گۆڤاری "فۆرین پۆڵیسی" ئهمهریكی: ئەمەریكا بە بایەخەوە باس لە ڕۆڵه گرنگهکهی سەرۆك (بارزانی) دەكات لە پێشخستنی پرسی كورددا

عەلی حەسەن زەڵمی
لە مێژووی نوێدا، یەكەمین جارە كوردەكان جگە لە چیاكان دۆستی دیكەیان هەبێت. لە پاش ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خاكی كوردەكان بە سەر وڵاتانی عێراق و ئێران و سووریا و توركیادا دابەش كرا
و حكوومەتی ئەو وڵاتانەش بە درێژایی سەدەی بیست تەواوی هەوڵی خۆیان خستە گەڕ بۆ بێدەنگكردنی ئەو گەلە. حكوومەتی ئەو وڵاتانە بە درێژایی ئەو سەدەیە پەنایان بۆ چەوساندنەوە و تەنانەت جینۆسایدكردنی گەلی كوردیش برد.
پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان
گۆڕانكاریی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووی داوە و بارودۆخی گەلی كوردیش باشتر بووە.
دەرفەتێكی زێڕین هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەی كوردەكان بتوانن كاروباری ناوچەكانی خۆیان بە ڕێوە ببەن.
لە ساڵی 1991دا ئەمەریكا و هاوپەیمانە ئەوروپاییەكانی ناوچەی دژەفڕینیان بە سەر هەرێمی كوردستاندا ڕاگەیاند و لەو كاتەوەش ئەم هەرێمە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە ڕێوە دەبرێت.
ڕهوتی ڕزگاریی عێراق بووە هۆی بەهێزتركردنی پێگەی كوردستان.
ئێستا هەرێمی كوردستان لە بواری ئابووریدا زۆر پێشكەوتووە و خاوەنی سوپایەكی نەتەوەیی تایبەت بە خۆیەتی بە ناوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
پێشمەرگە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان دابین دەكات و حكوومەتی هەرێمیش لە ڕێی پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی سەركەوتووەوە توانیویەتی پەیوەندییهکی بەهێز لەگەڵ چەند وڵاتێکی زلهێزدا ببهسێت، لەوانەش ئەمەریكا و توركیا.
بارودۆخ بۆ كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستانی گەورەش گۆڕاوە. كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان كاروباری ناوچەكانی خۆیان بە ڕێوە دەبەن.
حكوومەتی توركیاش لە هەوڵی ئەوەدایە كێشەی كوردی وڵاتەكەی به دیالۆگ چارەسەر بكات.
كوردانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش چاوەڕێ دەكەن سەركۆماری نوێی ئێران (حەسەن ڕووحانی) ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بكات كە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا بە گەلی كوردی دابوون.
ڕۆڵی كورد لە تەواوی ناوچەكەدا
كوردەكان سەرنجی ئەو گۆڕانكاریانە دەدەن ناوچەكەیانی گرتووەتەوە، هەربۆیەش دەیانەوێت هەڵوێست و گوتاریان یەك بخەن بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی سەركەوتوو كاروباری ناوچە كوردییەكان بە ڕێوە ببەن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) دەستی خسته پێش و كوردانی هەرچوار پارچەکهی كوردستانی لە دەوری یەكتری كۆ کردووهتهوە بۆ دروستكردنی هەڵوێست و گوتارێكی هاوبەش،
لە ڕێی سازكردنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردەوە. سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان نایەوێت گەلی كورد ئەو هەڵانەی سەدەی ڕابردوو دووبارە بكاتەوە كە بوونە هۆی ئەوەی كورد نەتوانێت ببێتە خاوەنی دەوڵەت و مافی خۆی.
ڕێككەوتنامەی ستراتیژی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكیەتیی نیشتمانی كوردستان سوودی زۆری هەبوو، یەكێك لە دەرئەنجامەكانیشی گێڕانەوەی ئارامی و ئاسایش و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بوو. ئێستایش سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان پلانی هەیە سیاسەتەكەی كار بکاته سهر ڕووداوەكانی ناوچەكە.
