٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

کۆمسیۆن و لایەنەکان میکانیزمێکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی سلێمانی دیاری کرد

سەرچاوە: Hewler

شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە دوای ئەوەی ژمارەیەک چەکدار بە گوتەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن هەڵیانکوتایە سەر بنکەیەکی ژماردنی دەنگەکانی سەر بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە سلێمانی پشێوی كەوتەوە.

دوای ئەم ڕووداوەش هەر یەک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن سکاڵای ئەوەیان لای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تۆمار کرد سەبارەت بەوەی کە لایەنێکی سیاسی دەستکاریی ئەنجامی هەڵبژاردنی کردووە لە پارێزگای سلێمانی‌.

دوای ڕووداوەکە کۆمسیۆن بڕیاری داخستنی بنکەی هەڵبژاردنی دا و پرۆسەی ژماردنی دەنگەکانی ڕاگرت بۆ ئەوەی رێوشوێنێک بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە بدۆزێتەوە.

دوێنێ سێشەممە بەڕێوەبەری گشتیی هەڵبژاردنەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی هاوڕێ تۆفیق، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە پێداچوونەوە بە سەرجەم فۆڕمەكاندا دەکرێت و هاووڵاتیان لە هەر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی دڵنیا دەکەنەوە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ هەر یەک لە لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن کە بریتی بوون لە یەکەم: فۆڕمی 704 كە ئەنجامی هەڵبژاردنە و لە بنکەکە وردبینی بۆ دەکرا بڕیار درا لە یەکەم فۆرم و لە یەکەم ڕۆژەوە دووبارە وردبینی بۆ ئەنجام بدرێت و ئەگەر لەگەڵ دەرەنجامی یەکەم نەگونجا سکاڵای یاسایی تۆمار بکرێت و ئەگەر هاتو دەستکاریی دەنگەکان کرابوو، ئەوا مافەکان بۆ لایەنی مافخوراو دەگەڕێندرێتەوە.

دووەم: ئەگەر لایەنێک گومانی لە کارمەندەکانی کۆمسیۆن هەبوو بەوەی کە لایەنگرییان بۆ لایەنێک کردووە و دەستێوەردانێکی دەرەکی لەئارادا بووە، ئەوا کارمەندەکە سزا دەرێت.

سێیەم: هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن هەماهەنگی لەگەڵ یەكتردا دەكەن و نوێنەرێك بۆ خۆیان دیاری دەكەن، ئەگەر دەركەوت گومانیان لەسەر هەر كارمەندێك هەیە بەدواداچوونی بۆ دەکەن و رێوشوێنی یاسایی لە دژی دەگرنە بەر.

چوارەم خاڵ کە کۆمسیۆن و لایەنەکان لەسەری رێککەوتن، بریتی بوو لەوەی کە ئاسایشی بنکەکان تەنها لە لایەن هێزەکانی پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆوە بپارێزرێن.

بەڕێوەبەری گشتیی هەڵبژاردنەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی جەختیشی کردەوە کە بنکەکانیان سەرەڕای ئەوەی کە لە دوای 12ی شەو دادەخرێن و زیاتر لە 20 كامێرای چاودێری بە بەردەوامی كار دەكەن، بەڵام بۆ مەبەستی بێگەردیی پرۆسەکە بڕیاریان دا لایەنەکان هەرکامێکیان نوێنەرێك دەستنیشان بکەن بۆ ئەوەی دوای 12ی شەو هەر لە بنکەکە بخەون بۆ ئەوەی لە چوونەژوورەوەی هەر کەسێکی دیکە دڵنیا بن. هەروەها لە رێکەوتنەکە ژمارەی نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان لە دوو نوێنەرەوە بۆ هەشت نوێنەر زیاد کرا.

جێگەی باسە، پێشتر کۆمسیۆن ڕایگەیاندبوو کە 26ی مانگ کە دەکاتە سبەی پێنجشەممە، ئەنجامەکان بە شێوەی فەرمی ڕابگەیەنێت، بەڵام دوای ئەم ڕووداوە پێدەچێت ئەنجامەکان بۆ چەند ڕۆژێک دوا بخرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار