بۆ ئەوەی بتوانن رۆژئاوای كوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەكان بپارێزن

ئا:سەعد هەورامی
هێرشی چەكدارە ئیسلامییە توندڕەوەكان لە رۆژئاوای كوردستان بۆ سەر ماڵ و حاڵی هاووڵاتیانی كورد بەردەوامە و، تاكو ئێستاش 300 هاووڵاتی لە ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزانەدا دەستبەسەرن.
بۆ رێگەگرتن لە سەرهەڵدانی هەر توندوتیژییەكی ناوخۆیی و دروستنەبوونی شەڕی ناوخۆیی لە نێوان هێز و پارتە سیاسییەكانی رۆژئاوای كوردستان، رۆژی 11ـی تەمووزی 2012 سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی، سەرپەرشتیی واژۆكردنی رێككەوتنێكی كرد لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردی سووریا و ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای كوردستاندا و دوای دەركردنی راگەیەندراوێك دەستەیەكی باڵای هاوبەش لە نێوان هەردوولادا پێكهێنرا بە ناوی "دەستەی باڵای كوردی" كە ئەركەكەی دانانی سیاسەتێكی گشتی و سەركردایەتیكردنی كوردی سووریایە لەم قۆناغە چارەنووسسازەی كە پێیدا تێپەڕدەبن و تەئكیدیش لە راگرتنی هەموو جۆرە هێرشێكی راگەیاندن لە نێوان هەردوولادا كرایەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا دكتۆر كاوە ئازیزی، بە رۆژنامەی "هەولێر"ـی گوت كە بارودۆخی ئێستای رۆژئاوای كوردستان زۆر خراپە و چەكدارە ئیسلامییە توندڕەوەكان لە هەموو شوێنێكەوە هێرش دەكەنە سەر خەڵكی مەدەنیی ناوچە كوردییەكان و خوێنیان حەڵاڵ دەكەن.
پێكهێنانی دەستەی باڵا
پاش رێككەوتنامەی هەولێر و دروستبوونی دەستەی باڵای كوردی بۆ رۆژئاوای كوردستان، هەوڵەكانی پارتی یەكێـتیی دیموكراتی "پەیەدە" بۆ بەهێزبوونی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان، نیگەرانیی لای پارتە كوردییەكانی دیكەی رۆژئاوای كوردستان دروست كرد و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە دەستەی باڵای كوردی نەتوانێت وەكو هێزێكی بڕیاردەر دەربكەوێت..
ئەو دەڵێت "هیچ كەس لەو دەستەیەدا كار ناكات و هەمووان سەرقاڵی كارە حزبییەكانی خۆیانن، بۆیە دەستەكە فەرامۆش كراوە."
دكتۆر كاوە ئازیزی ـیش هەموو رەخنەكان ئاراستەی پەیەدە دەكات و دەڵێت "پەیەدە بووەتە هۆی پەكخستنی دەستەی باڵا و نایەوێت هیچ خاڵێكی رێككەوتننامەكە جێبەجێ بكرێت".
جێگری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران حەسەن شەرەفی، بە رۆژنامەی "هەولێر"ـی گوت كە پێویستە هەموو هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان پابەندی خاڵەكانی رێككەوتننامەی هەولێر بن كە دەستەی باڵای كوردی تێدا پێكهات بۆ ئەوەی بتوانن رۆژئاوای كوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەكان بپارێزن.
هەوڵی سەركردایەتیی كورد
لە پاش دروستبوونی دەستەی باڵای كوردی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی چەند جارێكی دیكە لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆ بووەتەوە و داوای لێ كردن كە بەرانبەر بە پرسی رۆژئاوای كوردستان یەكگرتوو بن.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی ـیش، هەفتەی رابردوو بە سەردانێك چووە توركیا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا كۆ بووەوە و یەكێك لە پرسەكانی ناو كۆبوونەوەكانیش، قسەكردن بوو لەسەر رۆژئاوای كوردستان.
كێشەكانی ڕۆژئاوای كوردستان
دوای دروستبوونی ئەنجوومەنی باڵای كوردی، بڕیار درا كە هێزێكی هاوبەش بۆ بەرگریكردن لە رۆژئاوای كوردستان لە ژێر باڵی ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستاندا دروست بكرێت و هەر ئەو ئەنجوومەنەش سەرپەرشتی بكات، بەڵام تاكو ئێستا هێزەكانی "یەپەگە" تەنیا هێزن لە رۆژئاوای كوردستان و هیچ هێزێكی دیكە بۆ بەرگریكردن لە رۆژئاوای كوردستان نییە، لە كاتێكدا جگە لە پارتی یەكێتیی دیموكراتی، زیاتر لە 15 حزبی دیكە لە رۆژئاوای كوردستاندا هەن.
