پەیمان عەبدولكەریم بۆ خهبات: ئەمساڵ30 هەزار قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگاكان وەردەگیرێت

گفتوگۆی: عەلی بانیشاری
پەیمان عبدالكریم، ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەڕلەمانی كوردستان لەگفتوگۆیەكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی خەبات لەمەڕ گرفتەكانی بەردەم پرۆسەی پەروەردە لەهەرێمی كوردستان و ئەو گرفتانەی ئێستا ڕووبەڕووی وەزارەتی خوێندنی باڵا بوونەتەوەو چەند پرسێكی ترەوە دەدوێت.
30 هەزار قوتابی وەردەگیرێت
پەیمان عەبدولكەریم لەسەرەتای گفتوگۆكەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی خەبات ئاشكرای كرد ئەم ساڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا توانای خۆی بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆو پەیمانگاكانی كوردستان دیاری كردووە كە30 هەزار قوتابییە. ئەو ئەندام پەڕلەمانە نایشارێتەوە ئەم ساڵیش وەك سەرجەم ساڵانی ڕابردوو ترسێكی گەورە هەیە بۆ مانەوەی بەشێكی لە قوتابیان و بێبەش بوونیان لە قبوڵكردنیان لە ناوەندی زانكۆو پەیمانگاكانی هەرێم، وتیشی ئەم كێشەیە هەموو ساڵێك دووبارە دەبێتەوە، كێشەكەش تەنها پەیوەست نییە بەوەزارەتی خوێندنی باڵاوە، بەڵكو پێویستە سەرۆكی حكوومەت بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلان دانان ڕەچاوی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بكات. ناوبراو دەشڵێت:نابێت قبوڵكردن لەزانكۆكان تەنها لەپێناوی قبوڵكردن بێت، بەڵكوو لەپێناوی ڕاییكردنی پێداویستی بازاڕەكانی هەرێم و وەزارەتەكاندا بێت.
چارەنووسی قوتابیان
ئەو ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان لەبارەی چارەنووسی قوتابیان لەئەگەری وەرنەگرتنیان لەزانكۆو پەیمانگاكامی كوردستان دەڵێت: بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە دەبێت حكوومەت چاو بەجۆری خوێندن و ئامادەكردنی گەنجان بۆ فێربوونی جۆرەها پیشەو پسپۆڕیان بخشێنێـتەوە. بوونی دەرفەتی كارو ناوەندی كارو كارگەو شوێنی ئیشكردن و دانان و هەمواركردنی یاساكانی تایبەت بە هەر یەكە لە دەستە بەری كۆمەڵایەتی، دڵنیایی تەندروستی، موڵەتەكان.
بەبڕوای پەیمان عەبدولكەریم هەموو ئەمانە هاندەرن بۆ ئەوەی گەنجان فێری ئەو ڕاستییە بن كە شارەزایی و پسپۆڕی لەقۆناغی خوێندن دروست دەبێ، نەك تەنها بەخوێندنی تیۆری زانكۆیی.
نەدانی پارەی قوتابیانی تواناسازی
خەبات: قوتابیانی تواناسازی لە چەند وڵاتێك گازندەی نەدانی پارەی خوێندن دەكەن و ئەو قوتابیانەی كە لە ڕوسیاشن نمونەیەكی ئاشكرایە، چ گرنتیەك هەیە بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم كێشانە؟
پەیمان عەبدولكەریم دەڵێت: ئێمە لەزۆربەی قۆناغەكاندا پێداچوونەوەمان بەسیستەمەكەدا كردووە، هەوڵمان داوە كێشەكان چارەسەر بكەین، بۆردی قبوڵكردن كاراتر بكەین، تا بەزووترین كات قوتابیان بەڕێ بكەن و پارەی دیاری كراویان بۆ سەرف بكرێت. وتیشی: ئەوەی ئێمە ئاگادار بین ئەوانەی قبوڵ كراون ریزبەندی كراوە بۆ وەرگرتنی بڕە پارەی دیاریكراو بەگوێرەی زانكۆكان و جۆری خوێندنیان.
لەبارەی درەنگ گەیشتنی پارەی قوتابیانی تواناسازییەوە، ئەو ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان لەلیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا گوتی: درەنگ گەیشتنی بڕە پارەی ئەو قوتابیانە پەیوەستە بە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داریییەوە.
