٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

علی حسێن: پشت ئەستوورین بە خەڵكی هەولێر و گوێ بە پروپاگاندەی بێ بنەما نادەین

سەرچاوە: Hewler

دیمانە: شێرزاد عەبدولڕەحمان

سەبارەت بە ئامادەباشی و، خۆسازدان بۆ پشكداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردن و سەركەوتنی ئەو پرۆسەیەو متمانەبوونی تەواو بە سەركەوتنی لیستی (110) لەو پرۆسەیە و ڕەتكردنەوەی ئەو پرۆپاگەندانەی كە دەخرێتە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پشێوی، پەرپرسی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی ڕوونكردەوە كە پارتی خۆی بە بەشێكی زیندوو لە خواست و ئاواتی خەڵكی كوردستان دەزانێت، هەمیشە كار بۆ ئەوەدەكات كە ببێتە فاكتەرێكی زیندوو بۆ چەسپاندنی یاسا، سەروەریی و بەردەوامبوونی دەستی بیناكاری كە لەژێر سیبەری حوكمڕانی پارتی گەیشتووەتە ئەوپەڕی سنووری كوردستان

عەلی حوسێن بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (هەولێر)ـی ڕاگەیاند:" ئێمەی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی 67 ساڵ ئەزموون، شەڕەفمەندین كە قوتابخانەی كوردایەتین، لەم پێناوەشدا هەزاران شەهید و قوربانییمان داوە، ناكرێ ئەم مێژووە پڕشنگدارە فەرامۆش بكرێت كە بووە بە داینەمۆ و دروستبوونی ئەمڕۆی كوردستان، دۆست و دوژمن شایەتحاڵن لەوەی كە پارتی بە چ عەقڵێكی كراوە كاری جیددی بۆ خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستان كردووە."

كولتووری هەولێر
بەرپرسی لقی 2 لە وەڵامی پرسیارەكانی (هەولێر) سەبارەت بە خۆشەویستی هەولێر بۆ پارتی و بارزانی و دووركەوتنەوەی ئاژاوەگێڕی، ئەوەی ڕوونكردەوە، كە هەموو دنیا دەزانێت، كە هەولێر واتە ڕۆحی لێبووردەیی و مرۆڤایەتی، بۆیە لەوەتەی هەولێر هەیە خاوەن كولتوورێكی پڕ لە سۆزی كوردایەتی بووە، دوور بووە لە توندوتیژیی، هەمیشە خەڵكی ئەوشارە ئەمەكداربوون بەرانبەر بە پارتی، كە توانیویەتی ئاسوودەیی و ژیانی ڕۆژانەی پڕ لە ئارامیان بۆ فەراهم بكات، ئەگەر لەم پڕۆسەیەدا هەندێك كەس لە پەنای خەڵكی هەولێرەوە بیانەوێ ئاژاوە بگێڕن، بە دڵنیاییەوە دەبێ بڵێن، ئەوانە كەسانێكن نامۆن بە كولتووریی هەولێر و مێژووە دێرینەكەی.

هەستكردن بە مەسئوولیەت
بەڵام، سەبارەت بە هەندێك دروشمی لابەلا و پڕۆپاگاندەی برینداركەر، (عەلی حوسێن) ئەوەی ڕوونكردەوە كە هەڵبژاردن پڕۆسەیەكی پڕ لە دیموكراسیە، هەموو كەس و لایەنێك بۆی هەیە كە بەشداری لەم پڕۆسەدا بكات، دیارە خەڵكیش سەربەستە لەوەی دەنگ بە كێ دەدات، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە كە هەندێك كەسی نا مەسئوول بیانەوێ بە باڵۆن و تاپڕ شەوانە ببنە مایەی نیگەرانیی خەڵكی هەولێر، كە ئەوانەش لە لایەن دەزگاكانی پۆلیسەوە دەست نیشانكراون، نەك ئێمە، دیارە ئەم هەڵسوكەوتەش مایەی نیگەرانیی خەڵكی هەولێرە، كە زۆر ڕۆح پاكن، هەمیشە ئەوە ڕەتدەكەنەوە كە پڕۆسەكە ببێتە قوربانیی ئەو هەڵسوكەوتە نا مەسئوولانە كە لە چەمكی دیموكراسیەت دوورە.

مێژووی سەرەوەریی
(عەلی حوسێن) بە دڵنیاییەكی زۆرەوە دەڕوانێتە ڕۆژی هەڵبژاردن و ئەوەی دووپاتكردەوە كە مێژووی 67 ساڵی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێمان دەڵێت:" مێژووی پڕ سەروەری شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان،پشتیوانییەكی زۆر گەورەیە بۆ دەنگدان بە لیستی 110، كە لیستی مێژووی پڕ سەروەری پارتییە، كە لە كانگای قووڵی مێژوو چەكەرەی كردووە، نەك دروشمی بریقەدار كە بەهیچ شێوەیەك لە ڕەوتی مێژوو ناگۆڕێت، بۆیە ئەگەر بڕوانینە هەڵبژاردنەكانی پێشووتر كەس خێری بە پارتی نەكردووە كە سەركەوتنی گەورەی بەدەستهێناوەو توانیویەتی لەم چەند ساڵەدا نموونەیەكی جوان لە حوكمڕانی دروست بكات، كە دۆست و دوژمن شایەدی ئەو دەستكەوتانەیە، كە لە هەموو لایەكی ژیانی ئابووریی، تەندروستی و ئاوەدانی ڕەنگی داوەتەوە."

بڕوامان بەهێزە
بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، جەختی لەوە كردەوە كە ئێمە وەك لقی 2ـی پارتی دیموكراتی كوردستان جگە لە ئەركە پیرۆزەكانی خۆمان هەماهەنگی تەواوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانمان كردووە لە هەموو ئەو پڕۆسانەی كە پێوەندیان بە خەڵكەوە هەیە، تەنانەت پردی متمانەمان لە نێوان دەوڵەمەند و هەژاردا دروستكردووە، هانمان داون كە بە دەنگ هەژارانەوە بێن، لەوانەش لە پڕۆسەكانی هاوسەرگیری، دابەشكردنی خانوو بەسەر كەمدەرامەتان و دەیان دەسكەوتی دیكە، تیایدا لقی 2 هەوڵی داوە كە ببێتە لایەنێكی زیندوو بۆ هاوكاری هاووڵاتیان و دەرگای خۆشی واڵاكردووە بۆ گوێگرتن لە كەماسی و سكاڵای هاووڵاتیان و داخوازییەكانیان.

بە كاركردن وەڵامی پڕۆپاگاندە دەدەینەوە
لە كۆتاییدا، بەرپرسی لقی 2ـی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەوەی دەربڕی كە ئێستا سەردەمی هەڵبژاردنە و پێویستە هەموو لایەك بە ڕۆحێكی پڕ مەسئوولیەت مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە بكەن، كە نموونەیەكی زیندووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدڵنیاییەوەش دەڵێم، پارتی ئەمجارە كورسی زیاتر لە جاران دێنێت، چونكە لەم چەند ساڵەدا هەنگاوی جیدی ناوە بۆ ئاوەدانی كوردستان، خەڵكیش بە چاوی خۆی ئەوە دەبینێت كە سەرۆك (بارزانی) و پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان چییان پێشكەش بە خەڵكی كوردستان كردووە، بێگومان بە كردەوە نەك بە قسەی ڕووت، كە بووەتە پیشەی هەندێك لایەن

هەواڵی پەیوەندیدار