ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێم لەگەڵ توركیا و ئێران بۆ 12 ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە

وەزارەتی بازرگانیی هەرێم لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا زیاتر لە 3 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ توركیا و ئێراندا هەبووە، راوێژكارێكی وەزارەتەكەش پێیوایە لە ساڵی 2014ـدا ئەو ئاڵوگۆڕە بۆ 12 ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە.
راوێژكاری پەیوەندییەكان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی فەتحی محەمەد، بە "هەولێر"ـی راگەیاند كە لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێم لەگەڵ توركیا 2 ملیار و 370 ملیۆن دۆلار و لەگەڵ وڵاتی ئێرانیش نزیكەی یەك ملیار دۆلار بووە، ئەوەیش جگە لە نەوت و بەرهەمە نەوتییەكان بووە، ئەو ئاشكراشی كرد كە بۆ سالێكی تر ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە بۆ 12 ملیار دۆلار بەرز دەكرێتەوە.
فەتحی محەمەد گوتیشی كە تا ئێستا 2 هەزار و 552 كۆمپانیای بیانی و 16 هەزار و 29 كۆمپانیای خۆماڵی تۆمار كراون، هەروەها 2 هەزار و 730 كارگە لە سەرجەم سێكتەرەكان لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن و كارگەكانیش تایبەتمەندن و زیاتر لە بوارەكانی پیشەسازی و بیناسازی و كەرتی كشتوكاڵدان.
راوێژكاری پەیوەندییەكان لە وەزارەتی پیشەسازی، گوتیشی كە هەندێك لە وڵاتانیش داوای مۆڵەتی بازرگانییان كردووە و هەندێكیش وەكوو میرنشینی دوبەی، مۆڵەتیان پێدراوە.




