٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

چاودێرانی سیاسی و مامۆستایانی زانكۆ: پارتی هەمیشە پارێزەری دەستكەوتە نەتەوەییەكان بووە بۆیە پێگە جەماوەرییەكەی بەردەوام لە هەڵكشاندایە

سەرچاوە: Hewler

دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە تێیدا پارتی دیموكراتی كوردستان توانی بە بەدەستهێنانی 38 كورسی بە جیاوازییەكی زۆر پێش هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەكانی تر بكەوێت، بە گوتەی چاودێران و مامۆستایانی زانكۆ، پارتی هەمیشە پارێزەری دەستكەوتە نەتەوەییەكان بووە و گرنگی بە هەموو ئایین و ئایدلۆژیاكان داوە، بۆیە لە هەموو قۆناغە جیاوازەكاندا پڕۆژەی نوێی پێیە.

چاودێری سیاسی بەشار عادل، ڕاگەیاند كە پارتی هەمیشە باوەڕی بە فرەڕەنگی هەبووە و گرنگییشی بە هەموو ئایین و ئایدلۆژیاكان داوە و بە یەك چاو تەماشای هەموو ئایینەكان دەكات، بۆیەش پارتی ژمارەیەكی حساب بۆكراوە لە نێوەندەكانی بڕیاڕبەدەستی نێودەوڵەتیدا، چونكە پەیامی پارتی ئاشتی و پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردنە و هەموو كاتێكیش وزە و هێزی نوێ دەخاتە جەستەی نەوەی نوێوە.

ڕۆژنامەنووس و مامۆستای زانكۆ جەبار عەلی دەڵێت، پارتی لە ڕۆژی دروستبوونییەوە تا ئەمڕۆ هەمیشە پارێزەری پاراستنی دەستكەوتە نەتەوەییەكان بووە و هەر كاتێكیش هەستی كردبێ سەروەرییە نیشتمانییەكانی كورد لە مەترسیدان، ئەوا بە بێ دوودڵی قۆربانیی داوە، بۆیە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هەڵكشان و زیاد بوونی ڕێژەی دەنگەكانیش، پاداشتی تاكی كورد بووە بۆ سەركردایەتی و حەكیمیی پارتی، چونكە هەمیشە خوێندنەوەیەكی بابەتیانەی دوورمەودای بۆ پرسەكان كردووە و ژیرانە هەنگاوی ناوە و بەرەو ترۆكی سەركەوتن ڕۆیشتووە، هەر چەندە لە ناوخۆ و دەرەوە هەمیشە گەلەكۆمەكی لێ كراوە بۆ ئەوەی بە هەر جۆرێك بێت پارتی لای تاكی كورد لاواز بكەن، بەڵام دەرئەنجامەكان پێمان دەڵێن، پارتی هەمیشە لە گەشەی بەردەوامدایە و خەونی ناحەزان بووەتە بڵقی سەر ئاو،
گوتارە جۆشدەرەكانی پارتی و ڕێبازی بارزانی، هەمیشە بوونەتە دووانەیەك بۆ زیندوومانەوەی پارتی. گوتیشی "نموونەكان هێندە زۆرن، وا بە سانایی ناینە باسكردن، پشكی شێریش لە مێژووی بزاڤی نەتەوەیی كورددا بەر پارتی دەكەوێت، هەروەها هەڵمەتی لەجووڵەخستنی نەیارانی كورد، تەكانێكی تری داوەتە پارتی بۆ مانەوە و بەگژداچوونەوەی دوژمنان و ناحەزانی نەتەوەكەمان، بۆیە پارتی بووەتە هەناسە و ناسنامە بۆ گەیشتن بە ئاییندەیەكی پڕشنگدار كە ئەویش سەربەخۆییە."

جەبار عەلی هەروەها ڕوونی كردەوە كە "ئەزموون و مێژوو سەلماندیان كە پارتی چەشنی چیمەن چەند هەوڵی بڕینەوە و سڕینەوەی بدرێ، ئەو هەر نوێ دەبێتەوە، بۆیە من دڵنیام لەوەی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا پارتی نەك هەر براوەی یەكەم دەبێ لە سەر ئاستی لیستەكاندا، بەڵكوو دەبێتە براوەی یەكەم لەسەر ئاستی خوڵقاندنی موعجیزەی بەدەستهێنانی متمانەی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵكی شەرەفمەندی كوردستان".

مامۆستای زانكۆی دهۆك سەلمان حەمید بڕوای وایە "حیكمەتی پێشڕەوبوونی پارتی لە وەدایە كە دەزانێت لە كوێی هەورازەكان پشوو بدات و لە كوێش بێتە خوارەوە بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی، چونكە پارتی لە هەموو قۆناغە جیاوازەكاندا پڕۆژەی نوێی پێیە و دەزانێت پێویستە بەردەوام و قۆناغ بە قۆناغ خزمەتی زیاتری گەلەكەی بكات، ئێستاش لەو قۆناغەدا هەوڵی سەربەخۆیی كوردستان دەدات،
چونكە لە كاتی دروستبوونییەوە، پارتی بۆ ئەوە دامەزراوە تا كورد بە خەونی خۆی بگەیەنێت و خەونی دروستبوونی دەوڵەت بكاتە ڕاستی، هەر لەبەر ئەمەشە پارتی بووە جێگەی ئومێدی هەر تاكێكی كورد، ئەوەی پارتیش لە حیزبەكانی تر جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە خاوەن هێزی جێبەجێكار و ئەزموونی حوكمڕانیی خۆبەڕێوەبردن و پتەویی سەركردایەتی و كۆدەنگی لەسەر پرسەكان و بوونی متمانەی تاكە بە سەرۆكایەتیی ئەو حزبە".

هەواڵی پەیوەندیدار