دكتۆر كاوە ئازیزی پێیوایە كە ئەوان لەناو خاكی رۆژئاوای كوردستان و لە دەرەوەی رۆژئاوای كوردستانیش هێزێكی سەربازیی باشیان هەیە، بەڵام "پەیەدە" رێگە نادات ئەو هێزانە لە رۆژئاوای كوردستاندا هەبن.
بە گوتەی ئازیزی، هەر هێزێك جگە لە "یەپەگە" خۆی دەربخات، "پەیەدە" شەری لە دژ رادەگەیەنێت و دەستگیریان دەكات، بۆیە تاكو ئێستایش ئەوان هیچ هێزێكیان بۆ رۆژئاوای كوردستان دروست نەكردووە.
نوێنەری پارتی یەكێتیی دیموكراتی پەیەدە ـیش، ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان رێگر نین لە هیچ هێزێك كە بەرگری لە رۆژئاوای كوردستان بكات و ئەو لایەنانەیش كە دەڵێن هێزمان هەیە، تەنیا قسەیە و ئەوان هیچ هێزێك نابینن. دكتۆر كاوە ئازیزی ڕوونی كردەوە كە پەیەدە تەنیا بە مەرجێك هەبوونی ئەو هێزانە قبوڵ دەكات كە لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بن و ئەوەیش پێچەوانەی رێككەوتننامەی هەولێرە و تەنیا خۆسەپاندنە.
داواكردنی هێز
زیادبوونی هێرشەكانی چەكدارانی جەبهەتولنوسرە و هێزەكانی قاعیدە لە رۆژئاوای كوردستان بۆ سەر ناوچە كوردییەكان، رۆژ بە رۆژ فراوانتر دەبێت و بەرپرسی پەیەدەش لە هەرێمی كوردستان، بە رۆژنامەی "هەولێر"ـی گوت كە تاكو ئێستایش 300 هاووڵاتیی مەدەنی لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستگیر كراون و بە دەیان كەسیش لە ژێر هەڕەشەدان.
جەعفەر حەنان هەروەها ئاماژەی دا كە ئەوان داوایان لە هیچ لایەنێكی كوردی لە هیچ پارچەیەكی كوردستان نەكردووە كە هێز رەوانەی رۆژئاوای كوردستان بكەن بۆ بەرگریكردن لە رۆژئاوای كوردستان.
بە گوتەی جەعفەر حەنان، ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی و گەنجی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی بچنە رۆژئاوای كوردستان و بەرگری لە رۆژئاوای كوردستان بكەن و ئەوانیش ئەو هەڵوێستە كوردانەیان بەرز دەنرخێنن.
جێگری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران حەسەن شەرەفی، ئەو هەواڵەی رەت كردەوە و ئاماژەی بەوە دا كە ئەو هەواڵە سەرلەبەری درۆیە و هیچ لایەنێك داوای رەوانەكردنی هێزی لەوان نەكردووە و ئەوان پشتگیری لە براكانیان لە رۆژئاوای كوردستان دەكەن، بەڵام تەداخولی سەربازیی هیچ پارچەیەكی كوردستان ناكەن.
بێدەنگیی لایەنە كوردییەكان
لە كاتێكدا كە خوێن و ژن و ماڵ و منداڵی كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان لە لایەن هێزە ئیسلامییەكانی ئەو وڵاتەوە حەڵال كراوە، بەڵام تاكو ئێستایش هیچ هێز و لایەنێكی كوردی بە شێوەیەكی فەرمی ئەو كردەوانەی ئیدانە نەكردووە و لە دژی نەوەستاوەتەوە.
جەعفەر حەنان نیگەرانیی خۆی لە بارەی نەبوونی هەڵوێستی حزب و لایەنە كوردییەكان لەو بارەیەوە دەربڕی و ئاماژەی دا كە تاكو ئێستا بە عیلمانی و ئیسلامییەكانەوە هیچ هەڵوێستێكیان بەرانبەر بە حەڵاڵكردنی خوێنی كوردستان لە رۆژئاوای كوردستان دەرنەبڕیوە. حەسەن شەرەفی بە رۆژنامەی "هەولێر"ـی گوت كە ئەوان پرۆتستۆی هەموو ئەو هێرش و پەلامارانە دەكەن كە دەكرێتە سەر برا و خوشكەكانیان لە رۆژئاوای كوردستان و بە توندییش دژس دەوەستنەوە.




