٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

خه‌بات لێقەوماوانی رۆژئاوای كوردستانی بەسەركردەوە

سەرچاوە: Xebat

دوێنێ كۆڕەوە مەزنەكەی 1991ـی كوردانی باشوور بەرەو سنوورەكانی ئێران و توركیا، ئەمڕۆش كۆڕەوی كوردانی رۆژئاوای كوردستان، جارێكی دیكە مەینەتی و كارەساتە تراژیدییەكانی گەلی كوردی خستەوەبەر چاوی هەموو دونیا، وەها كۆڕەوێك ئەگەر مەرگەساتێكی مرۆیی و زیندوویی نەتەوەیەكی زوڵملێكراو نەبێت، پێناسی دیكەی نییە.
تیمی رۆژنامەی خەبات (هاوار مورتكەیی- سەید مەجید بەرزنجی- سەردار حوسێن) لەنێو ئاپۆرای ئەو هەزاران كەسەی لە رۆژئاوای كوردستانەوە بەرەو هەولێر كۆچیان كردووە، وێنایەكی دروست و دیمەنە واقیعییەكان وەك خۆی بۆ خوێنەرانی دەگوازێتەوە.
راپۆرت: تیمی خەبات
لەچوونە ژوورەوەی كەمپی كەورگۆسك (5 كیلۆمەتر نزیك بە قەزای خەبات) هەزاران پێشمەرگەی زێرەڤانی سوپای 5 وەك سوپایەكی خاوەن دیسپلین و لەوەش گرنگتر وەك سوپایەكی نیشتیمانی گورجوگۆڵ هەنگاودەنێن، تەواوی ئەفسەر و كچ و كوڕانی زێرەڤانی بە هەمان رۆحیەتی پێشمەرگانەی شاخەوە بەرچاو دەكەون، ئەوان لە ئێستادا پێشمەرگەی جەنگاوەرنین، بەڵكو پێشمەرگەی بەهاناوەچوونی ئەو لێقەوماوانەن كە شوناسی نەتەوەیی و كوردبوون كۆچی پێكردوون، بەڵام سەرنجدانێكی ورد ئەوەت بۆ وێنا دەكات ئەوان ئاوارەنین و لەسەر خاكی نیشتیمان و لەنێو كەسوكاری خۆیانن.
پێشمەرگەی زێرەڤانی لەوێ تەنیا پارێزەری ئەمنیەت و ئاسایشی ئەو خوشك و برایانە نین، بەڵكو زیاتر لە تیمەكانی بەهاناوەچوونی ئەو لێقەوماوانە دەچن، ئاخر تەواوی پێداویستییەكانی ژیان هەر لە فریاگوزاری تەندروستی و دابینكردنی خزمەتگوزاری (خواردن- ئاو - كارەبا- شارەوانی - بەرگری شارستانی و ...هتد) لەلایەن ئەوانەوەو بە هاوكاری دامودەزگا تایبەتمەندەكانی هەولێر دابینكراوەو فەرماندەی ئەو سوپایەش ئاماژە بەوە دەكات ئەوان سەرپەرشتی تەواوی ئەو پێداویستییانە دەكەن كە بۆ كەسانی لێقەوماو پێویستن.
تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی رۆژئاوای كوردستان كە لە هەزار خێزان پێكهاتوون لەو كەمپەدا دەژین، بشار حجۆ یەكێك لەو گەنجانەی نێو ئەم كەمپەیە و لە قامیشلۆوە هاتووە بە تیمی خەباتی وت: ئێمە بۆ پاراستنی شەرەف و كەرامەتی خۆمان هاتووین، لەوێ چەكدارەكانی بەرەی نوسرە هەوڵی رفاندنی كچ و ژنەكانمان دەدەن، ئاخر هەتككردنی شەرەف بە كەس قبوڵ ناكرێ.
پیاوێكی تەمەن 65ساڵ لەبەر دەرگای چادرەكەی دانیشتووەو بەدەم جگەرەكێشانەوە وتی: بێگومان ئێمە وەك ئەوانەنین كە لەنێو خانوویەكی تەواوكراودا دەژین، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ئەم شوێنە هیچ كەموكوڕییەكمان نییە، هەموو ژەمێكی خواردنی تەواوی ئەو خەڵكە دابین دەكرێت، پێداویستییە سەرەتاییەكان وەك پێویست هەن و ئەوەی كە لە ئێستا زۆر پێویستمانە تەواوبوونی ناسنامەی نشینگەییە بۆ ئەوەی بتوانین دەست بەكار بكەین و لەم بەشەی وڵات ئیشوكاری رۆژانەی خۆمان بكەین، گەنجەكانمان هەریەك لە بوارێك كاری كردووەو دەتوانین بەو كارەی خۆمان بژین.
