شەڕی رۆژئاوای كوردستان دەبێتە هۆی دابەشبوونی خاكی سووریا

رۆژنامەی هەولێر / وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی
زیاتر لە دوو ساڵە شەڕی ناوخۆ لە سووریا بەردەوامە و، چەند هەفتەیەكیشە شەڕ لە نێوان چەكدارانی كورد و جیهادییەكان لە رۆژئاوای كوردستان دەستی پێكردووەئەم شەڕە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی دەیانهەزار كەس و، زۆرینەی ئەوانیش ڕوویان لە باشووری كوردستان كردووە، جگە لەوەش، ئەم شەڕە خەریكە شێوەیەكی تائیفی لە نێوان كورد و عەرەبدا وەردەگرێت، ئەوەیش جێی نیگەرانییە.
كۆچكردن بەرەو هەرێمی كوردستان
شەڕی نێوان جیهادییەكان و چەكدارانی كورد لە ناوەندی مانگی ڕابردوودا دەستی پێكرد، لەو كاتەیشەوە دەیان هەزار كەس لە كوردانی سووریا ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە و، ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، حكومەتی هەرێم و هاووڵاتیانی باشووری كوردستانیش بە هەموو شێوەیەك یارمەتیی برا و خوشكە ئاوارەبووەكانیان دەدەن.
یەكێك لەو پەنابەرانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستانە ڕایگەیاند: گرووپە ئیسلامییە عەرەبەكان كوشتنی كورد بە "حەڵاڵ" دادەنێن، ئەو گوتی: "توندوتیژی و كوشتن و ڕفاندن لە ناوچە كوردییەكان زیادی كردووە، گرووپە ئیسلامییە عەرەبەكان خوێنی كورد حەڵاڵ دەكەن".
كچێكیش لەو بارەوە گوتی، ئەو بە چاوی خۆی كوشتنی هاووڵاتیانی كوردی لە لایەن جیهادییەكانەوە بینیوە، ئەو كچە ڕایگەیاند: "ئێمە لە قامیشلی هیچ كێشەیەكمان نەبوو، ئێمە خاوەنی خانووی خۆمان بووین، باوك و براكانم ئیشیان دەكرد، بەڵام بارودۆخەكە تێك چوو و، هەربۆیەیش ناچاربوین هەڵبێین، ئێمە بە چاوی خۆمان كوشتنی هاووڵاتیانی كوردمان لە قامیشلی بینی".
ژمارەیەك لە پەنابەرەكان دەڵێن جیهادییەكان و گرووپە سوننە عەرەبیەكانی دیكە بەشێوەیەكی دەست ئەنقەست كوردەكان دەڕفێنن و دەیانكوژن و، ئامانجیشیان لەم كارە ترساندنی هاووڵاتیانی مەدەنی كوردە.
هەوڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچەیەكی دەوڵەمەند
شەڕی رۆژئاوای كوردستان سەرەتا وەكو شەڕێكی نەتەوەیی دەستی پێنەكرد، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی كاتدا خەریكە شێوەیەكی لەو جۆرە وەردەگرێت.
(مەروان كابالان) پسپۆڕێكی كاروباری سووریایە و، دەڵێت: "رۆژئاوای كوردستان لە بواری نەوت و گازەوە زۆر دەوڵەمەندە، زۆربەی نەوتی یەدەكی سووریا دەكەوێتە ئەم ناوچەیەوە، ئەم فاكتەرە ئابوورییەیش كاریگەریی لە سەر گەورەبوونی ئەم شەڕە هەیە".
ئەو پسپۆڕە هەروەها دەڵێت: "رۆژئاوای كوردستان ڕێگایەكی سەرەكی گواستنەوەی كەل و پەل و پێداویستیە لە توركیاوە بۆ ناو سووریا، ئەمەیش فاكتەرێكی گرنگی سەرهەڵدانی ئەو شەڕەیە".
جگە لەوەیش، چەكدارە ئیسلامییەكان دژایەتییەكی گەورەی كوردەكان دەكەن و دەیانەوێت شەریعەت لەو ناوچەیەدا پەیڕەو بكرێت، پاشانیش، ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەشێوەیەكی گشتی و پارتە ئیسلامییەكان بەشێوەیەكی تایبەتی ڕەخنەی توند لە "پەیەدە" دەگرن و، بەوە تۆمەتباری دەكەن كە هەماهەنگییەكی تەواوی لەگەڵ رژێمەكەی (بەشار ئەسەد)دا هەیە.
شەڕەكە درێژەی دەبێت
پسپۆڕان پێیان وایە هۆكاری سەرهەڵدانی ئەم شەڕە جیاوازیی سیاسی و ئایدیۆلۆژی بوو، بەڵام مەترسیی ئەوە لەئارادایە قووڵ بێتەوە و، ببێتە شەڕی نێوان كورد و عەرەب، دەرئەنجامێكی ئەمەش زووتر هەڵوەشاندنی سووریا دەبێت.
(كابالان) دەڵێت: "ئەگەر بێتو شەڕ لە سووریادا بەردەوام بێت- لەوانەیش شەڕی نێوان كوردەكان و جیهادییەكان- ئەو كاتە خەڵكی زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە دەربارەی بابەتێك پرسیار دەورووژێنێت: ئایا دەكرێت یەكپارچەیی سووریا بپارێزرێت؟"
هیچ ئاماژەیەك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕی رۆژئاوای كوردستان نابینرێت، نە "پەیەدە" ئەوەندە بەهێزە بتوانێت شەڕەكە لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێ بهێنێت و، نە جیهادییەكانیش دەتوانن شكست بە "پەیەدە" بهێنن، پاشانیش، هەردوو گرووپ شارەزاییەكی باشیان لە شەڕی گەریلاییدا هەیە، ئەمەیش واتای ئەوە دەگەیەنێت شەڕەكە درێژەی دەبێت.
(ڤلادیمیر ڤان ویڵگنبێرگ) پسپۆڕێكی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە پەیمانگای "جەیمس تاون"ـی ئەمەریكی و دەڵێت: "چەكدارانی پەیەدە لە لایەن پەكەكەوە یارمەتیان دەدرێت، لە بەرامبەریشدا، جیهادییەكانیش لە لایەن ئەلقاعیدەی عێراقەوە یارمەتیان دەدرێت، هەردوو گروپیش ئەزمونێكی تەواویان لەو جۆرە شەڕەدا هەیە".
ئەو پسپۆڕە هەروەها دەڵێت "گرووپە جیهادییەكان یان سوپای سووریای ئازاد ناتوانن ناوچە كوردییەكان كۆنترۆڵ بكەن، بەڵام تاكو ئێستا توانیویانە هەندێك گوند و شارۆچكەی كوردنشین لە پارێزگای حەڵەب بخەنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە. هەربۆیەیش لە كاتی ئێستادا هەردوولا شكستیشیان هەیە و، سەركەوتنیشیان هەیە".
سەرچاوە: ماڵپەڕی "ڕادیۆی ئازادی ئەورووپا"




