زۆر باش لە كێشەكانی قوتابیان و سیستەم و بینایەو مەنهەجی پەروەردەو خوێندنی باڵا تێدەگەم و ئامادەم وەك سەربازێك بۆ چاكسازی ئەو كۆڵەگە گرنگە

دكتۆر فەرسەت سۆفی عەلی كاندیدی ژمارە 100ی لیستی ژمارە 110ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دایكبووی 1978 گوندی گەزنەی سەر بە قەزای چۆمانی دەڤەری باڵەكایەتی، پسپۆری لە یاسای نیودەوڵەتی هەیەو مامۆستای زانكۆیەو دەیان پۆست و پلەی رێكخراوەیی و حزبی و ئیداری بینیوەو سەرنووسەری چەند گۆڤارو رۆژنامە بووەو چەندین نامیلكەو كتێبی بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی هەیە، لە دیمانەیەدا تیشك دەخاتە سەر ئەو خاڵە گرنگانەی كە بۆچی دەیەوێت ببێتە ئەندامی پەرلەمان.
دكتۆر فەرسەت سۆفی عەلی كاندیدی ژمارە 100ی لیستی ژمارە 110ی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بەوە ئەگەر هاووڵاتیان دەنگی پێبدەن بەڵێنی چی بە دەنگدەر دەدات و دەڵێت: ئەو چەند دێرەی لە خوارەوە تۆماریان دەكەم بریتین لە بەڵێن نامەیەك كە لە ناخی دڵم و هەستێكی راستگۆیانە هەڵقوڵاون، بۆیە خۆم بە بەرپرسیار دەزانم بەرامبەر یەكە یەكەی ئەو وشانەو بەڵێن بێت پێیانەوە پابەند دەبم لەوانە بە شایەتی هاوپۆل و مامۆستایەكانم لە قۆناغی سەرەتایی لە رۆژەكانی سەردەمی بەعس لە گۆرەپانی قوتابخانە بە دەنگێكی دلێرو پر بە قورگم هاوارم دەكرد كوردستانە جێی شێرانە دەبێ سەركەوێ. ئەمرۆش بە هەمان جورئەت و بە دەنگێكی زوڵاڵ بۆ دادپەروەری و ئازادی و رەتكردنەوەی ستەم و گەندەڵی هاواردەكەم و دەڵێم هیچ كەس و حزبێك لە نیشتمان گەورەتر نیەو دەبێ شوێنی گەندەڵكاران كونجی زیندان بێت نەك مودیر و وەزیر. هەروەها بەڵێن دەدەم ناسنامەی هاونیشتمانیبوون و مرۆڤ بوون لە لای من لە سەرووی هەموو ناسنامەیەكی دیكەی نەتەوەیی و ئاینی و حزبی و ناوچەگەری دابێت.
بەڵێن بێت بە جورئەتەوە داكۆكی لە خەمی ئەو گەنجانە بكەم كە لە زانكۆو پەیمانگاكان دەرچوونەو دانەمەزراون. داكۆكی لەو گەنجانە دەكەم كە دەیانەوێ ژیانی هاوسەری دروست بكەن و بژیوی ژیان رێگەیان پێ نادات. داكۆكی لەو گەنجانە دەكەم كە دەیانەوێ شوێن پەنجەیان دیاربێت لە حوكمرانی وڵات. ئامادەم بۆ لە باوەش گرتنی خەمی مامۆستایان كە ئەوان ئامادە بوون لە رۆژانێكی سەخت بۆ رووناكی كوردستان وەك مۆم بسووتێن. زۆر باشیش لە كێشەكانی قوتابیان و سیستەم و بینایەو مەنهەجی پەروەردەو خوێندنی باڵا تێدەگەم و ئامادەم وەك سەربازێك بۆ چاكسازی ئەو كۆڵەگە گرنگە.بەڵێن بێت ببم بە سەدایەك بۆ دەنگی ئەو پێشمەرگە نیشتمان پەروەرانەی كە مووچەكەیان بەشی هەفتەی یەكەمی مانگ ناكات.یان ئەوانەی لە بەرزكردنەوەی پلەو پێدانی ئیمتیازات هەست بە نادادپەروەری دەكەن.
