٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

هاوپەیمانیەتی چاودێرانی ناوخۆیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان راپۆرتی خۆیان بڵاوكردەوە

سەرچاوە: Xebat

هاوپەیمانیەتی چاودێری ناوخۆیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی عێراق 2013 كە پێكهاتووە لە تۆڕی نەوەكانی ئاشتی و رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت و دەزگای سمارت بۆ میدیا و گەشەپێدانی یاسا كە نوێنەرایەتی 56 رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی ناوخۆ دەكەن و چاودێری رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیان كردووە لەرێگای چاودێرەكانیان و لەمیانەی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر ئەنجامی چاودێریكردنەكانیان لەهەردوو رۆژی هەڵبژاردن ئاشكرا كرد. لەسەرەتای كۆنگرەكەدا چیمەن ساڵح بەرپرسی دەزگای سمارت بۆ گەشەپێدانی میدیا و یاسا بەشێكی راپۆرتی هاوپەیمانیەتی چاودێرانی ناوخۆیی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەهەردوو رۆژی تایبەت و گشتی پێشكەشكرد و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بەگشتی پرۆسەی دەنگدان بەشێوازێكی رێكوپێك بەڕێوەچووە بەڵام لەمیانی رێكارەكانیان هەندێ بەربەستی بەرچاو هاتۆتە بەردەمیان و گوتیشی: هاوپەیمانیەتیەكە بڵاوەی بە 50 چاودێر كرد لە 50 وێستگەی دەنگدان ئەو چاودێرانەشمان راپۆرتی خۆیان ئامادەكردووە سەبارەت بە كارنەكردنی ژمارەیەم لە مۆرە ئەلیكترۆنیەكان كە بووە هۆی دواكەوتنی و ئاڵۆزكردنی پرۆسەكە، هەروەها بەكارهێنانی مۆرەكە بەشێوەیەكی نادروست بۆتە هۆی لەكاركەوتنی چەندین مۆری ئەلیكترۆنی لە وێستگەكانی دەنگدان. ناوبراو زیاتر درێژەی بە خستنەڕووی ناوەڕۆكی راپۆرتی هاوپەیمانیەتی چاودێرە ناوخۆییەكانی هەڵبژاردن دا و وتی: چاودێرانی هاوپەیمانیەتیەكە تێبینی نادروستیان كردووە لە تۆماری دەنگدەران كە بووە هۆی ئەوەی چەندین دەنگدەر بێ بەش بێت لە مافی دەنگدان، گرنگە ئاماژە بۆ ئەوەش بكرێت كە چەندین دەنگدەر سەردانی وێستگەی هەڵەیان كردبوو، بۆیە نەیانتوانی ناوەكانیان بدۆزنەوە لە تۆماری دەنگدەران.

لەلایەن خۆشیەوەو هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا یونس حەمەساڵح لە رێكخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت كە بەشداربووە لە هاوپەیمانیەتیەكە بەشێكی راپۆرتەكەی پێشكەش كرد و گوتی: سەرەڕای ئەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ماوەی بێدەنگی قەدەغەكراوە بە یاسا 48 كاتژمێر پێش رۆژی دەنگدان هەندێك لە قەوارە سیاسیەكان بەردەوام بوون لە بانگەشەی هەڵبژاردن.

هەر لەمیانەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا ناوبراو بەنوێنەرایەتی رێكخراوە بەشداربووەكانی هاوپەیمانیەتیەكە داتایەكی تایبەت بەخۆیانی ئاشكرا كرد سەبارەت بەرێژەی دەنگی قەوارە سیاسیەكان لەرۆژی دەنگدانی گشتی بەپشت بەستن بە بەرنامەیPVT كە شێوازێكی بیركاریەو ئاماری زانستیە. لەلایەن خۆشیەوە بەختیار نامق بەشداربووی هاوپەیمانیەتیی چاودێرانی ناوخۆی هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی كوردستان لەمیانەی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا گوتی: لەرۆژی دەنگدانی گشتی هەشت كارمەند بەتەواوی بەدواداچوونیان كرد بۆ پێنج كەناڵی تەلەفزیۆنی لەكاتی بەدواداچوون بۆ ئەو كەناڵانە 117 پێشێلكاری لەماوەی بێدەنگی میدیا تێبینی كرا كە دابەش دەكرێت بەسەر پێنج بواری جیا ئەوانیش بریتین لە:

هەبوونی هەڵمەتی هەڵبژاردن راستەوخۆ %29

پەخشی ناڕاستەوخۆی هەڵبژاردن %15

وتار و چاوپێكەوتن لەگەڵ بەرپرسانی قەوارە سیاسیەكان %14

روماڵكردنێكی بەرچاوی بەرپرسانی قەوارە سیاسیەكان لەكاتی دەنگدان%20

روومالكردنێكی نێگەتیڤانەی لایەنەكانی دیكە %22

ناوبراو وتیشی: بەپشت بەستن بە ئەو زانیاریانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین لە هەڵسەنگاندماندا بۆ ئەو كەناڵانە ئەوەیە كە بەتەواوی پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی ماوەی بێدەنگی میدیا.

هەواڵی پەیوەندیدار