چاودێرانی سیاسی: پارتی لە رووی خزمەت و پرسی نەتەوەیی و پاراستنی سەروەرییەكانی نیشتمانەوە پڕۆژەی نوێی پێیە، بۆیە لە هەڵکشاندایە

بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان جگە لەوەی لە دهۆك و هەولێر رێژەی دەنگەكانی لە هەڵكشاندایە، لە سنووری گەرمیان و سلێمانیش دەنگی زیاتری بەدەست هێناوە، ئەمەیش بە گوتەی چاودێران هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خەڵكانێك بۆیان روون بووەتەوە پارتی لە رووی خزمەت و پرسی نەتەوەیی و پاراستنی سەروەرییەكانی نیشتمانەوە بە تەنگی گەلەوەیە، لە كاتێكدا زۆربەی لیستەكانی دیكەی كوردستانی رێژەی دەنگەكانیان كەمی كردووە یان بە رێژەیەكی كەم زیادی كردووە.
لە هەڵبژاردنی 2013ـی پەرلەمانی كوردستاندا بەراورد بە هەڵبژاردنی 2010ـی پەرلەمانی عێراق لەسەر ئاستی هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم، ئاستی دەنگی زۆر لایەنی سیاسی گۆڕانی بەسەردا هات، وەك دابەزینی دەنگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە 397،929 وە بۆ 323،867 دەنگ، بەرزبوونەوەی دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە 671،965 وە بۆ 719،004 دەنگ، داكشانی دەنگەكانی یەكگرتووی ئیسلامی لە 214،222 وە بۆ 178،681 دەنگ، دابەزینی دەنگەكانی كۆمەڵی ئیسلامی لە 144،996 وە بۆ 113،260 دەنگ.
ئەوەی پتر جێی باس و خواستی شەقام و ناوەندە سیاسییەكانە، دابەزینی كێرڤی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، چونكە پێشتر پارتێكی خاوەن نفوزی فراوان و دەسەڵاتدار بووە. لە ئێستادا خوێندنەوە و لێكدانەوەی جیاواز بۆ نوشستەكەی یەكێتی دەكرێ و هەڵبژاردەی جیاجیای دەخرێتە پێش، وەلێ ئەوەی گرنگە و پتر لەسەری دەوەستین، هۆكارەكانی ئەو شكستەیە.
چاودێری سیاسی محەممەد قەرەداخی پێیوایە ئەوەی بووە هۆی كەمبوونەوەی دەنگەكانی یەكێتی، گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست بوو بە تایبەت لە سەردەمی پارێزگار دانا ئەحمەد مەجید، كە تەواوی جومگە ئیداری و ئۆرگانییەكانی ناوچەی سلێمانی گرتبووەوە، بۆیە دانیشتووانی سنوورەكە لە چاككردنەوە و نەهێشتنی گرفتەكان بێئومێد بوون و دەنگیان نەدایە.
خەلیل عەبدوڵڵای چاودێری سیاسی لە ئاست ئەنجامی دەنگەكانی یەكێتی دێتە گۆ "راستە ئەم ئەنجامە شایستەی یەكێتی نییە، بەڵام زۆر هۆكاری خۆیەتی و بابەتی ئەم ئەنجامەی خوڵقاندووە."
لەدەستدانی متمانەی خەڵك
ئەگەر هۆكارەكانی شكستەكەی یەكێتی خراپ ئیدارەدانی ناوچەكەی بێت، ئەوا دابەزینی دەنگی ئیسلامی سیاسیی كوردستان بە بۆچوونی چاودێرانی سیاسی هۆكارەكەی كەمبوونەوەی ماتمانەی خەڵكە بەو پارتانە، چونكە متمانەی نیشتمانییان لە دەست داوە و جەماوەری كوردستان لەوە حاڵی بووە كە ئەوان كار بۆ پرسی نەتەوەیی كورد و نیشتمانەكەیان ناكەن، بەڵكو پاشكۆی ئەحزابی ئیسلامیی وڵاتانی عەرەبی و دەرەكین، ئەمەیش لەگەڵ سایكۆلۆژیای تاكی كورددا ناگونجێ، چونكە تاكی كورد كانیاوی نەتەوەیی لە ناخیدا قووڵپ دەدات.
جیهان ئەزموونە یەك ساڵەكەی ئیخوانیان بینی
مامۆستای زانكۆ ئەمیر زەندی دەڵێ "كۆمەڵ و یەكگرتوو مۆدێلی سیاسییان بەسەر چوو، چیتر خەڵك بڕوا بە ئەجێندای ئیسلامی سیاسی ناكات، رێبەری هەموو ئەحزابی ئیسلامی دنیا ئیخوانی میسر بوو، هەموو جیهان ئەزموونە یەك ساڵەكەی ئیخوانیان بینی كە دەیویست ژیان بۆ تاریكی بگەڕێنێتەوە، هەر ئەمە بوو كە متمانەی خەڵكی گەرمیان و چەند شوێنێكی دیكەی بە ئیسلامییەكان لەق كرد و بە رێژەیەكی كەمتر لە رابردوو دەنگیان بە یەكگرتوو و كۆمەڵ بەخشی.
پارتی لە هەڵكشاندایە
بە پێچەوانەی یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان سەرباری ئەوەی لە سنووری هەولێر و دهۆك بە دەنگێكی زۆرەوە لە ململانێی هەڵبژاردن هاتە دەرێ، لە سنووری سلێمانی و گەرمیانیش رێژەی دەنگەكانی بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو هەڵكشاوە، ئەمەیش بە رای چاودێران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە پڕۆژەی نوێ دێنێتە پێش و خزمەتێكی زۆری بە خەڵكی كوردستان گەیاندووە، هەروەها هەمیشە تاكە داكۆكیكەری پرسی نەتەوەیی كوردە و هەڵگری خەونی سەربەخۆیی كوردستانە.
چاودێری سیاسی كۆسار جەلال، خەونی سەربەخۆیی كوردستان بە خەونی هەموو تاكێكی كوردستان دەزانێ و دەڵێ "پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە هەڵگری ئەو خەونە بووە، ئێستایش ماوەی چەند ساڵێكە جەماوەری كوردستان هەست دەكەن پارتی لە پڕۆژەی بەرەو سەربەخۆیی كوردستان زۆر هەنگاوی ناوە، بۆیە پارتی بووە بە جێی ئومێدی خەڵك، جگە لەوەی پڕۆژە خزمەتگوزاری و مرۆییەكانی پارتی بەرچاون."
شایەنی ئاماژەبۆكردنە، هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی كوردستان گۆڕانكاری لە قورسایی پێگەی جەماوەری لایەنە سیاسییەكاندا دروست كرد، بە جۆریەك پارتی دیموكراتی كوردستان لە پلەی یەكەمی ریزبەندی پارتە سیاسییەكاندایە و بزووتنەوەی گۆڕان لە پلەی دووەمدا و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە پلەی سێیەمدا و یەكگرتووی ئیسلامی لە پلەی چوارەمدا و كۆمەڵی ئیسلامی لە پلەی پێنجەمدایە.




