٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

حكوومه‌تی هه‌رێم: نابێت بۆ ململانێی حزبی و ئایدۆلۆژی لایەنەكان هەرێم بۆ تەسفییەی حساباتی خۆیان بەكار بێنن

سەرچاوە: Hewler

بەدواداچوونی/ هاودەنگ فاروق

لە كۆیە چی رووی دا..
لە قەزای كۆیە شەڕ و پێكدادان لە نێوان چەند چەكدارێك و ئەندامانی جیابووەوە لە پارتی كرێكارانی كوردستان رووی دا و چەكدارێك بریندار بوو. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست "هەولێر" كەوتوون، سەعات 7ـی ئێوارەی رۆژی شەممە شەڕەتەقە لە نێوان ئەو ئەندامانەی كە لە ساڵی 2004 لە پەكەكە جیا بوونەوە و زۆربەیان پێشتر سەركردەی باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان بوون و چەند چەكدارێك كە گومان دەكرێت سەر بە پەكەكە بن، رووی دا و لە ئاكامی شەڕەتەقەكەدا چەكدارێكی پەكەكە بریندار بوو. هەر بەپێی زانیارییەكان چەكدارە بریندارەكە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی كراوە و ئێستا لە ژێر چاودێریی پزیشكیدایە.

حكوومەت نیگەرانە
لە بەدواداچوونێكی رۆژنامەی "هەولێر"ـدا، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی، وێڕای پشتڕاستكردنەوەی رووداوەكە گوتی "ئێمە وەكو حكوومەتی هەرێم بەم رووداوە زۆر نیگەران و دڵگران بووین، هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمیش ئەوەیە كە پێویستە هەر گرفتێك لە نێوان هەر لایەنێكی سیاسیدا بێتە پێشێ، بە ڕێگای ئاشتی و دیالۆگ و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێت و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین پەنا ببرێتە بەر توندوتیژی".

ڕێگای دیالۆگ و مەدەنی
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم هۆشداریشی دا بە هەموو لایەنەكان كە هەرێمی كوردستان بەكار نەهێنن بۆ تەسفییەی حساباتی نێوخۆیی هیچ حزب و لایەن و گرووپێكی سیاسی و گوتیشی "هیوادارین ئەم گرفتە بە رێگای دیالۆگ و بە رێگای مەدەنی چارەسەر بكرێت".

گرفتەكانتان ببەنە كۆنگرەی نەتەوەیی
دزەیی هەروەها دەڵێت، ئەوانەی لە ڕووداوەكەی كۆیەدا ڕووبەڕووی یەكتر بوونەوە، پێویستە بەرپرسانە مامەڵە بكەن، چونكە روانگای حكوومەتی هەرێم وایە: ئەگەر ئەو دوو تەرەفە لە نێو پەكەكەدا هەر ناكۆكییەكی ئایدۆلۆژیی كۆن و نوێیان هەبێت، دەكرێ لە رێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن چارەسەری بكەن نەك بە زەبری هێز و هەوڵدان بۆ تەسفییەكردنی یەكتری، هەروەها ئەگەر پێویستیشی كرد ئەوە دەتوانن كێشەكانیان ببەنە نێو كۆنگرەی نەتەوەیی كە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە هەولێر دەبەسترێت و لەوێ رێگەچارەی بۆ بدۆزنەوە.

دۆسیەكە لە دادگایە
بە گوێرەی زانیارییەكان، ئێستا كێشەكە لە دادگایە و دادوەر لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكات و لە رێگای دادگاوە یەكلا دەكرێتەوە..
سەفین دزەیی ڕوونیشی كردەوە كە حكوومەتی هەرێم بە یەك چاو سەیری هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا دەكات، بەڵام دروست نییە ئەو لایەنانەش رێز لە سەروەریی یاسا و تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان نەگرن و، بە ئارەزووی خۆیان لە كوێ بیانەوێت ئاڵۆزی بنێنەوە.

گوتیشی "لە كاتێكدا كە هەموو لایەنەكان لە ئێستادا سەرقاڵی سازدانی كۆنگرەی نەتەوەیین لە هەولێری پایتەختی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا، نابێت ئەم جۆرە كێشانە روو بدەن، چونكە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی كۆنگرەكە حەرامكردن و رێگەگرتنە لە هەر جۆرە شەڕێك لە نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكاندا".

