تەرجیحی كورد بەدەپەیە یا هەدەپە؟
ئوراڵ چاڵێشلار
لە ئوجەلان داوای لە بەدەپە كردووە كە لە سەر ناوی پارتی دیموكراتی گەلان ( هەدەپە) بەشداری لە هەڵبژاردنە هەرێمییەكانی توركیادا بكات و لەم چوارچێوەیەدا ئایا بەدەپە بریاری داوە كە لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵدا لە سەر ناوی بەدەپە و لە رۆژئاوای توركیایشدا لە سەر ناوی هەدەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكات؟
كاتێك كە بۆ خواردنی نانی بەیانی لەگەڵ هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاشدا كۆبوونەوە پێكەوە نانمان خوارد یەكێك لەو مەسەلانە كە باسمان لێوە كرد ئەوە بوو كە بەدەپە لە سەر ناوی چە پارتییەك بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا دەكات. بە پێ ئەو زانیارییانەی كە دەمیرتاش پێشكەشی كردین پارتی دیموكراتی گەلان ( هەدەپە) بەربژار و پاڵێوراوی بزافی كوردییە كە دەیەوی خۆی بكاتە توركیایی و قۆناخی هەڵبژاردنە هەرێمییەكانی ساڵی داهاتوو تۆزێك ئاڵۆزە بۆیە ئێمە بیرمان لەوە كردووەتە كە لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ لە سەر ناوی بەدەپە و لە رۆژئاوای توركیایش لە سەر ناوی هەدەپە بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەین.
پارتی دیموكراتی گەلان كە لە سەر داواكاری ئوجەلان دادەمەزرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆنگرەی خۆی دەبەستێت و ئارمانجی ئەوەیە كە بە بەشداری كورد، چەپگەر و سوسیالیستەكان و پلاتفورمەكانی ژینگە و گرووپ و كەسایەتییە سەربەخۆكان خۆی ئورگانیزە بكات و تا بەمجۆرە بتوانێت بێجگە لە كورد پێكهاتەكانی دیكەی توركیایش لە دەوری خۆی كۆ بكاتەوە و پشتگیری جەماوەرێكی زۆر بۆ خۆی كۆ بكاتەوە و ببێتە خاوەن پێگەیەكی جەماوەری بەرفراوان تا بەمجۆرە پێكهاتەیەكی نوێ سیاسی لە توركیا بێتە ئاراوە. بێگومان ئەمە رێباز یا مودێلێكی نوێ نییە چونكە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوویش بە ناوی سیبانی پارتەكان یا چەتری پارتەكان تاقی كراوەتەوە. پرسیار ئەوەیە ئایا لە رابردوودا ئەم فرموول یا ئەم مودێلە توانی بگاتە ئامانجەكانی خۆی؟ تا ئەو جێگایە كە من شارەزام لە رابردوودا ئەم فرموولە نەیتوانی بگاتە ئەنجام و ئامانجەكانی خۆی، هۆكارەكەیشی ئەوە بوو كە ئەو پارت و لایەنانەی كە بەشدارییان كردبوو بێجگە پارت و لایەنە كوردییەكان، هیچ جۆرە پێگەیەكی جەماوەرییان نەبوو بۆیە لە نێو پێكهاتەكەدا زۆر لاواز و مارژیناڵ مانەوە و ئەمەیش لە لایەن دەنگدەرەكانی رۆژئاوای توركیاوە شتێكە كە قەبووڵ ناكرێت.
هاوكات لەگەڵ بریاری ئوجەلان بۆ كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە و دانانی چەك، بەدەپەیش لە توركیا و لە سەر گۆڕەپانی سیاسی و پێشهاتە سیاسییەكانی توركیا وەكو فاكتەرێكی یەكجار سەرەكە هێزی خۆی نیشاندا و جێگای خۆی كردەوە و خۆی كرد بە یەكێك لە هاوبەشەكانی هاوسەنگییە سیاسییەكانی توركیا. بەدەپە لە رۆژئاوای توركیایش بە گۆڕانی زمان و سیاسەتی خۆی وردە وردە لە نێو خەڵكێكی زۆردا بۆ خۆی جێگای كردەوە و هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیادا بەدەپەیش توانی بە رێبازێكی نوێ مەیدانێكی بەرفراوانی سیاسی چە لە رۆژهەڵاتی توركیا و چە لە رۆژئاوای توركیا بۆ خۆی بكاتەوە. ئەگەر چەك و شەڕی چەكداری هەبێت بەدەپە ناتوانێت خۆی چالاك بكات و رۆلێكی سەرەكە جێبەجێ بكات بەڵام ئەگەر چەك بێدەنگ بێت و شەڕی چەكداری نەبێت ئەوا بەدەپە زۆر زۆر چالاكە و دەتوانێت رۆلێكی سەرەكە لە نێو هاوسەنگییە سیاسییەكاندا بگێڕێت.
یەكەم جارە كە پارتییەكی كوردی بتوانێت لە رۆژئاوای توركیادا ببێتە خاوەن هێز و پێگەی جەماوەری و ئەمرۆ بەدەپە لە رۆژئاوای توركیادا لە لووتكەی بەهێز بوونی خۆیدایە و رەنگە هۆكاریشی ئەوە بێت كە بەدەپە تاقە پارتی كوردییە كە توانیویەتی بۆ ماوەیەكی درێژ لە توركیا سیاسەت بكات و 5 ساڵە بەبێ راوەستان چالاكە و لە كاتی گۆڕانكارییە هەستیارەكانیشدا بەدەپە رۆلێكی بەرچاوی گێڕاوە و بەمجۆرە بەرێوەبەرایەتی بەدەپە ئەزموونێكی باشی سیاسی و بەرێوەبەرایەتیشی بە دەستەوە هێناوە.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە كە لە بارودۆخی ئەمرۆدا چەندە راستە كە كورد واز لە بەدەپە بهێنێت و بچێتە نێو پارتییەكی نوێیەوە؟ ئایا گۆڕانكارییەكی بەمجۆرە دەتوانێت كاریگەری لە سەر دەنگدەرەكانی رۆژئاوای توركیا بكات؟
من وەكو روشنبیرێك باوەر ناكەم كە ئەم گۆڕانكارییە سوودی بۆ كورد هەبێت. بێجگە لەمە ئەگەر بێتۆ لە جیاتی بەدەپە كورد بەشداری لە پارتییەكی دیكە بكات ئەوا ئەو پارتە نوێیە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت ببێتە هۆكاری گۆڕێنی رای دەنگدەرەكانی رۆژئاوای توركیا و بەمجۆرە ئەو دەنگانەی كە بەدەپە لە رۆژئاوای توركیا بۆ خۆی كۆی كردوونەتەوە دووبارە بە با دەچن و دەكەونە سەر حەسابی پارتییەكی دیكەوە. چونكە ئەو پارتە نوێیە بە ئەوەندەی بەدەپە خاوەن ئەزموون نییە و ناتوانێت بە ئەوەندەی بەدەپە كاریگەری لە سەر رای گشتی رۆژئاوای توركیا بكات.
سەرچاوە: تەرەف