دكتۆر فەرسەت سۆفی ئەوەشی گوت: نووسەری بەناوبانگی كۆڵۆمبی ماركیز دەڵێ: تاكە ئەلتەرناتیڤی توندوتیژی و ترساندن لە نێوان حاكم و مەحكومین بریتیە لە بەشداری خەڵك لە دەسەڵات و سامان، بەشداری لە دەسەڵات بریتیە لە شەرعیەتی سیاسی، هەروەها بەشداری لە سامان واتە دادپەروەری كۆمەڵایەتی. بۆیە دروشمی سەرەكی ئێمە بۆ كاری داهاتووی پەرلەمانی بریتیە لە دادپەروەری و شەرعیەتی سیاسی، لاوازی دەزگا چاودێرییە داراییەكان و بایەخنەدان بەداواكاری گشتی و نەبوونی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی یاساكان بەسەر بەرپرساندا، دەرگای بۆ گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی كردەوە. بۆیە گرنگە ئەم دامەزراوە چاودێریانە كاراو سەربەخۆ بكرێن. نەبوونی حوكمڕانیەكی دامەزراوەیدا، بودجەی هەرێم تا رادەیەك ئامانجە كۆمەڵایەتییەكان وەك پێویست ناپێكێت، بۆیە هەندێ جار ئەو بودجەیە بۆ بەڕێكردنی كاری ڕۆژانە و پڕۆژەی ناستراتیجی و نا پێویست و تایبەت خەرج دەكرێت. بۆیە پێویستە پەرلەمانی داهاتوو لە كاتی تەشریعكردنی یاسای بودجە دەبێ بە جدی رەچاوی ئەم مەسەلەیە بكات. یاساكانی (خدمەی مەدەنی و میلاك و موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و ئەنجوومەنی راژەی گشتی و ..هتد) پێویستیان بە پێداچوونەوەو یەكخستنە، سنوردانان بۆ زیادبوونی ژمارەی وەزیرو راوێژكارو پۆستی باڵا، هەموو ئەو پۆستانە دەبێ بەپێی سیستەم و پێویستی بن، نەك پۆست بۆ ئەشخاص دروست بكرێت. پتەوكردنی سیستەمی چاودێری و بە دواداچوونی سەرجەم یەكە ئیداریەكان بە مەبەستی دووركەوتنەوە لە سیاسەتی مەحسبویەت و مەنسوبیەت لە حكومڕانیدا، هاوكات بەرجەستەكردنی پرنسیپی پاداشت و سزا لە دام و دەزگا كارگێریەكاندا.
كاندیدی ژمارە 100ی لیستی ژمارە 110ی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە دۆخی پەیوەندییەكانی گوتی: دەبێت پەیوەندیەكانی دەرەوە جارێكی دیكە رێك بخرێنەوەو فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە بەپێی یاسا كاربكات و زۆر ئاساییە بكرێتە وەزارەتی پەیوەندیەكانی دەرەوە، چونكە لە هەرێمی (كیبیك) یش كە هەرێمێكی فیدراڵیە لە كەنەدا وەزارەتێكی هەیە بە ناوی وەزارەتی كارو باری پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان. هەروەها نوێنەرایەتیەكانی حكومەت لە لایەن خەڵكی پسپۆرو خاوەن توانای دبلۆماسی و شارەزا لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان بەڕێوەببرێن و پەرەیان پێبدرێت. هەروەها ئەو پرۆتۆكۆل و رێكەوتننانەی كە حكومەتی هەرێم ئەنجامیداون لە گەڵ دەوڵەتاندا بخرێنە بواری جێبەجێكردن.




