هەرێمی کوردستان نموونەی ئاسایش و دیموکراسییه لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

ئا:سلێمان تاشان
ئەم چەند رۆژە بانگەشەی هەڵبژاردن لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەوپەڕی گەرمیدایە. لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستاندا هەزار و 138 کاندید و 31 قەوارەی سیاسی لە حیزبی و سەربەخۆ، ئیسلامی و عەلمانی، سۆسیالیست و ناسیۆنالیست و سەرجەم ڕەنگ و بۆچوونەکان لە پێناو بەدەستهێنانی 111 کورسیی پەرلەمانی کوردستان ڕکابەریی یەکتر دەکەن.
چوارشەممەی داهاتوو کۆتایی بە بانگەشەی هەڵبژاردن دێت و ڕۆژی شەممە 21ـی مانگیش هەڵبژاردنەکە لە هەر سێ پارێزگای هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێمی کورستان لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرژی و نائارامییەکی تەواو بە خۆیەوە دەبینێت. لە سووریا ململانێ بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵات لە رێگەی چەک و رشتنی خوێن و کیمیابارانکردن ئەنجام دەدرێت.
ئەمڕۆ لە عێراقی ئازادکراودا کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو وڵاتە، ڕۆژ نییە تەقینەوە لە سووچێکی ئەم وڵاتە ئەنجام نەدرێت، لە شار و شارۆچکەکان هەر سەر لە ئێوارەوە دووکان و بازاڕەکان دادەخرێن و جموجۆڵی هاووڵاتیان سنووردار دەکرێت، لە کاتێکدا لە هەرێمی ئارامی کوردستان خەڵک تا نیوەشەو زەماوەندی بانگەشە دەگێڕێت.
ئەو دەستکەوتانەی کە ئێستا خەڵکی هەرێمی کوردستان سوودی لێوەردەگرن، بەرهەمی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان و خوێنی شەهیدانە، دەستکەوتێک کە خەڵکی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە وەکوو ئاواتێک سەیری دەکەن.
کۆلکەزێڕینەی دیموکراسی
ڕەنگەکانی زەرد، سەوز، نیلی، قاوەیی و پرتەقاڵی و سەرجەم ڕەنگەکانی دیکە ئەم ڕۆژانە شەقام و کۆڵان و داروبەردی کوردستانیان ڕازاندووەتەوە، ئەوان بە یەکەوە کۆلکەزێڕینەیەكیان پێکهێناوە.
دوای ئەوەی لە 28ـی مانگی ڕابردوو بە شێوەیەکی فەرمی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن کرا، هەریەک لە لایەن و قەوارە سیاسییەکان کەوتنە ململانێی یەکتر بۆ ئەوەی پیشانی خەڵكی بدەن کە بەرنامەی کاری ئەوان بۆ پەرلەمانی داهاتوو باشترە لە لایەنەکانی دیکە، ئەمەش جێبەجێکردنی یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی دیموکراسییە، چونکە لە کۆتادا ئەوە خەڵکە کە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە کێ ئیدارەی وڵات بکات، کێ رێکخستن بۆ ژیانی ئیداری، ئابووری، تەندروستی، خزمەتگوزاری، پەروەردە و ئاسایشی وڵات بکات.
ئەم هەڵبژاردنە بە پێچەوانەی سەرجەم ئەو هەڵبژاردنانەی کە لە ڕابردوودا ئەنجام دراون، هیچ ئیئتیلافێکی نێوان حیزبەکان لە خۆ ناگرێت و سەرجەمیان بە تەنیا بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە، لە کاتێکدا بە گوێرەی پێشبینییەکان حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان بە بێ ئیتیلاف دانامەزرێت، چونکە هیچ حیزب و قەوارەیەک نییە بتوانێت زیاتر لە 50%ـی دەنگەکان دەستەبەر بکات.
سەرجەم نەتەوە و پێکهاتە ئایینییەکان بەشدارن
هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان تەنها تایبەت نییە بە زاڵکردنی نەتەوەیەکی دیاریکراو، بەڵکوو سەرجەم نەتەوە و پێکهاتە ئایینییەکان لە پەرلەمانی کوردستان پشکیان هەیە.
لەم 111 کورسییەی پەرلەمان 11 کورسی بۆ کۆتا دیاری کراوە، لەو ژمارەیەش پێنج کورسی تایبەتە بۆ تورکمانەکانی هەرێم. لە نێو حیزبە تورکمانەکان 20 کاندید کێبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی پێنج کورسییەکە دەکەن. بۆ پێنج کورسییەکەی کلد و ئاشوریش 15 کاندید کێبڕکێ دەکەن و بۆ یەک کورسییەکەی ئەرمەنیش 4 کاندید لە ڕکابەریدان.