دیمەنەكان زۆرن و زۆربەیان پێویست بە گێڕانەوە دەكەن، وەلێ دیمەنی ئەو منداڵە چاوگەشانە زۆرتر كاریگەرییان هەیەو لەبەردەمی هەر چادرێك منداڵانێكی بێنازی لێقەوماو بەرچاو دەكەن، كە سەیركردن و تێڕامانیان ئاسان نییە، دایكێك خەریكی هێوركردنەوەی منداڵەكەیەتی و بۆ تیمی خەبات دەڵێت: ئێمە هەڵوێستی خەڵكی هەولێر لەبیرناكەین، بێنازی منداڵەكانی خۆمان بیرچۆتەوە كە ئەو هەموو بەهاناوەهاتنەی هەولێر دەبینین، بەڕاستی هەولێر سەلماندی پایتەختی كوردانە و جیا لە هەولێر چ شارێكی دیكە ئەو شانازی و سەروەرییەی پێنەبڕاوە.
پزیشكێكی سەربە فەرمانگەی تەندروستی هەولێر لەنێو كلینیكە گەڕۆكەكەی بە تیمی خەباتی وت: بە هاوكاری هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی تەواوی پێداویستییە پزیشكییەكانمان ئامادەكردووە، هەموو چارەسەرە فریاگوزارییەكانمان هەیە و پزیشك و كارمەندی تەندروستی و دەرمان و تەنانەت سۆنار و تیشكمان هێناوە، هەركەسێكیش نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت و پێویست بكات، بە ئەمبۆلانس دەیگەیەنینە نەخۆشخانەكانی هەولێر و چارەسەری پێویستی بۆ دەكرێت.
لەماوەی كەمتر لە 11 كاتژمێر كارەبایان بۆ دابینكرا
ئەوەی تێبینی دەكرا هەموو دەزگا خزمەتگوزارییەكان هەریەك لەشوێنێك خەریكی گەیاندنی خزمەتگوزاری سەرەتایی بوون بۆ لێقەوماوانی نیشتەجێی ئەو كەمپە، تیمەكانی ئاو لە دابینكردنی تانكی ئاو و كارەبا لە گەیاندنی تەزووی كارەبا و تەندروستی لە كردنەوەی نەخۆشخانەی گەڕۆك و ئاوەدانكردنەوە لە تەختكردنی شوێنی چادرەكان و كردنەوەی رێگای هاتوچۆ و هەریەك لەلایەن خۆیەوە خزمەتی دەكرد، ئەوەی كە ببوە جێی سەرنجی هەمووان، گەیاندنی كارەبا بوو لەماوەیەكی كورت و پێوانەییدا، لەمبارەوە ئەندازیار یاسین سدیق جێگری بەڕێوەبەری گشتی كارەبای هەولێر، كە لەگەڵ تیمەكانی كارەبادا بوو لە كەمپی كەورگۆسك وتی: دوای ئاگاداركردنەوەمان لە گەیشتنی ئەو برایانەمان بەهەماهەنگی كۆمپانیای پالۆس لەدرەنگی شەوەوە دەستمانكرد بەگەیاندنی كارەبا بۆیان و توانیمان لەماوەی تەنها 11 كاتژمێر 3 محەویلەی كارەبایان بۆدابین بكەین و ستوونەكان دابمەزرێنرێن و تۆڕەكان بەیەكتر ببەسترێنەوە، هەروەها لەپاڵ ئەمەش توانیمان هەر ئەو شەوە 20 روناككەرەوە بۆ ناو كەمپەكە دابمەزرێنین.
دابینكردنی كەمپێك
جەمال مەنتك بەڕێوەبەری ناحیەی كەورگۆسك ئاماژەی بە هەماهەنگی نێوان دەزگا خزمەتگوزارەكان كرد لە پێشوازیكردن و نیشتەجێكردنی ئەو لێقەوماوانە و وتی: رۆژی پێنجشەممە سەعات 3 ئاگاداركراینەوە كە ژمارەیەك پەنابەری كوردانی رۆژئاوا دەهێننە كەورگۆسك، ئەوەبوو لەگەڵ پاریزگاری هەولێر و قایمقامی قەزای خەبات و بەهەماهەنگی تەواوی هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی و پۆلیس و لایەنە پەیوەندارەكان لەماوەیەكی كورت توانیمان شوێنێكیان بۆ دابین بكەین و چادریان بەسەردابەش بكەین، و خزمەتگورزارییە سەرەتاكانیان پێ بگەینین لە خواردن وكارەبا و ئاو.
