پسپۆری ئاسایشی نەتەوەیی دکتۆر نەجـــــــدەت ئاکرەیی: تەقینەوەکانی پایتەخت بەدەر نییە لـە درێژکراوەی ڕووداوە تیرۆریستییەکانی سووریا و عـــــێراق

پسپۆڕی ئاسایشی نەتەوەیی دکتۆر نەجدەت ئاکرەیی، بۆ ڕۆژنامەی "هەولێر" ڕوونی کردەوە کە لە چۆنیەتیی ڕووداوی تەقینەوەکەی دوێنێی هەولێردا دەردەکەوێت کە تەقینەوەكە لە ڕووداوە تیرۆریستییەکانی سووریا و عێراق جیاناکرێنهوه.
ئەو باسی لەوە کرد کە تەقینەوەکە وێکچوونێکی زۆری تێدایە لەگەڵ ئەو تەقینەوانەی کە پێشتر لە بەردەم وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق و ناوچەی سەڵاحییە ڕووی داوە، چونکە لەوانیشدا پێشتر تەقینەوە ئەنجام دراوە و پاشان تیرۆریستان بە نارنجۆک هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکان.
ئاکرەیی جەختی کردەوە کە ئەم تەقینەوانەی لە هەولێر ڕوویان دا، ئەو ڕاستییە دەخەنە ڕوو کە تیرۆریستان لە رێگای عێراق و سووریاوە دەیانەوێت نائارامی و تیرۆر بۆ هەرێمی کوردستان بگوازنەوە.
جێگەی باسە، هەرێمی کوردستان ئارامترین شوێنی عێراق و تەنانەت ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هیچ جۆرە تەقینەوە و نائارامییەکی بە خۆیەوە نەبینیوە. جیاواز لەو تەقینەوەیەی دوێنێ، دوا تەقینەوە کە لە هەولێر ئەنجام درابێت، بۆ ساڵی 2007 دەگەڕێتەوە.
هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی چڕ لەو ماوەیەدا توانیویانە ئاسایشی هەرێم بپارێزن. بەڵام دوێنێ یەکشەممە لە بەردەم ئاسایشی گشتیی هەولێر و وەزارەتی ناوخۆ لە رێگەی چەند ئۆتۆمبێلێکی مینڕێژکراوەوە هێرش كرایە سەر ئەم دەزگا ئەمنیانە و بە هۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی و فەرمانبەری ئاسایش و پۆلیس شەهید و بریندار بوون.
ئاکرەیی پێی وایە هەر ڕووداوێکی لەم شێوەیە دەبێت لە دوو ڕوانگەی زەمەنی و شوێنەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت، لە ڕووی زەمەنییەوە ئەمە ئاشکرایە کە هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنی تێپەڕاند ئەوەی لە ئامانجی ئەم تەقینەوانەدایە لە ڕاستیدا ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئەم پرۆسە دیموکراسییەی کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە و تیرۆریستان دەیانەوێت رێگە لە گەشەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بگرن.
خوێندنەوەی ئەم پسپۆڕەی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ هەڵبژاردنی شوێنی ڕووداوەکە ئەوەیە کە ئاشکرایە دەزگای ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیاری سەرەکین لە دابینکردنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بۆیەش ئەم دەزگایانە کراونەتە ئامانجی هێرشەکان. جگە لەمە هەولێری پایتەخت بۆ هێرشەکە هەڵبژێردراوە، چونکە پایتەختی سیاسیی هەرێمی کوردستانە و مەڵبەندی پێشکەوتن و گەشانەوە و دیموکراسییە لە هەرێمی کوردستاندا.
دکتۆر نەجدەت ئاکرەیی ئاماژەی بەوەش کرد کە جێبەجێکاری ڕووداوە تیرۆریستییەکە بریتییە لە دوژمنانی پرۆسەی دیموکراسی و شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی. ئەو پێشی وایە تیرۆر شانەی خەوتووی هەیە و ناتوانرێت بەر لە لێکۆڵینەوە و دەستکەوتنی دوا زانیارییەکان وا بیر بکرێتەوە کە لایەنەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تەواوی لەم پیلانە بێئاگا بوون و لە داهاتوودا دەرەنجامی لێکۆڵینەوەی ڕووداوەکە زیاتر دەردەکەوێت، نابێت حاشا لەو راستییەش بکرێت ئەوانەی بە کردەوەی تیرۆر هەڵدەستن، خوێندنەوەی ورد دەکەن لەسەر ئەوەی کە لە چ کاتێک و لە چ شوێنێک و بە چ شێوەیەک تەقینەوە ئەنجام بدەن.
ئەم پسپۆڕەی ئاسایشی نەتەوەیی، ڕوونیشی کردەوە کە بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە، نابێت سنووری ئازادییەکانی هاووڵاتیان بەرتەسک بکرێتەوە، بەڵکو دام و دەزگاکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێویستە بە پلانی تۆکمەتر ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببنەوە و لە بەدەستهێنانی زانیاریی زیاتر پشت بە هاووڵاتیان ببەستن.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، سووریا، ئێران و عێراق ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بە شێوەیەک لە ژمارەیەک گەڕەکی نوێی هەولێر خەریکە گۆڕانکاری لە پێکهاتەی دانیشتوواندا بکرێت.
دکتۆر نەجدەت ئاکرەیی دەڵێت كە ئەم جۆراوجۆرییە لە دانیشتووانی پایتەخت، لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی هەیە. لایەنی ئەرێنی بریتییە لە بەشداری لە وەبەرهێنان و ژیانی کۆمەڵایەتی و گەشەپێدانی هەرێم. ئەو دەڵێت "بە بۆچوونی من بە هۆی ئەو سیاسەتە حەکیمانەیەی کە لە هەرێمی کوردستان بۆ پێوەندییەکان گیراوەتە بەر، بەو ئەنجامە دەگەین کە دوو شوێنی مەترسیدار هەیە ئەوانیش بریتین لە سووریا و عێراق."
ئاکرەیی جەخت دەکاتەوە کە پێداچوونەوەیەک بکرێت بۆ دیاردەی هاتوچۆی دانیشتووانی سووریا و عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، چونکە هەر دوو شوێن مەترسیدارن.
جگە لەمە هەرێمی کوردستان زیاتر سنووری لەگەڵ ناوچەی سوننە هەیە و ئاشکراشە کە لایەنی سوننە لە عێراق پەرواوێز خراون و بە نائارامترین شوێنەکانی عێراق لە قەڵەم دەدرێن.




