جێگری سەرۆكی ئینستیتیوتی كورد لە روسیا: كۆنسوڵی روسیا له ههرێم رۆڵی سستی له پهیوهندی و ههرێم و وڵاتهكهیدا گێڕاوه

جێگری سەرۆكی ئینستیتیوتی كورد لە روسیا دكتۆر بەكر شا محەمەد، لە دیمانەیەكی رۆژنامەی "هەولێر"ـدا ئاماژە بەوە دەكات كە كۆنسوڵگەریی روسیا لە هەرێمی كوردستان رۆڵێكی سستی گێڕاوە لە پتەوكردنی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی روسیا و، پێشیوایە كە هۆكاری سیستیی ئەو پەیوەندییانە، سیاسییە
* دوای سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی بۆ روسیا، ئێستا پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەو وڵاتە لە چ ئاستێكدایە؟
- ئەوەندەی من ئاگادار بم، دوای سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەنابی كاك مەسعود بارزانی بۆ روسیا، شتێكی ئەوتۆ لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی روسیا نەهاتووەتە ئاراوە، چونكە بەرهەمی ئەو جۆرە سەردانانە كاتی دەوێـت و زوو نایەتە بەرهەم.
* هۆكاری ئەمە چییە؟
- چونكە تاكو ئێستا پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەرێمی كوردستان و روسیادا نەبووە و ئەوەیش كە هەبووە، تەنیا پەیوەندیی حزبی بوون لە نێوان نوێنەرایەتیی حزبەكان و ئەو وڵاتەدا. لە هەمان كاتدا تاكو ئێستایش جگە لە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هیچ كەسێك لە هەرێمی كوردستانەوە بە فەرمی بانگهێشتی ئەو وڵاتە نەكراوە. هیوادارین لە داهاتوودا ئەو پەیوەندییانە بچنە قۆناغێكی دیكەوە و سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بەهەرمی باشی هەبێت و ببێتە سەرەتایەكی باش بۆ دروستكردنی پێوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەرێم و روسیادا
* پێتوایە روسیا گرنگیی بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت؟
- روسیا گرنگییەكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە وڵاتێكی زۆر گرنگە لە بواری نەوت و گاز و سامانی ئاژەڵی و كشتوكاڵدا، لە هەمان كاتدا ئەو وڵاتە لە بواری زانستیدا بە تایبەت بەشی فیزیا و بیركاری زۆر لەپێشە و پێشكەوتووە، وەك دەزانین یەكەم مانگی دەستكرد لە ساڵی پەنجاكانی سەدەی رابردوو لەو وڵاتەدا بۆ بۆشایی ئاسمان هەڵدرا. بۆیە گرنگییەكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە و دەتوانین لە هەموو ئەو بوارانەدا سوود لە وڵاتی روسیا وەربگرین
* ئەوەندەی ئاگادار بیت ژمارەی دانیشتووانی كورد لەو وڵاتە چەندە و تا چەند گاریگەری لەسەر پێوەندیی هەولێر و مۆسكۆ دەبێت؟
- زیاتر لە یەك ملیۆن كورد لە یەكێتیی سۆڤییەتی جاران بە گشتی دەژین و تەنیا لە شاری مۆسكۆ تا سەر دەریای رەش، نزیكەی 300 هەزار كورد دەژیت. هەرچەندە دەبووایە ئەو رێژەیە زیاتر بووایە، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتێكی وەكو ئازەربایجان لە ساڵی 1920ـدا زیاتر لە 40 هەزار كوردی تێدا بووە، بەڵام بەپێی داتاكانی ئێستا 2 هەزار كوردی تێدایە. ئەوەیش بە هۆی ئەوەی كە دژایەتیی كوردبوونیان كراوە وەك چۆن لە هەموو پارچەكانی كوردستان لە لایەن وڵاتانی داگیركەرەوە ئەو دژایەتییە كراوە و دەكرێت، لەوێش هەبووە، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانن كار بكەن و لە زانكۆكان بخوێنن، خۆیان بە ئازەری ناونووس كردووە.
* رۆڵی كۆنسوڵگەریی روسیا چۆنە لە هەرێم، واباس دەكرێت كە كۆنسوڵگەریی ئەو وڵاتە لە هەرێم سستە؟
- منیش لەگەڵ ئەوەدام كە رۆڵی كۆنسوڵگەری سستە. ئێمە سێ چوار وەفدی روسیامان لە زۆر بواردا بانگهێشت كردووە بۆ هەرێمی كوردستان لەسەر ئەركی حكوومەتی هەرێم. حكوومەتی هەرێم زۆر كاری كردووە بۆ ئەوەی پێوەندیی كولتووری و زانستی لەگەڵ روسیادا باش بێـت، بەڵام تاكو ئێستایش بە شێوەیەكی فەرمی هیچ وەفدێكی روسیا نەهاتووەتە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن ئەو وڵاتەوە نێردرابێت، تەنیا یەك جار نەبێت كە ناوەندی رۆشنبیریی عێراقی چەند مامۆستایەكی روسیای هێنایە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی قوتابیانی هەرێم بچنە ئەو وڵاتە و لە زانكۆكان بخوێنن. ئەو زانكۆیانەیش زانكۆی مەعقول بوون، بەڵام باشترین زانكۆكان نەبوون.
