٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

جەمیل بایك خەنجەر لە یەكێتیی كورد دەدات

سەرچاوە: Hewler

سایتى هه‌ولێر

یەكەم چالاكیی جەمیل بایك (جومعە)، دوای ئەوەی لە مانگی ڕابردوودا خۆی كردە هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK، ئەوەیە یەكێتیی كورد تێكبدات و كۆنگرەی نەتەوەیی كورد تێكبدات. مێژووی جەمیل بایك، لە بوونی پەیوەندیی گوماناوی و هەستنەكردن بە واقیعی كوردستان، تەنانەت لە تێكدانی ڕیزەكانی حیزبەكەی خۆیشی و بەكۆمەڵكوشتنی گەریللا بەستەزمانەكان لە چیا. ڕۆڵی جەمیل بایك ئەوەندە ڕوون و بەرچاوە كە جەمیل بایك بۆی نییە دەم لە خەبات و مرۆڤایەتی و هاوكاریی نەتەوەیی كورد بدات.

تۆمەتە بێ بنەماكانی جەمیل بایك بەرامبەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان كە گوایە سنووری سێمالكای داخستووە، بەو شێوەیە و لەو كاتەدا چەند مانایەكی هەیە: یەكەم: جەمیل بایك دەزانێ پارتی دیموكراتی كوردستان، سەنگێكی چەند گەورەی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی هەیە، بۆیەش دەیەوێ بەو تۆمەتبەخشینەوەیە، پارتی بە ململانێی نێوخۆییەوە خەریك بكات، بەو شێوەیەش دەیەوێ گوێڕایەلیی خۆی بۆ ئاغاكانی دووبارە بكاتەوە.

دووەم: دەیەوێ وەك ویستی هەندێ لایەنی دەرەكی، ئەنجامدان و سەركەوتنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد پەكبخات، بەو شێوەیەش دژی ئیرادەی هەموو گەلی كورد دەوەستێتەوە.

سێیەم: جەمیل بایك، بەو تەركیزكردنەی لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان، دەیەوێ جارێكی دیكە جیاوازی و لاملیی خۆی بەرامبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان نیشان بدات كە لە پەیامەكەیدا بۆ كۆبوونەوەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد گوتی، ئەو كارەیان كاتی خۆی لەگەڵ ئیدریس بارزانی لە هەشتاكاندا دەستپێكرد و گوتی دەبێ ئەو كارە سەربكەوێت.

چوارەم: دەیەوێ توركیا لە دژی ڕۆژئاوای كوردستان هانبدات، بەو شێوەیەش ڕێگە لە سەركەوتنی خەباتی ڕۆژئاوای كوردستان بگرێت . ناكرێت وەك پێشووتر، جەمیل بایك و هاوفكرەكانی، ڕۆژئاوای كوردستان بكەنە قوربانی بۆچوون و بیركردنەوە سەقەتەكانیان. ئێمە لێرەدا پێی دەڵێین بوەستە، چونكە ئەوە پرسێكی نێوخۆی حیزبەكەی نییە، بەڵكو پەیوەندی بە هەموو نەتەوەی كوردەوە هەیە.

جەمیل بایك و تێكدانی ڕێككەوتننامەی هەولێر
جەمیل بایك، لە دوای دەستپێكردنی شۆڕشی گەلانی سووریا، دۆسیەی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستانی گرتە دەست. لەو كاتەشەوە، ژمارەیەكی یەكجار زۆر گەریللای بە ڕێككەوتن لەگەڵ ڕژێمی سووریادا ناردە ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و كەوتە هاوكارییەكی ئاشكرا لەگەڵ ڕژێمی سووریا، بەو شێوەیەش وێنەیەكی خراپی بۆ كورد لەلای بەشێكی زۆری خەڵكی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی سووری؛ دروست كرد. له ‌كاتێكدا سیاسەتی كوردی بریتیبوو لە هاوكارینەكردنی میحوەری ڕژێمی سووریا و ئۆپۆزیسیۆنی سووری، بەبێ ئەوەی به ‌شێوەیەكی نووسراو دان بە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستاندا بنێن. بەڵام گوێ لە مستكردنی جەمیل بایك بۆ ڕژێمی سووریا، زیانێكی زۆری لەو سیاسەتەی كورد دا.

هەروەها لە ئەنجامی ئەو سیاسەتە، ڕێككەوتننامەی هەولێریش هەر لەسەرەتاوە پەكخرا كە ئەو ڕێككەوتننامەیە له ‌نێوان ئەنجومەنی گەلی ڕۆژئاوای كوردستان و پارتی یەكێتیی دیموكراتی PYD لە لایەك و ئەنجومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا لەلایەكی دیكە، بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان؛ بەسترا.