پێشمەرگەی زێرەڤانی وەك هێزێكی خزمەتگوزار
ئەوەی لەنێو كەمپەكەدا بەرچاودەكەوتن، ئەو ژمارە زۆرەی هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی بوون، كە دەستە دەستە هاوكاریان دەگەیاندە خێزانەكان، بۆ ئەم مەبەستە ئەحمەد بەكر حەمەد بەرپرسی سوپای 5 ـی پێشمەرگەی زێرەڤانی وتی: دوای ئەوەی ئاگاداركراینەوە لە هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان، ئێمە گەیشتنە لایان و دواتر وەك هێزێكی خزمەتگوزار نەوەك سەربازی دابەش بووین بەسەر چەندین تیم و هەریەك لەو تیمانەش لە سووچێكی ئەو كەمپەوە خزمەتی ئەو پەنابەرانە دەكەن، ئەمەش لای ئێمە وەك هێزەكانی زێرەڤانی شتێكی نامۆ نییە و لەهەر رووداوو پێشهاتێكی مرۆییدا وێڕای ئەركی سەربازیمان بە گیانێكی لەخۆبووردییەوە ئامادەیی خۆمان نیشانداوە و ئێستاش پێشمەرگەكان یارمەتیان دەدەن لەهەڵدانی چادر و گواستنەویان و هەركارێك كە پێیان بسپێردرێت.
دواجار بەرپرسی سوپای 5 ی پێشمەرگەی زێرەڤانی دەستخۆشی لە خەڵكی هەولێر و دەورووبەری كرد، كە وەك هەمووجارێك دەستپێشخەربوونە لە یارمەتیدانی خوشك و برایانیان لەهەر شوێنێك بێت.
لە 6 كاتژمێردا5 هەزار ئاوارەمان نیشتەجێكرد
رزگار مستەفا قایمقامی قەزای خەبات بۆ تیمی رۆژنامەی خەبات وتی: كاتێك لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە ئاگادار كراینەوە دوای تەنها 3 كاتژمێر ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە برایانمان لە رۆژئاوای كوردستانەوە گەیشتنە سنووری ئێمە و لەماوەی تەنها 6 كاتژمێر زیاتر لە 5 هەزار كەس گەیشتنە كەورگۆسك، ئەوەبوو داوامان لە پارێزگاری هەولێر كرد كە فەرمانگەكانی هەولێرمان بۆ بنێرێ، خۆشبەختانە لەماوەیەكی كەم دەزگا خزمەتگوزارییەكانی هەولێر گەیشتنە لامان و هەریەك لەلایەن خۆیەوەو بەپێی تایبەتمەندی خۆی توانی خزمەتی ئەو خوشك برایانەمان بكەن، هەروەها بەسوپاسەوە هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش وەك هێزی بەهاناوەچوون و پێشكەشكاری خزمەتگوزاری دەستی یارمەتیان بۆ درێژكردین و لە سەرەتا منداڵانیان لەباوەش دەكرد و سۆزیان پێ دەبەخشین، هەروەها هاوكاری سەرەكیمان بوون لە نیشتەجێكردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆیان.
قائیمقامی قەزای خەبات وتیشی: دەمەوێ سوپاسی خەڵكی هەولێرو دەورووبەری و بەتایبەتیش دانیشتوانی كەورگۆسك بكەین، كە هەر لەگەڵ گەیشتنی ئەو ژمارە زۆرەی خوشك و برایانی رۆژئاوای كوردستان و لەدرەنگی شەودا یەكەم ژەمی خواردنی ئەو 5 هەزار كەسەیان دابین كرد، لەماوەی 24 كاتژمێردا توانیمان كەمپێكی فریاگوزاری خێرا دروست بكەین، بۆ رۆژی دواتر بەڕێوەبەرایەتی كارەبای هەولێر توانی كارەبایان بۆ دابین بكات، كە ئەمەش بووە جێگای سەرسوڕمانی ئۆرگانەكانی UN كە بەم كاتە خێراییەدا توانرا كارەبایان بۆ دابین بكرێت، بەگشتی هەمووان هاوكار بوون، زێرەڤانی، ئاو، كارەبا، تەندروستی، پۆلیس، كەنەیانهێشت یەك منداڵ برسی بێت.
هەولێر و بەهاناوەچوونی بەردەوام
لەنێو كەمپی كەورگۆسك و لە رێگەی كەناڵەكانی تی ڤی هەموو ئەو كۆمەك و هاوكارییانەی هەولێر دەبینرێت كە بۆ لێقەوماوانی رۆژئاوای كوردستان رەوانە دەكرێن، دیمەنی ئەو كۆمەككردنە بۆ هەولێر و خەڵكەكەی شتێكی نامۆ نییە و زۆرجاری دیكەیش وەها دیمەنانێك بەدی كراون. هەر كەسێك بەپێی توانای خۆی و لە كۆڵانەكانی نێو كەمپەكە كۆمەك و هاوكاری هێنابوو و دابەشی دەكرد، هێزەكانی پێشمەرگەی زێرەڤانی تەواوی ئەو كۆمەك و هاوكارییانەیان بەیەكسانی دابەشی سەر ئەو لێقەوماوانە دەكرد و لەبەرامبەریشدا ئەوان سوپاسگوزاری ئەو هاوكارییانەبوون.

هەواڵی پەیوەندیدار