ئێستا هەرسێ سەركردە بەهێزەكەی كوردستانی گەورە ــ (مەسعوود بارزانی) و (جەلال تاڵەبانی) و (عەبدوڵا ئۆجەلان) ــ لە بواری سیاسیەوە یهک تێڕوانینیان هەیە. پەیوەندیی ناوخۆییی نێوان پارتە كوردییەكان لە هەرچوار پارچەی كوردستانی گەورە لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە. ئەمەش یارمەتیدەرێكی زۆر باشە بۆ ئەوەی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد ببەسێرێت و كوردیش بە یەك ستراتیژییەوە ڕووبەڕووی كێشەكانی داهاتوو ببێتەوە.
سەرۆك (بارزانی) خزمەتی گەورەی كوردستانی كردووە
لە بواری جیۆپۆلەتیكەوەیش، پارسەنگی هێزی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە.
لەوەش زیاتر، ڕۆڵی حكوومەتە ناوەندییەكان گۆڕاوە و پێگەیان بێهێز بووە. بۆ نموونە، دەسەڵاتی بەغدا و دیمەشق زۆر لاواز بووە. ئەمەش وای كردووە كوردەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان هەوڵ بدەن لە یەكتری نزیك ببنەوە.
لە بواری سەربازییەوەیش، هاریكاریی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزە چەكدارە كوردەكانی دیكە قسەی دەربارە دەكرێت.
كوردانی باشوور و ڕۆژهەڵات و باكوور ئامادەن لەم كاتە هەستیارەی سووریای پێدا تێپەڕ دەبێت یارمەتیی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان بدەن.
هێزی زێرەڤانیی كوردستان مەشق و ڕاهێنان بە چەكدارانی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان دەكات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ڕۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی خۆیان لە سەربازانی (بەشار ئەسەد) و چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن بپارێزن.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) توانیویەتی خزمەتی گەورە بە هەرێمی كوردستان و پرسی كورد بكات. بۆ نموونە، سەرۆك (بارزانی) ڕۆڵێكی گەورەی لە بەڕێوەچوونی دانوستانی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان و حكوومەتی توركیادا گێڕا.
سەرۆك (بارزانی) توانیویەتی هەرێمی كوردستان زۆر پێش بخات و ئێستاش ئەم هەرێمە هەموو خەسڵەتێكی سەربەخۆییی پێوه دیاره، هەربۆیە كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش دەیانەوێت ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باكووری كوردستانیش وەكو باشووری كوردستانی لێ بێت.
سەرۆك (بارزانی) توانیویەتی مۆدێلێكی سەركەوتووی بەڕێوەبردن لە باشووری كوردستان دامهزرێنێت و ئەمەیش یەكەمین ئەزموونی سەركەوتووی خۆبەڕێوەبردنی كوردە لە مێژووی نوێدا.
ئەو ڕۆڵە گەورەیەی كە سەرۆك (بارزانی) دەیگێڕێت وای كردووە بەڕێزیان لە هەرچوار پارچەکهی كوردستان ڕێزی گەورەی لێ بگیرێت. بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا (عەبدولباست سەیدا) دەڵێت، (بارزانی) مەرجەعێكە و پێویستە هەمیشە ڕاوێژی لەگەڵ بكرێت.
سەرۆك (بارزانی) توانیویەتی ڕۆڵی نێوەندێك لە نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیا لە لایەك و پارت و گرووپە كوردەكانی ئەو وڵاتانە لە لایەكی دیكە بگێڕێت بۆ مەبەستی سەركەوتنی پرۆژەیەكی نەتەوەیی كوردی.
هەرێمی كوردستان توانیویەتی لە بواری ئابوورییەوە پێشكەوتنی گەورە بە دەست بهێنێت. ئێستا پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە لە بواری ئابووری و بازرگانیدا هەیە. پێشبینی دەكرێت لە ماوەی داهاتوودا ئەم پەیوەندییە بەهێزتریش بێت،
چونكە بۆرییه نەوتهکهی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا تەواو دەبێت و لەو ڕێگایەوەش نەوتی هەرێم ڕەوانەی بازاڕەكانی دەرەوە دەكرێت.
لەوەش زیاتر، حكوومەتی هەرێمی كوردستان یارمەتی گرووپ و پارتەكانی دیكەی كوردستانی گەورە دەدات. سكرتێری ئەلپارتی (عەبدولحەكیم بەشار) دەڵێت "زۆرینەی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان بارزانی وەكو سیمبولێكی نەتەوەیی دەبینن".
سەرچاوە: گۆڤاری "فۆرین پۆڵیسی" ئەمەریكا




