چارەنووسی كورد
هیلال قاپڵان
10 رۆژ لەمەوپێش لە رۆژئاوای كوردستان ( باكووری سووریا) لختە ڤیدئو و چەند بەڵگەیەكی دیكە لە سەر تووڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاو كرانەوە كە گوایا بەرەی ئەلنۆسرای سەر بە ئەلقاعێدە دەستی بە كۆمەڵكۆژ كردنی هاووڵاتیە كوردە مەدەنییەكان لە سووریا كردووە. بێگۆمان ئەو دێمەن، هەواڵ و راپۆرتانەیش كە بە مانشێتی" كۆمەڵكۆژی لە رۆژئاوای كوردستاندا" بڵاو كرانەوە نیشانەی وەحشەت و دەڕەندەییەكی یەكجار نامرۆڤانە بوون.
هەواڵی سۆتاندنی سێ جوانی كورد لە لایەن چەكدارەكانی بەرەی ئەلنۆسرایەوە وەكو لختەیەكی ڤیدیو بڵاو كرایەوە و دواتریش وێنەی كۆمەڵكۆژ كردنی ژن و منداڵ و بە ساڵاچووانیش بڵاو كرایەوە، بەڵام هەندێك كەس و لایەن ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەم لختانە هی ئەو كاتەن كە سوپای بەشار ئەسەد شاری بانیاسی بۆردمان كردووە و ئەو سێ جوانە كوردەیش كە سۆتێندراون، رووداوێكە كە لە ساڵی 2011 لە عێراق رووی داوە و ئەو تابەلایەیش كە لە كاتی رێپیوانەكەی هەكاری بۆ پشتگیری كردنی رۆژئاوا سازكرابوو بەكار هێنرا، هەی ساڵی 1983یە و ئەو كاتە لە ناوچەی ئەرزرۆم زەمین لەرزەیەك رووی داوە و ئەو دێمەنانەیش هی ئەو كاتەن.
بەداخەوە بڵاو كردنەوەی ئەم ڤیدئو و هەواڵ و دێمەنە ناراستانە بوون بە هۆكاری شاردنەوەی كۆمەڵكۆژییە گەورەكانی رۆژئاوای كوردستان و سووریا. كۆمەڵكۆژییەكەی لازقییە كە هاوكاتە لەگەڵ كۆمەڵكۆژی هاووڵاتییە كوردەكاندا ئەوەیان سەلماند كە كورد و عەلەوییەكان لە سووریا كرانە ئارمانجی هێرشی رێكخراو و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەكان. ئەو كەسانە كە ئەم جۆرە هەواڵ و ڤیدئویانە بڵاو دەكەنەوە ئارمانجیان ئەوەیە كە بانگەشەی ئەوە بكەن كە گرووپە چەكدارە ئیسلامییەكان سەر بە سوپای ئازادی سووریان و بۆیە پێویستە كورد و عەلەوییەكان لە دژی ئەو گرووپە ئیسلامییە توندڕەوانە و لە دژی سوپای ئازادی سووریا یەك بگرن و پێكەوە شەڕ بكەن.
سەبارەت بە بارودۆخی رۆژئاوای كوردستان هاوسەرۆكی كەجەكە بەسێ هوزات لە دێمانەیەكی خۆیدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباح باسی ئەوەی كردووە كە چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیا و چارەسەر كردنی پرسی كورد لە سووریا پێكەوە گرێدراوە، چونكە سیاسەتی دەوڵەتانی ناوچەكە لە سەر پرسی كورد سیاسەتێكی هاوبەشە و هێرشەكانی ئەلقاعێدە بۆ سەر كوردانی رۆژئاوایش بەشێكە لە پلانی زلهێزە جیهانییەكان و دەوڵەتانی ناوچەكە و زلهێزە جیهانییەكان و هەندێك لە دەوڵەتانی ناوچەكە بەمجۆرە دەیانەوێ قۆناخی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا پەرتەواز بكەن بۆیە بە هەر شێوەیەك پشتگیری لە بەرەی ئەلنۆسرا دەكەن.
منیش وەكو بەسێ بیر دەكەمەوە و پێم وایە كە ئەمریكا لە بەهێز بوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و توركیا چەندان خۆشحاڵ نییە و بۆیە لە بەرێوەبەرایەتی ئیدارەی ئەمریكا هەر جار بە بیانوویەك توركیا لە نزیك بوونە لە هەولێر ئاگادار دەكاتەوە و ئەمریكا پێ خۆش نییە كە پرسی كورد لە توركیا بەم خێراییە چارەسەر بكرێت. لە لایەكی دیكەوە حكوومەتی توركیا سەرەڕای ئەوەی چەندین جار لەگەڵ سەرۆكی پەیەدە سالح موسلێمدا دانیشتووە و ئاماژەی بەوە كردووە كە گرووپە چەكدارە توندڕەوە ئیسلامییەكانی سەر بە ئەلقاعێدە تەنیا زەرەریان بۆ ئوپوزسیونی سووریا هەیە و هاوكات دەستی بە چارەسەر كردنی پرسی كورد بە رێگای ئاشتییانە كردووە، بەڵام گرووپە چەكدارە توندڕەوەكان كە لە لایەن ئاكەپەیەوە پشتگیرییان لێوە دەكرێت دەستیان بە كۆمەڵكۆژ كردنی كوردان لە سووریا كردووە و ئەمەیش سیاسەتێكە كە لە لایەن بەرێوەبەرانی تارانەوە پشتگیری لێوە دەكرێت چوونكە بەرێوەبەرانی تاران لە دژی چارەسەر كردنی پرسی كورد لە توركیان و دەیانەوێ بە نانەوەی ئاژاوە لە سووریا و كۆمەڵكۆژ كردنی كورد لە سووریا قۆناخی چارەسەری لە توركیا پەرتەواز بكەن.
لێرەدا ئەوەی دیار و بەرچاوە ئەوەیە كە لە سووریا ئوپوزسیونی ئەو وڵاتە تا ئێستە نەیتوانیوە یەك دەنگی و یەك رێزی خۆی بپارێزێت و لە نێو خۆیدا بووەتە چەندین پارچە و هەر پارچەیەكی لە ژێر كاریگەری وڵات و هێزێكی دەرەكیدایە و ئەم پارچە بوونە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی سەرنەكەوتنی ئوپوزسیونی سووریایە، ئەگەر بێتۆ لایەنە كوردییەكان بە تایبەتی پەیەدە و پارتەكانی دیكەی كوردیش وەكو ئوپوزسیونی سووریا خاوەن هەڵوێستێكی پارچەكراو بن ئەوا، ئەوانیش ناتوانن شتێك بكەن بەڵام ئەگەر كورد بتوانێت یەكیەتی خۆی بپارێزێت و هێزی خۆی پارچە نەكات ئەوا رەنگە كورد بتوانێت چارەنووسی خۆی و چارەنووسی سووریا بگۆرێت.
سەرچاوە: یەنی شەفەق




