شەڕی عێراق و ئەفغانستان بۆ ئەمەریكا 6 ترلیۆنی تێچووە

پەیمانگای كەنەدی زانكۆی هاروارد بەراوردی كرد شەڕی 10 ساڵەی ئەمەریكا لە ئەفغانستان و عێراقدا لە كۆتاییدا 6 ترلیۆن دۆلاری تێدەچێ و، ئەو بڕە پارەیە یەكسانە لەگەڵ 75 هەزار دۆلار بۆ هەر بنەماڵەیەكی ئەمەریكا.
كاتێك كە لۆرنس لیندسی، بەڕێوبەری ئەنجوومەنی ئابووریی نەتەوەیی "جۆرج بۆش"، سەركۆماری پێشووی ئەمەریكا بە ڕۆژنامەی وال ئستریت ژۆرنالی ڕایگەیاندبوو، شەڕی عێراق 100 تا 200 هەزار دۆلاری تێدەچێ،
ڕەخنەیەكی زۆری لێ گیرا كە پێیان وابوو ئەم بڕە پارەیە تەنیا بانگەشەیەكە بۆ پاشەكشە لە بڕیاری شەڕ لە گەڵ عێراقدا. هەر بۆیەیش ئەو ناچار بوو واز لە پۆستەكەی بێنێت. حكوومەتەكەی بۆش ئەو كات ڕایگەیاندبوو لە ڕێگەی نەفتی عێراقەوە تێچووی ئەو شەڕە قەرەبوو دەكاتەوە، بەڵام واشنتۆن ناچار بوو بۆ بەردەوامبوون لەو دوو شەڕەدا قەرزێكی دوو ترلیۆن دۆلاری وەربگرێت.
بەشی زۆری ئەو شەش ترلیۆن دۆلارە بۆ دەرمان و چارەسەركردنی سەدان هەزار سەرباز بووە، كە لەو دوو شەڕەدا تووشی زامی دەروونی و جەستەیی بوونە.
زانكۆی هاروارد لە ڕاپۆرتی ساڵی 2013ی خۆیدا ڕایگەیاند: "شەڕەكانی عێراق و ئەفغانستان لە مێژووی ئەمەریكادا لە ڕووی تێچووی پارە لە وێنەی نەبووە و، بە شێوەی گشتی چوار تا شەش ملیار ترلیۆن دۆلاری تێ دەچێ.
ئەم پارەیە دەوا و دەرمان، قەرەبووكردنەوەی سەربازەكان لە ڕووی جەستەییەوە و، چەكیش دەگرێتەوە. بەشێكی زۆری ئەو پارەیە بۆ گواستنەوەی سەرباز و چەك خەرج كراوە. لە كاتێكدا ئەمەریكا وا خەریكی دانەوەی قەرزە ترلیۆنییەكانێتی،
حكوومەتی ئەمەریكا نەیتوانیوە باجی دەوڵەمەندەكانی ئەمەریكا كەم بكاتەوە و تووشی گرفتی ئابووری بووە. لە لایەكی دیكەیشەوە بۆ جێگرتنەوەی چەكی ئەو دوو شەڕە پێویستی بە پارەیەكی زۆر هەیە.
نووسەرانی ئەو ڕاپۆرتە لە زانكۆی هاروارد هۆشداریان داوە كە میراتی ئەو بڕیارە نابەجێیانە لە شەڕەكانی عێراق و ئەفغانستاندا بۆجەكانی دادێی فیدڕالیان بۆ چەند دەیە خستووەتە ژێر كاریگەری.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: لە هەر دوو سەربازی ناو شەڕەكانی عێراق و ئەفغانستاندا یەكێكیان سەبارەت بە زامی دەروونی یان جەستەیی لە لایەن حكوومەتەوە قەرەبوو دەكرێتەوە. لە هەر سێ سەربازی ئەو شەڕانە یەكێكیان تووشی نەخۆشی دەروونی بووە.
لە كاتێكدا حكوومەتی ئەمەریكا تا ئێستا 134 ملیار دۆلاری بۆ دەرمان و چارەسەری سەربازانی بریندار و زامداری جەستەیی و دەروونی ناو ئەو دوو شەڕە تەرخان كردووە، بەڵام ئەم بڕە پارەیە ڕەنگە تا چەند ساڵی دادێ بۆ 836 ملیار دۆلار بەرز بێتەوە




