٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

سه‌رچاوه‌کانی كۆمسیۆن: سكاڵاكان كاریگەریی جددییان له‌سه‌ر پرۆسه‌که ‌و ئه‌نجامه‌کانی نابێت

سەرچاوە: Hewler

دوای ئەوەی بەشێك لە كادیرانی هەندێك لایەنی سیاسی گومانیان خستە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆن ڕایگەیاند كە ئەوەی باس دەكرێت لە ڕاستییەوە دوورە و هیچ پێشێلكارییەك رووی نەداوە كە كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان هەبێت.

كارەكانی كۆمسیۆن بە باشی بەڕێوە دەچن
شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە گرژی لەسەر زاری هەندێك راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن بڵاو كرایەوە كە هێرش كراوەتە سەر بنكەیەكی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە سلێمانی و شەڕەتەقەش رووی داوە. هاوكات لەگەڵ ئەو رووداوەدا هەندێك كادیری بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان باسیان لە تەزویر و پێشێلكاری كرد، كە گوایە كاریگەری لەسەر ئەنجامەكان هەبووە و بەمشێوەیە گومانیان خستە سەر كۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە، بەڵام بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەندرێن محەمەد، بە "هەولێر"ـی گوت كە هەموو كارەكانی كۆمسیۆن بە ڕێكوپێكی بەڕێوە دەچن و ئەمجارەشیان كۆمسیۆن ناوەندێكی تایبەتی بۆ وردبینی هەیە و دواتر كۆی ئەنجامەكان بەپێی دەنگی بنكەكان لە ماڵپەری كۆمسیۆن بڵاو دەكرێتەوە. سەبارەت بە رووداوەكەی سلێمانیش هەندرێن محەمەد جەختی كردەوە كە نوێنەرانی كۆمسیۆن بە زووترین كات چوونەتە سلێمانی و لە بارودۆخەكە ورد بوونەتەوە. ئەو گوتیشی هەر كەس و لایەنێك دەستدرێژی بكاتە سەر كار و كەلوپەلەكانی كۆمسیۆن، بە شێوەیەكی توند سزای یاسایی دەدرێت.

هیچ شتێكی نەشاز ڕووی نەداوە
هاوكات لەلایەكی دیكەیشەوە سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان عەلی قادر بە "هەولێر" گوت كە ئەوان لە بەغدا سەرقاڵی كاری وردبینین و زانیارییەكانی هەڵبژاردن لێك دەدەنەوە و زانیارییەكانیش دەخەنە ناوەندی نیشتمانی بۆ زانیارییەكان. ئاشكرایشی كرد كە تاكوو ئێستا 950 فۆڕمی دەنگدان كە هەریەكەیان هیی بنكەیەكی دەنگدانە، داخڵی ناوەندی نیشتمانی بۆ زانیارییەكان كراوە.

بە گوتەی عەلی قادر هیچ شتێكی نەشاز كە كاریگەری لەسەر كۆی پرۆسەی هەڵبژاردن هەبێت، رووی نەداوە و ئەو ئەوەی باس دەكرێت، لە ڕاستییەوە دوورە. ڕوونیشی كردەوە كە بە گوتەی رێكخراوە جیهانی و ناوخۆییەكان و بەپێی قبووڵكردنی سەرەتایی هێزە سیاسییەكانی ناو ركابەرییەكەیش، هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو بووە و ئەوەی ئێستایش باس دەكرێت، هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت.

بە رای سەرۆكی دەستەی هەڵبژاردن كۆمسیۆن بە بێلایەنی 100% ئاگاداری دۆخەكەیە.

سكاڵاكان كاریگەرییان لەسەر پرۆسەكە نابێت
لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەندرێن محەمەد ئاشكرای كرد كە هیچ كێشەیەك كە كاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبێت، تۆمار نەكراوە. سەبارەت بە سكاڵاكانیش ڕوونی كردەوە كە كۆمسیۆن بەدواداچوون بۆ سكاڵاكان دەكات، بەڵام ئەو سكاڵایانەی تۆمار كراون كاریگەرییان لەسەر كۆی پرۆسەكە نابێت.

پرۆسەیەكی سەركەوتووە
لە لایەكی دیكەوە، ڕاگری كۆلێژی یاسا و رامیاری لە زانكۆی سلێمانی دكتۆر مارف عومەر گوڵ، پێیوایە كە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە و ئەو راپۆرتانەش كە باسی پرۆسەكەیان كردووە، نیشانی دەدەن كە ئەو پرۆسەیە پرۆسەیەكی سەركەوتووە و باش بەڕێوە چووە.

ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێت كە لایەنە سیاسییەكان لە راگەیاندنی ئەنجامەكان پەلەیان كرد و نەیانتوانی چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامەكان لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە بكەن، چونكە ئەو ئەنجامە بەرایییانە فەرمی نین و جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەنجامی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكاندا.

جێگەی دڵخۆشییە كە هەرێم زۆر باش دۆخەكەی تێپەڕاند
قوتابیی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەددین ڕێكار مەلاحەسەن دەڵێت "ئەگەرچی هەرێمی كوردستان مێژوویەكی دوورودرێژی نییە لەگەڵ هەلبژاردن و ئەزموونكردنی ئەم شاپرۆسەیەدا، بەڵام جێگەی دڵخۆشییە كە ئەمڕۆ لە بەردەم پرۆسەیەكی گرنگی وەكو هەڵبژاردندا بوو و بە شێوەیەكی زۆر باش دۆخەكەی تێپەڕاند."

دكتۆر مارف هەروەها ڕوونی كردەوە "بەڕێوەچوونی پرۆسەكە سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ كورد و بۆ ئەزموونی كورد لە حكومڕانی و هەڵبژاردن لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتیشدا."

ڕێكار مەلاحەسەن پێیوایە كە لە هیچ وڵاتێكی دیموكراسیشدا و ئەوانەی كە كرۆكی دیموكراسی جێبەجێ دەكەن، هیچ هەڵبژاردنێكیان بە بێ كێشە و گرفت تێپەڕ نەكردووە و ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پرۆسەی هەڵبژاردن لەناو سیستەمی دیموكراسیدا دەرنجامی گەورەی دەبێت و لێكەوتەی زۆری لێ دەكەوێتەوە و نەخشەی سیاسی دەگۆڕێت و تاكە پرۆسەیە كە دەتوانێت هێزە بچووك و گەورەكان دەستنیشان بكات.

ئەو قوتابیەی زانكۆ دەڵێت "دەبێت لایەنە سیاسییەكان ئەوە باش بزانن كە هەر كاتێك گەل قسەی كرد، دەبێت تەواوی مەرجەعەكانی دیكە رابگیرێن و گوێ بۆ گەل رابگیرێت و گوێگرتنیش لە رای زۆرینە لەم وڵاتەی ئێمەدا، ئومێدبەخشە."

لە دهۆك كەمترین سكاڵا تۆمار كراوە
هاوكات بەرپرسی ئۆفیسی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دەڵێت، لە دهۆك كەمترین سكاڵا تۆمار كراوە و هیچ كام لە سكاڵاكان كاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن و سندوقەكانی دەنگدان نابێت، هەندێك سندوق هەبووە هێڵی سووری لەسەر بووە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە دەنگەكانی ئەو سندوقانە هەژمار نەكراون، بەڵكوو لێكۆڵینەوە كراوە و لە هێڵی سوور دەرباز بوون دواتر دەنگەكان هەژمار كران.

سەربەست موفتی بە ڕۆژنامەی "هەولێر"ـی گوت "تا ئێستا هیچ لایەنێك تانەی لە ئەنجام و سندوقەكانی دهۆك نەداوە، دوێنێ سێشەممەش كارەمانمان هەموو تەواو بوو كە 3 بنكە دانرابوون بۆ لێكجیاكردنەوەی دەنگەكان و بچووكترین كێشەش نەهاتووەتە پێش.

سەربەست ئاشكراشی كرد كە پاش تەواوبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن هەموو لایەنەكان و چاودێرانی بیانییش ڕایانگەیاند كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و بێگەرد بەڕێوە چووە.

ئەو هەروەها ئاشكراشی كرد كە لە كۆی 50%ـی ئەو دەنگانەی كە دەنگی تایبەت بوون و لێك جیا كراونەتەوە، لە پارێزگای دهۆك پارتی 9 هەزار و 62 دەنگی بە دەست هێناوە و بە ڕێژەیەكی زۆر لە پێش لیستەكانی ترە. ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانیش لەسەر ئاستی هەرێم بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دەست ئێمە گەیشتووە، شەممەی داهاتوو ڕادەگەیەندرێت.

ڕۆژی 21ـی ئەیلوولی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو و چاودێرانی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش پێیان وایە هەرێم بە ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە، سەلماندی كە هەنگاوی زۆر باشی بەرەو لوتكەی دیموكراسی ناوە و پێكهێنانی حكوومەتێكی ئەكتیڤ و چالاكیش، هەرێمی كوردستان دەخاتە قۆناغێكی نوێوە

هەواڵی پەیوەندیدار