هەڵوێستی فەرمیی حكوومەت
لە بارەی هەڵوێستی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم ڕایگەیاند "پێویستە هەموومان چاومان لە كۆنگرەی نەتەوەیی بێت كە ئامانجەكانی دیارن: كە یەكڕیزی و یەكدەنگیی لایەنی كوردی بێتە كایەوە و لە هەمان كاتیشدا پلاتفۆرمێك بێت كە هەموو لایەنێك پابەندی بنەماكانی بن و هەموو لایەك كۆ بكاتەوە، بۆیە ئەو جۆرە گرژی و ناكۆكیانەی كە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان یاخود لە نێوان هەر لایەك دێتە كایەوە، دەكرێت بە گونجاوترین شێوەی سەردەمیانە چارەسەر بكرێن".

سەفین دزەیی نیگەرانیی خۆیشیانی دەربڕی كە "لە كاتێكدا هێشتا كۆنگرەی نەتەوەیی بە تەواوی دەستی بە كارەكانی نەكردووە، ئەو هەواڵە ناخۆشەمان بیست كە ئەو دوو لایەنەی كە بەشدار بوون لە كۆنگرەكەدا، لەجیاتی زەمینەی كاری پێكەوەیی و ئاشتی خۆش بكەن، بوونە ئۆباڵی رووداوێكی نەخوازراوی لەم جۆرە، بۆیە وەكو حكوومەت داوایان لێ دەكەین هەردوولا پێكەوە دابنیشن و بتوانن بە دانوستان گرفتەكانیان چارەسەر بكەن".

هەستكردن بە بەرپرسیارێتی
سەبارەت بەوەی كە ئایا حكوومەت پێشبینیی رووداوێكی لەو جۆرەی نەكردبوو، گوتەبێژی حكوومەت گوتی "بێگومان ئەو رووداوەی لە كۆیە رووی دا، بە بێ ئاگاداریی هەموو لایەك بووە، ئەگینا هەوڵ دەدرا كە پێشگیری لە روودانی بكرێت، ئەوەی جێگای نیگەرانی بوو بۆ حكوومەتی هەرێم ئەوەیە: كە بەو شێوە نادروستە رەفتار كرا، لە راستیدا ئەوە هەڵسوكەوتێكی سەردەمیانە نییە، كاتێك باس لە گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكرێت كە كورد دەرفەتێكی باشی بۆ هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی بتوانێ مافەكانی خۆی بەدەست بهێنێ، ئا لەم كاتەدا گرژییەكی لەم جۆرە لە هەرێم پەیدا دەبێ، ئاسایی نییە، بڕوا ناكەم كە ئەگەر لایەنێك هەست بە بەرپرسیارێتی بكات، پشتگیری لەو جۆرە رەفتارانە بكات".

پێویستە رێز لە پێگە و رۆڵی هەرێمی كوردستان بگیرێت
سەفین دزەیی هەروەها رایگەیاند "داوا لە هەردوو لایەنی كێشەكە دەكەین كە بە شێوەیەكی مەسئولانە ڕەفتار بكەن و گرفتەكانی خۆیان چارەسەر بكەن و رێز لە دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بگرن. بە ڕای من پێویستە رێز لەو پێگە و رۆڵەی هەرێمی كوردستان بگیرێت، هەروەها هەموو لایەك هەوڵ بدەن كەشوهەوایەكی ئارام دروست بكەن بۆ سەرخستنی كۆنگرەی نەتەوەیی". گوتیشی "پێوستە هەموو لایەك پابەند بن بەو بنەمایانەی كە دەبنە هۆكاری رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد و دوور بن لەو لێدوانانەی كە دەبنە مایەی دڵگرانیی هەموو لایەنەكان، چونكە ئێمە خۆمان ئامادە دەكەین بۆ گۆنگرەیەكی زۆر گرنگ و مێژوویی و پێویست ناكات رێگە بدرێ تەمومژێك بخرێتە سەر ئەو پرۆسەیە لەلایەن خەڵكانێك كە نەتوانن مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن".

"هیودارین دووبارە نەبێتەوە"
هەر سەبارەت بە رووداوەكەی كۆیە، دزەیی ئاماژەی دا "لەلایەن ئاسایشەوە بەدواداچوون بۆ كێشەكە كراوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە، هیوادارین كاری لەو جۆرە ڕوو نەداتەوە و داواكاریشمان لە هەموو لایەنەكان ئەوەیە، رێز لە یاسای هەرێم بگرن بە تایبەتی ئەو كەسانەی كە لێرە نیشتەجێ بوونە، راستە ئەوان كوردن و كوردستان وڵاتی هەموو لایەكە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا كۆمەڵێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە كە پێویستە ئەو تایبەتمەندیانە ڕێزیان لێ بگیرێت".

هەواڵی پەیوەندیدار