ئەم دەرئەنجامە ئەوەش پێشان دەدات، كە یەكیەتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوپەیمانەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژمارەیەكی بەرچاو دەنگی خۆی لەدەست داوە.
براوەی سەرەكیی ئەم هەڵبژاردنە پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانین. ئەم سەركەوتنەیش لە دوو بوارەوە زۆر گرنگە. یەكەمیان، پێگەی سەرۆك بارزانی لە كوردستان و عێراقدا بەهێزتر دەبێت.
بەڕێزیان دەبنە گەرەنتیكەری بەردەوامبوونی ئەو پێشكەوتنە ئابوورییەی ماوەی چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان دەبینرێت. دووەمیان، سەرۆك بارزانی دەبێتە كەسایەتییەكی بەهێزی تەواوی ناوچەكە.
لەمەوپاش سیاسەتمەدارانی كورد، زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە، ڕاوێژ بە سەرۆك بارزانی دەكەن، بۆ تاوتوێكردنی هەر پرسێك، ئیدی هەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتووی عێراقەوە بیگرە تاكو دەگاتە پەیوەندی لەگەڵ توركیا و شەری ناوخۆی سووریادا.
سەرۆك بارزانی پێگەی هەرێم بەهێزتر دەكات
سەركەوتنی گەورەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا متمانەی زیاتر دەداتە سەرۆك بارزانی بۆ ئەوەی بەڕێزیان پێگەی هەرێمی كوردستان بەهێزتر بكات و دەسەڵاتەكانی ئەم هەرێمە لە ناو عێراقدا زیاتر بكات.
سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی باش لە ڕۆڵ و پێگەی گرنگی سەرۆك بارزانی تێدەگات. هەربۆیەش سەرۆكوەزیرانی عێراق لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر هەرێمی كوردستاندا گۆریوە و، ئاماژەی بەوەیش كردووە كە دەكرێت لە ماوەی چەند مانگی داهاتوودا پەرلەمانی عێراق دەنگ لە سەر یاسای نەوت و غاز بدات.
بیرتان نەچێت بەهاری داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە عێراق بەڕێوە دەچێت و ئەگەر نووری مالیكی بیەوێت ببێتەوە سەرۆكوەزیران ئەوا پێویستی بە پشتگیریی سەرۆك بارزانی هەیە. یاسای نەوت و غازیش دەتوانێت كێشەی تایبەت بە نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر دەكات.
یەكێكی دیكە لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا پەیوەندی بە چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی كۆنترۆڵی حكوومەتی هەرێمەوەیە. ئەگەر بێت و ئەم كێشانەی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی چارەسەر بكرێن، ئەوا بە گەورەترین دەستكەوت بۆ كوردەكان دادەنرێن لە پاش نووسینەوە و دەنگدان لە سەر دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی 2005دا.
شێوازی دابەشكردنی دەسەڵاتە باڵاكان لە عێراقدا بەو جۆرەیە كە دەبێت كوردێك ببێتە سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ، بێگومان سەرۆك بارزانیش بڕیار لە سەر ئەوە دەدات كێ دەبێتە سەرۆك كۆماری داهاتوو.
ئەم هەموو پێگە بەهێزەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوە پێشان دەدات كە سەرۆك بارزانی لە ماوەی 12 مانگی داهاتوودا سەرەكیترین ڕۆڵ لە سیاسەتی عێراقدا دەگێڕێت.
سیاسەتی هەرێمایەتی سەرۆك بارزانی
سەرۆك بارزانی سیاسەتێكی زۆر بەهێز و گرنگی هەرێمایەتیش پەیرەو دەكات.
بەرێزیان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییە ستراتیژی و ئابووری و وزەییەكانی لەگەڵ حكوومەتی توركیادا پەرە پێداوە.
ئەم سیاسەتەیش وای كردووە هەرێم پێگەیەكی بەهێزی هەبێت، بە تایبەتی لە مامەڵەكردن لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیدا.
ئێستا ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای توركیا لە ناو هەرێمی كوردستاندا خەریكی كاری وەبەرهێنانن. لەوەیش زیاتر، پێشبینی دەكرێت حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی توركیاوە نەوت و غازی خۆی ڕەوانەی دەرەوە بكات.
پاشانیش، حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ئەنقەرە هەمان سیاسەتیان دەربارەی شەڕی ناوخۆی سووریا هەیە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی لە زۆربەی بوارەكاندا پشتگیری لە سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات، لەوانەش مانەوەی سەرۆكی سووریا بەشار ئەسەد لە پۆستەكەیدا.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆكوەزیرانی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەمان سیاسەتیان دەربارەی ڕەوشی سووریا هەیە و پشتگیری لە كۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد دەكەن.
شەڕی ناوخۆی سووریا كێشەی گەورەی بۆ دانیشتوانی سووریا دروس تكردووە. ئەوەیش وای كردووە دەیان هەزار كەس لە دانیشتووی سووریا ڕوو لە هەرێمی كوردستان و توركیا بكەن.
لەوەیش زیاتر، حكوومەتی هەرێم و توركیا لە بەهێزبوونی ئەلقاعیدە و گرووپە جیهادییەكانی دیكەی ناو ئۆپۆزسیۆنی سووریا نیگەرانن. هەربۆیەیش سەرۆك بارزانی یارمەتی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان دەدات.
حكوومەتی توركیایش داوا لە ئۆپۆزسیۆنی كوردی دەكات پەیوەندی بە هاوپەیمانێتیی نەتەوەیی سووریاوە بكات.
ئەو سیاسەتەی سەرۆك بارزانی لە بەرامبەر قەیرانی سووریادا هەیەتی وای كردووە، بەرپرسانی ئەمەریكا و توركیایش پشت بە بەڕێزیان ببەستن بۆ دروستكردنی بەرەیەكی دژە ئەسەد و پشتیوانی سیاسەتی ڕۆژئاوا. سەرەرای ئەوەیش، هەموومان ئەو ڕاستییە دەزانین كە سیاسەتی ئەمەریكا و ڕووسیا و كۆماری ئیسلامی ئێران كاریگەریی گەورەیان لە سەر ڕەوشی ناو سووریا هەیە. هەر بریارێكی تایبەت بە سووریایش كاریگەریی لە سەر چارەنووسی ڕۆژئاوای كوردستان دەبێت.
نوسینی: هانس ئارتینس
سەرچاوە: گۆڤاری "وێڵد پۆڵەتیكس ڕیڤیو"