50 هەزار دەرماڵە بۆ قوتابیانی سەر بەپەروەردە
خەبات: بەغداد بڕیارەی دانی 50 هەزار دینار لەساڵی نوێدا بۆ قوتابیانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە داوە، ئەم بڕیارە كوردستانیش دەگرێتەوە؟
پەیمان عەبدولكەریم بۆ ئەو مەبەستە وتی: ئەگەر لە بەغداد هەر بڕە پارەیەك زیاد بكرێت دەبێت ئەم بڕیارەش بەگوێرەی تەرخانكراوی لەسەدا 17 بدرێتە هەرێمی كوردستانیش، جا لەكاتێكدا كەپارەكە دەنێردێتە كوردستان ئەوا دەبێ حكوومەتی هەرێم پابەند بێت پێیەوەو دابەشی بكات بەسەر هەموو ئەو قوتابیانەی كە سەر بەوەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن.
ئەو باسی لەوەش كرد ئەوان لەپەڕلەمانی كوردستان پێیان خۆشە قوتابیانی هەرێمی كوردستان لەو بڕە پارەیە سودمەند بن، بەڵام لەبەر ئەوەی تائێستا هیچ باسی ئەم بڕە پارەیە نییە، نازانم لەداهاتوودا چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەكرێت.
ڕەوشی خوێندن مەترسیدارە
ڕەوشی خوێندنی كوردی لەكەركوك بە وتەی بورهان محەمەد فەرەج ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەژێر مەترسیدایەو گرفت بۆ خوێندنی كوردی دروست دەكرێت، هەست ناكەیت كە لەم ڕووەوە كەمتەرخەمی هەیە؟ ئایا تۆش هەمان بۆچوونی پەڕلەمانتار بورهان محەمەد فەرەجت هەیە؟
پەیمان عەبدولكەریم: ڕاستە ڕەوشتی خوێندنی كوردی لەناوچەكانی دەرەوەی هەرێم مەترسیدارەو زۆر گرفتی لەبەردەمدایە، لەڕاستیدا ئەم پرسە دەبێ بەیاسا چارەسەر بكرێت، ئەمەیش لەپەڕلەمانی بەغداوە، ئینجا بە هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەی بەغداو هەرێم جێبەجێ بكرێت، چونكە ناكرێت بەغداد بەجۆرێك ئیدارەی بدات و هەرێمیش بەجۆرێكی دیكە، راستە هەرێم ساڵانە مامۆستاو قوتابخانەو پێداویستەكانی تر خوێندن دابین دەكات، بەڵام ئەم پرسە یەكەم جار پێویستی بەبودجەی چاك هەیە بۆ بونیاتنانی ژێرەكی و زەمیینە خۆشكردنی پرۆسەكە دواتر بە پلان و بەرنامەی تۆكمە چارەسەر بكرێت.
چۆنییەتی چارەسەر
لەكۆتایی گفتوگۆكەماندا، بەبڕوای ئەو ئەندامی پەڕلەمانە پێویستە بەرنامەو پلانیكی زانستی و سەردەمییانە دابڕێژرێت بۆ چارەسەركردنی پەرەپێدانی رەوشی خوێندن لە هەرێم، بەرەچاو گرتنەبەری ئەوەی كێشە پەروەردەییەكان رۆژ لەدوای رۆژ زەق دەبنەوە. ئەركی حكوومەت چییە؟ پەیمان عەبدولكەریم: كاتێك لە لایەن حكوومەتەوە كەرتی تایبەت بەشدار دەكرێت لەم پرۆسەیەدا، ئەركی حكوومەت رەچاوكردنی مافی خوێندنی هەر قوتابییەكە لەبودجەی وەزارەتی پەروەردە كە لەدەستوری عێراقدا دیاری كراوە، بۆ نەهێشتنی ئەم جیاوازییە زۆرەی كە ئێستا كەوتوتە ناو قوتابخانە حكوومی و تایبەتەكانەوە.
لەلایەكی تریشەوەڕاستی گرنگە ئێمە سود لەئەزموونی وڵاتانی دراوسێ وەربگرین لە فێركردن و ڕاهێنانی مامۆستاو دامەزراندنی و بەرنامەی خوێندن، سەرپەرشتیاری كردن، ئیدارەی قوتابخانەكان.