بۆ بەدەستهێنانی 100 کورسییەکە، هەزار و 99 کاندیدی حیزبەکانی کوردستان کێبڕکێیانە و هەریەک لە پارتی، یەکێتی، گۆڕان، ئایندە، حزبی سۆسیالیست و ئاڕاستەی سێهەمی زەحمەتکێشان 100 کاندیدیان دەستنیشان کردووە. کۆمەڵی ئیسلامی بە 92 کاندید و یەکگرتووش بە 76 کاندید بەشداریی هەڵبژاردنەکە دەکەن.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا رکابەری تەنها لەنێو حیزب و قەوارە سیاسییەکاندا نییە، بەڵکوو کاندیدەکانیش بە یەکەوە لە ڕکابەریدان، چونکە هەڵبژاردن بە شێوەی نیمچەکراوە بەڕێوە دەچێت.
بناغەیەکی پتەو بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی
یەکەم خولی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 بەڕێوە چوو. دوای ڕاپەڕین حیزبە شۆڕشگێڕەکانی کوردستان نەیانویست لە رێگەی شەرعییەتی شاخەوە حوکمی شار بکەن، بەڵکوو لە ساڵی 1992 هەر لە هەنگاوی یەکەمی بەدەستەوەگرتنی ئیدارەی وڵات هانایان بۆ هەڵبژاردن و رای خەڵك برد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی، لە یەکەم وتاردا کە دوای ڕاپەڕین لەنێو ئاپۆڕای جەماوەر لە شاری کۆیە پێشکەشی کرد، جەختی لەسەر هەڵبژاردن و ڕای خەڵک کردەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رێگای دەنگدانی گشتی و نهێنی و راستەوخۆ لە 19\5\1992 بە بەشداریی نزیكەی یە ك ملیۆن دەنگدەر كە نوێنەرایەتیی زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو هاووڵاتییان دەكرد، ئەنجام درا. هەڵبژاردنەکە بە هاوكاری و پشتیوانیی چاودێرانی بیانی و دۆستانی گەلی كورد بەڕێوە چوو. بەپێی یاسای هەڵبژاردن هەرحزبێك دەبووایە 7%ـی دەنگەكان بەدەست بهێنێ بۆ ئەوەی كورسییەكی پەرلەمان مسۆگەر بكات.
راستە حیزبە کوردییەکان لە یەکەم ئەزموونی هەڵبژاردندا تووشی شکست بوون و دواتر ڕووداوی تاڵی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام هەموو ئەمانە بوون بە بناغەیەکی پتەو بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی.
خولی دووەم دوای 13 ساڵ
لە هەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستاندا کە لە ساڵی 2005 و دوای 13 ساڵ لە یەکەم ئەزموونی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو، 13 لیستی جیاواز بەشدارییان لە ململانێكاندا كرد كە بە سیستمی نوێنەرایەتیی رێژەیی بەڕێوە چوو. تێیدا یەک ملیۆن و 753 هەزار و 919 کەس لە دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لە كورد، توركمان، كلدان، ئاشووری، موسوڵمان، مەسیحی و ئێزدی بەشدارییان كرد.
لە ئەنجامدا تەنها سێ لیست توانییان بگەنە پەرلەمان، ئەوانیش لیستی نیشتمانی دیموكراتی كوردستان کە لە پارتی و یەکێتی و زۆربەی حیزبەکانی کوردستان پێکدەهات زۆرینەی کورسییەکانی دەستەبەر کرد. لیستی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان شەش كورسی و لیستی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و سەربەخۆكان هەر کامێکیان یەك كورسییان بەدەست هێنا.
خولی سێیەم و گەشەی دیموکراسی
لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و دوای چوار ساڵ، خولی سێیەمی هەڵبژاردن لە ساڵی 2009 بەڕێوە چوو. لە هەڵبژاردنی خولی پێشوودا چەمکی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر توانی خۆی بچەسپێنێت، چونکە وەکوو هەموو وڵاتە دیموکراتیکەکانی جیهان لەپاڵ حکوومەت ئۆپۆزسیۆنیش سەری هەڵدا. لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی و یەکێتی بە 59 کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان بە 25 کورسی، یەکگرتووی ئیسلامی بە هەشت کورسی، کۆمەڵی ئیسلامیش بە چوار کورسی سەرکەوتنیان بەدەست هێنا.
خولی چوارەم. تاقیکردنەوەیەکی چارەنووسساز
هەڵبژاردنی ئەمجارە کە بریتییە لە چوارەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی پێشوو جیاوازە، چونکە دوای ئەزموونی تاڵی خولی یەکەمی هەڵبژاردن، بۆ یەکەم جارە کە یەکێتی و پارتی بە جیا بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن. تا ئێستا بانگەشەکانی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی سرووشتی بەڕێوە چوون و هاووڵاتیان چاوەڕوانن لە ڕۆژی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیشدا کەشێکی ئارام و دیموکراسی بەسەر هەرێمی کوردستاندا زاڵ بێت.