بەپێی ئەو ڕێككەوتننامەیە، دەستەی باڵای كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان دامەزرا، بۆ بەڕێوەبردنی هەموو كاروبارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان. بەڵام لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی لەلایەن جەمیل بایكەوە بەسەر PYDدا سەپێندرا، دەستەی باڵای كوردیش نەیتوانی هیچ كارێك بكات كە ببێتە جێگەی ئەو دڵخۆشییەی گەلی ڕۆژئاوای كوردستان بەرامبەر بەستنی ڕێككەوتننامەی هەولێر هەیبوو.

لە ئەنجامی ئەو سیاسەتەشدا، گەلی ڕۆژئاوای كوردستان كەوتە دۆخێكی ئاڵۆزی ناڕوونەوە كە هیچ لەبارەی ئایندەی خۆیەوە نەزانێت و هەزاران كەس لە ئەنجامی هەژاری و نەبوونی ئاسایش لە شارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ئاواره ‌بوون، به ‌شێوەیەك مەترسیی چۆڵبوونی هەندێ ناوچە لە كورد هەیە. هەروەها كەشێكی دیكتاتۆریانە بەسەر ڕۆژئاوای كوردستاندا سەپێندرا كە لە ئەنجامدا هەموو پارتە سیاسییەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان لە گێڕانی هەموو ڕۆڵێكی ئیداری و عەسكەری بۆ بەڕێوەبردن و بەرگریكردن لە ڕۆژئاوای كوردستان و پێشخستنی دەسكەوتەكان دوور خرانەوە،

بە شێوەیەك ڕێگە لە فرەیی گیرا كە هیچیان بەشدارییان لە بڕیاری ئیداری و سیاسیدا پێنەكرا، بەڵكو لەو كاتەوە كە ڕژێمی سووریا حوكمڕانیی هەندێ ناوچەی ڕۆژئاوای كوردستانی تەسلیمی PYD كردووە، چەندان سەركردە و كادیری پارتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و چالاكڤانی مەدەنی لە ڕۆژئاوای كوردستان تیرۆر كراون. ئەوەش بێباوەڕی و بێ هیوایەكی زۆری لەلای خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان دروست كردووە. هەروەها هەموو دەرفەتەكانی سیاسەتێكی هاوبەشی كوردی كوشتووە كە ئەوەش بەهیچ شێوەیەك لەلای خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان و نەتەوەی كورد جێگەی قبووڵكردن نییە.

هەروەها ئەو دوورخستنەوەیەی پارتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای كوردستان، وای كردووە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی به ‌هیچ شێوەیەك ئاوڕ لە بارودۆخی نێوخۆیی ڕۆژئاوای كوردستان نەداتەوە، چونكە جەمیل بایك، تۆمارێكی مەقبوولی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نییە و بە " تیرۆریست"یان داناوە.

جەمیل بایك ئەگەر هیچ لێزانییەكی سیاسی هەبووایە، سوودی لە ئەزموونی پارتەكانی باشووری كوردستان وەردەگرت له ‌كاتی ڕاپەڕینی 1991دا، كە لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانیدا، به ‌هاوبەشی ئیدارە و سیاسەتی باشووری كوردستانیان بەڕێوه ‌برد، تاوەكو پێكەوە بڕیاری هەڵبژاردنی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان دا. بەڵام جەمیل بایك بە سیاسەتەكانی، ڕێگەی لەوە گرت كە (دەستەی باڵای كورد) ببێتە دەزگا و چەترێكی وەك بەرەی كوردستانی. هەروەها لەولاشەوە كەوتووەتە دانانی پڕۆژەی دەستوور و دروستكردنی ئیدارەی زاتی، بەبێ ئەوەی یەك پرس بە پارتەكانی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان بكات، ئەوەش هێندەی دیكە ڕەوشەكەی لە ڕۆژئاوای كوردستان ئاڵۆز كردووە.

دەروازەی نێوان باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان
دەروازەی سێمالكا له ‌نێوان باشوور و ڕۆژئاوای كوردستاندا؛ پێشتر هەر بوونی نەبووە، بەڵام دوای دەستپێكردنی شۆڕشی گەلانی سووریا و خراپبوونی ڕەوشی كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان، بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زۆر زۆر بایەخیان بەوه ‌دا كە بە هەر شێوەیەك بێت ئەو دەروازەیە دروست بكرێت و بكرێتەوە، لەبەر ئەوەش لە ماوەیەكی پێوانەییدا ئەو پردە دروست كرا، كە لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا سەدان تۆن خۆراك و سووتەمەنی وەك هاوكاری بۆ خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان لەوێوە چووە.