* ئەی بۆچی قوتابیانی هەرێم لە زانكۆ باشەكان درێژە بە خوێندن نادەن؟
- ژمارەیەك قوتابیی كورد هەن لەو وڵاتە لە زانكۆكان دەخوێنن، بەڵام ئەو زانكۆیانە باشترین زانكۆكان نین، چونكە زانكۆ باشەكان وەڵامی ئێمە نادەنەوە.
* پێتوایە هۆكاری سستیی كۆنسوڵگەریی روسیا لە هەرێم، هۆكارێكی سیاسی بێت؟
- كۆنسوڵگەریی روسیا لە هەرێم تاكو ئێستا هیچ وەفدێكیان نەهێناوەتە هەرێمی كوردستان نە لە بواری زانستی و نە لە بواری كولتووریدا، وەفدی سیاسی هیچ هاتووە، بۆیە من پێموایە هۆكارەكەی سیاسییە.
* ئەی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان توانیویەتی چ رۆڵێك لە روسیا ببینێت؟
من ڕێزم بۆ نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە روسیا هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا وەك پێویست نەیتوانیوە كەسانی تایبمەتمەند بانگهێشتی هەرێمی كوردستان بكات. كە رەنگە ئەوەیش بە هۆی سەرقاڵبوونییەوە بێت و هیوادارم لە داهاتوودا ئەو كارە بكات. بەڵام تاكو ئێستایش هیچ وەفدێكم نەبینیوە كە لە رێگەی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە روسیاوە هاتبێتە هەرێمی كوردستان یان لە هەرێمی كوردستانەوە چووبێـت بۆ روسیا. من پێم وایە ئەگەر وەفدیش بانگهێشت بكرێت، نابێت تەنیا وەفدی سیاسی بن و دەبێت وەفدی كولتووری و هونەریش بانگهێشت بكرێن. چونكە پەیوەندیی نێوان دوو وڵات تەنیا پەیوەندیی سیاسی نییە، بەڵكو پەیوەندیی كولتووری و ئابووری و سیاسی و هونەری و چەندین بواری تریشە
* ساڵانە چەند زەمالەیەك لە لایەن حكوومەتی روسیاوە دەدرێتە هەرێمی كوردستان، ئەو زەمالانە تا چەند سوودیان لێ وەرگیراوە؟
- راستە ساڵانە چەند زەمالەیەك دەدرێتە قوتابیانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بچن لەو وڵاتە درێژە بە خوێندن بدەن لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا، بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە سوود لەو زەمالانە وەرگیرێت. بۆ زانیارییشتان ساڵی 1958 كە جەنابی بارزانیی نەمر لە یەكێتیی سۆڤییەت گەڕایەوە لە ناو كوردەكانی ئەرمێنیا، سكرتێری حزبی شیوعیی ئەرمینیا كە وەكو سەرۆكی حكوومەتی ئەو وڵاتە وابوو، ئەوكات بە بارزانیی نەمری گوتبوو جەنابی بارزانی من دەمەوێت دیارییەكت پێشكەش بكەم دەبێت لێم قبوڵ بكەیت
بارزانیی نەمریش گوتوویەتی باشە قبوڵی دەكەم بە مەرجێك خۆم ئەو دیارییە دەستنیشان بكەم. ئەویش سەری سووڕ دەمێنێت و دەڵێت فەرموو ئەگەر بتوانم بۆت جێبەجێ دەكەم. بازرانیش دەڵێت 20 قوتابی كوردم بۆ وەرگرە بە بێ مونافەسە لە زانكۆی ئەرمینیا. دوو سێ ساڵ لەمەوپێش یەكێك لەو قوتابیانە لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوە دا كە ئەو یەكێكە لەو قوتابیانە و ئێستا ئەوانە هەموویان بوونەتە زانا لە بوارەكەی خۆیاندا. بۆیە من دەڵێم بارزانیی نەمر ئەو كات گرنگی بە خوێندنی كوردەكان دەدا لەو وڵاتانە بەڵام ئێستا ئەوان زەمالەیش دەنێرین بۆ هەرێمی كوردستان كوردستان، كەچی زۆر بە باشی سوودیان لێ وەرناگیرێت
* ئەو زەمالانە لە چ بوارێكدا بوون؟
- لە زۆربەی بوارەكاندا بوون




