٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

فەرماندەی سوپای پاسداران: لێدوانە تەلەفۆنییەكەی رۆحانی لە گەڵ ئۆباما هەڵەیەكی تاكتیكی بوو

سەرچاوە: Hewler

"محەمەدعەلی جەعفەری" فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕەخنەی لە لێدوانە تەلەفۆنییەكەی "حەسەن ڕۆحانی" سەركۆماری ئێران لەگەڵ "باراك ئۆباما"ی سەركۆماری ئەمەریكا گرت و، بە "هەڵەیەكی تاكتیكی"ـی ناو برد و پێی وایە پەیوەندییەكە ڕاست دەكرێتەوە.

"جەعفەری" لەمەر هەڵسەنگاندی گەشتەكەی سەركۆماری ئێران بۆ كۆمەڵی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند، بەڕێز "ڕۆحانی" لە بنەما سەرەكییەكانی كۆماری ئیسلامی لای نەداوە و لە چوارچێوەی سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامیدا هەنگاوی ناوەتەوە."

لە بەشێكی لێدوانەكەی بۆ هەواڵگری تەسنیم كە هەواڵگرییەكی نزیك لە سوپای پاسدارانە، گوتی: "وا باشتر بوو ئەوجۆرەی كات بۆ دیدارێكی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆباما ڕەت كرایەوە، بە تەلەفۆنیش قسەی لەگەڵ نەكردبایە و، پەیوەندییەكی ئەوجۆرە دەبووایە بۆ پاش دانوستانەكانەوە بێت."

ئەو لێدوانەی فەرماندەی سوپای پاسداران لە كاتێكدایە كە كەسایەتییە سیاسییەكان، نوێنەرانی پارلەمان و، شارەزایانی سیاسیی ئێران گەشتەكەی "حەسەن ڕۆحانی" بۆ نیویۆرك و، دیدار و لێدوانەكەیان بە باش هەڵسەنگاندووە.

"ڕۆحانی" لە وتووێژ لەگەڵ CNN ڕایگەیاندبوو دەسەڵاتی تەواوی بۆ دانوستانەكان هەیە و، لە كاتی پێویستدا بۆ بەرگریكردن لە مافی ڕەوای گەلی ئێران ئامادەی گفتوگۆ لە گەڵ هەر كەسێكە."

"جەعفەری" لە كۆتاییدا گوتی: "ڕەنگە حكوومەتە نوێیەكەی "ڕۆحانی" تووشی هەڵەی تاكتیكی وەكوو پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی "ڕۆحانی" لەگەڵ "ئۆباما" بێت، كەچی دەكرێ لە داهاتوودا وردبینانەتر هەڵسوكەوت بكەن و، ئەو هەڵەیەیش ڕاست بكەنەوە."

ئەمەریكا و، وڵاتانی ڕۆژئاوا زۆر لەسەر ئەوە پێداگربوونە ئەگەر كۆماری ئیسلامی بە دوای چارەسەری كێشە و قەیرانی بەرنامە ناوەكییەكەی خۆیدا بێت، ئەوا ئامادەن دانوستانەكان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بێت و، مافی ئێرانیش لە بەرنامەی ناوەكی ئاشتیخوازانەدا بپارێزرێت، كەچی "ڕۆحانی" دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران لە لایەن ئیسلامییە توندڕەوكانەوە بە تێگرتنی پێڵاو لە فڕۆكەخانەی تاران پێشوازیی لێ كرا.

هەواڵی پەیوەندیدار