٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

كاردانەوەی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكانی ئەم دواییەی ڕۆژئاوا لە نێو خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان دا

سەرچاوە: Xebat

دوای ئەو بارودۆخە نالەبارەی چەندین شار و شارۆچكەی ڕۆژئاوای كوردستانی گرتەوە بە كوشتنی چەندین خەڵی كوردی بێ تاوان بە تایبەتی لە گر حاسڵ و گر عەران و گری سپی ئەنجامدران، سەرۆكی كوردستان لە پەیامێكدا داوای پێكهێنانی لیژنەیەكی كرد بۆ لێكۆڵینەوە لەم بارودۆخە و نیشانیدانی ڕاستیی كردارەكە و دووپاتیشیكردەوە هەرێمی كوردستان بە هەر شێوەیەك بێت ئامادەیە بەرگری لە ڕۆژئاوای كوردستان بكات، لەمبارەیەوە خەڵكی ڕۆژئاوا خۆشحاڵیی خۆیان بەو بڕیارەی بەڕێزیان نیشانداوە و بە بەڵگەیەكی گرنگی خەمخۆریی سەرۆك بارزانییان بۆ پاڵپشتیی پرسی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان لە قەڵەمدا.
كارێكی ڕاست و دروست
فوئاد عەلیكۆ ئەندامی كۆمیتەی سیاسی پارتی یەكێتی كوردی سووریا لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەدا سەرۆك بارزانی كارێكی ڕاست و دروستی لەمبارەیەوە ئەنجامداوە و بە پێویستی زانی ئەم كۆمیتەیە دروست ببێت و كاری خۆی بە باشترین شێوە ئەنجامبدات و گوتی : پێویستە ئەم لیژنەیە ئەركی خۆیان لەمبارەیەوە باش بگێڕن و باش خۆیان بۆ گەیشتن بە ڕاستی ئەو كردارەی لەو شوێنەدا ئەنجامدراوە و بە بۆچوونی من مادام كۆمیتەكە بۆ گەڕانە بەدوای ڕاستی پێویستە لەگەڵ ypg و سوپای ئازاد و تەنانەت بەرەی نوسڕەش دابنیشن و خەڵكی ئەو ناوچانەش ببینن و لەوانیش بە شێوەیەكی ڕوونتر لە ڕأستیی بارودۆخ تێبگەن.
گرنگیدانی سەرۆك بە پرسی نەتەوەیی كورد
هەر لەمبارەیەوە ئیبراهیم برۆ ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی ئەوەی دووپاتكردەوە پێكهێنانی ئەم كۆمیتەیە لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە بۆ بەدواداچوونی ئەم ڕەفتارەی ئەنجامدرا بەڵگەی گرنگیدانی بەڕێزیانە بە پرسیگری كورد بە گشتی و ئەو ئەشكەنجەیەیە كە كورد لە ناوچەكەدا بەسەری هاتووە گوتی: ئێمە وەكو كۆمیتەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی بە پەلە لیژنەیەكمان بۆ بەدواداچوونی ڕاستیی ئەم مەسەلەیە پێكهێنا و پەیامی سەرۆك بارزانیمان وەك خۆی جێبەجێ كردووە و بێگومان ئەوەی باش بێت بۆ هەموو كورد و بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەیكەین و بێگومان ئێمە وا بەرەو كۆنگرەی نەتەوەیی دەچین كە چاوەڕوان دەكرێت ئامادەبوونێكی گەورەی جیهانی و نێودەوڵەتیش بەخۆیەوە ببینێت و پێویستە تا كاتی ئەنجامدانی كۆنگرەكە ئێمە گەیشتبینە ڕاستیی بارودۆخ. قورسایی سیاسیی هەرێمی كوردستان و خودی سەرۆك بارزانی د. شەهناز یوسف ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی سووریا ئاماژەی بەوەدا بڕیارەكەی سەرۆك بارزانی هەنگاوێكی مەزنە و بڕیارەكەی بڕیارێكی ڕاست و دروستە و گوتی: ئەو دەمەی سەرۆك مسعود بارزانی ئەو بڕیارەی دا ئەوە لە خواستی كوردانەی خۆی بوو بۆ زانینی ڕاستیی ئەو بارودۆخەی كە لە ڕۆژئاوا ڕوودەدات و بێگومان میدیای نێودەوڵەتی گرنگییەكی زۆری بەو مەسەلەیە داوە بە تایبەتی دوای ڕاگەیاندنی پەیامی سەرۆك بارزانی ئەمەش بەڵگەی قورسایی هەرێمی كوردستانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا و قورسایی سیاسی خودی سەرۆك بارزانییە لەسەر ئاستی نەتەوەییدا.

هەواڵی پەیوەندیدار