هەروەها لەو ماوەیەدا یەك ڕۆژ و یەك كاتژمێر ئەو دەروازەیە‌ لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوه؛ دانەخراوه، ئەو دەروازەیە هەمیشە بۆ هاوكاریی مرۆیی و هاتنی نەخۆش و خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان بۆ ڕۆژئاوای كوردستان؛ كراوه ‌بووە، بەڵام PYD و جەمیل بایك دەیانەوێ ئەو دەروازەیە بۆ بازرگانیكردن بەكار بێنن كە ئەوەش لەلای ئێمەوە مایەی قبووڵكردن نییە. له ‌ماوەی ڕابردووشدا به ‌هەندێ كەس و گەنج؛ زۆر ئیستیفزازی پارتییان كرد، بەڵام پارتی هەر بێدەنگی هەڵبژاردووە، بەڵام ئێستا كاتی ئەوەیە بە جەمیل بایك بڵێین ئیدی بەسه.

سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان كە خۆی لە پشت دروستكردن و كردنەوەی ئەو دەروازەیەوە بێت، چۆن دەكرێ خەڵك بەو درۆیە باوەڕ بكات كە پارتی ئەو دەروازەیەی داخستووە، هەروەك جەمیل بایك نابەرپرسیارانە ئەو قسەیە دەكات.

PYD لەو بارودۆخە ناهەموارەی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستاندا، سەرانە و باجی پەڕینەوەی سنوور لە نەخۆش و خەڵكی لێقەوماوی ڕۆژئاوای كوردستان وەردەگرێت و دەیەوێ بازرگانی له ‌ژێر ناوی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستاندا بكات، بۆ درێژەدان بە سیاسەتە سەركوتكارییەكانی، كە هەموو لایەنەكانی ڕۆژئاوای كوردستان دژی ئەو سیاسەتەی PYD و جەمیل بایكن. هەروەها هەموو پارتەكانی ڕۆژئاوای كوردستان گلەیی ئەوە لە PYD دەكەن كە 15 ملیۆن دۆلاری داهاتی ئەو دەروازە سنووریەیان دیزە بەدەرخۆنە كردووە.

كورد تاكڕۆیی و یەك حیزبی قبووڵ ناكات
پارتی دیموكراتی كوردستان؛ مێژوویەكی زۆر پاك و سەربەرزانەی لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستان هەیە. ئەو پشتیوانییەی كە بۆ بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە ڕۆژئاوای كوردستاندا هەیە؛ بێ وێنەیە. پارتی دیموكراتی كوردستان؛ بەرامبەر خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان، زیاتر لە هەموو لایەنێك هەست بە بەرپرسیارێتییەكانی دەكات.

ئەو كاتانەی سەركردەی چەند پارتێكی كوردی گوتوویانە كە هیچ پارچەیەكی كوردستان لە نێو خاكی سووریادا نییە، پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگیری لەسەر هەڵگرتنی چەوساندنەوەی سەر خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانی كردووە و داوای كردووە مافە نەتەوەییەكانی پێبدرێن. هیچ خاڵێك لە هەموو مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستاندا نییە كە دەستتێكەڵییەكی دژی خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان لەگەڵ ڕژێمی سووریادا كردبێت.
بەڵام جەمیل بایك دەزانێ پێشتر بە چ شێوەیەك خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانی لە شارەكانیان و تەنانەت لە شاخەكانی كوردستانیشدا چەوساندووەتەوە. ئێستاش دەیەوێ هەموو دەستكەوتەكانی كورد لەو پارچەیەی كوردستاندا بە سیاسەتە ناسەركەوتووەكانی تێك بدات.

PYD بەپێی سیاسەتەكانی جەمیل بایك، ڕێگەی لە دروستبوونی ئیدارەی هاوبەش گرتووە بۆ شارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان و بەخۆی تاكڕەوانە و بە زەبری چەك و پشتیوانیی ڕژێمی سووریا؛ دەستی بەسەر هەموو شتێكدا گرتووە، ڕێگەی لەوە گرتووە هیچ حیزبێك بۆ پاراستنی خاك و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستا ن؛ چەكی هەبێت.

ئێستا كاتی ئەوەیە هەموو ئەو كەسانەی لەنێو پارتی كرێكارانی كوردستان و PYDدان بە جەمیل بایك بڵێن ئیدی بەسە. چونكە ئەو سیاسەتە ئەو هیوایەی كە بۆ ڕزگاربوونی تەواوی ڕۆژئاوای كوردستان دروست بووە، تێكدەدات. ئەركی هەموو حیزب و لایەنەكانی باكوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستانە، بەوپەڕی جدییەتەوە لەسەر ئەو تاكڕەویەی كە PYD لە ڕۆژئاوای كوردستان پەیڕەوی دەكات؛ ڕاوەستن، چونكە ئەو دەرفەتەی ئێستا بۆ ڕۆژئاوای كوردستان هەڵكەوتووه،‌ دەخاتە بەر مەترسییەكی زۆر گەورەی لەدەستچوون.

هەواڵی پەیوەندیدار