٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

سەردەمی زێڕینی كورد

سەرچاوە: KDP.info

گۆكهان باجیك

پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، هەروەها بوونی پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان وڵاتانی جیهان و هەرێمی كوردستان و سەیركردنی كوردستان وەك نموونەیەكی دیموكراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چەند هۆكارێكن كە نووسەری ئەو وڵاتانە گرنگی بە رووداوەكانی كورد بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بدەن.

ئەو پەیوەندییە بەهێزەی كە لە نێوان توركیا و هەرێمی كوردستاندا هەیە، وای لە زۆرێك نووسەر و ستووننووسەكانی رۆژنامە توركییەكان كردووە كە بابەت و سەرنجەكانیان تایبەت بكەن بە هەرێمی كوردستان.

نووسەرێكی تورك بە ناوی (گۆكهان باجیك) لە ڕۆژنامەیەكی توركی بە ناوی "تودەی زەمان" كە ڕۆژنامەیەكی نزیك لە حكوومەتی توركیایە، بە پێداگرییەوە دەڵێت كە ئەو سەردەمەی ئێستا، سەردەمی زێڕینی كوردە، نووسەر لە وتارەكەیدا هۆكارەكانی زێڕینیبوونی ئەو سەردەمە بۆ كورد، روون دەكاتەوە.

ئەو دەڵێت "بۆ كوردەكان ئێستا هەلێكی مێژوویی هاتووەتە پێش كە پێگەی سیاسیی خۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر بكەن بۆ یەكەم جار و لە دوای سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، هەروەها نووسەر دەڵێت كە زیادەڕۆیی نییە ئەگەر ئەم سەردەمە بە سەردەمی زێڕینی كوردان ناو بنێین.

دەشنووسێـت "كورد لە سەری كانیێ تا بەرلین هەموو لەو باوەڕەدان كە ئەو هەلەی ئێستا بۆیان رێككەوتووە، لە سەدەیەكدا تەنها یەك جار بۆیان رێك دەكەوێت."

لە بەشی دووەمی وتارەكەیدا (گۆكهان) دەنووسێت "هەموو فاكتەرەكان ئێستا بە ئاراستەی بەرەوپێشچوونی كوردەكان و دانپێدانانیانە، هەروەها ئێستا كارەكتەرە جیهانی و هەرێمییەكان كورد وەك نەتەوەیەك سەیر دەكەن نەك وەك كۆمەڵە خەڵكێك، دانپێدانانیش خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی كوردەكاندا.

لە لایەكی دیكەشەوە ئەو سیستەمەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە پێشتر رێگەی لە هەڵسانەوەی كوردەكان و خۆڕێبەرییان دەگرت، سەركەوتوو نەبوو، ئیتر سووریا و عێراق بوونیان نییە، توركیاش جاران زۆر سەركەوتوو نەبوو لە چارەسەركردنی كێشەی كوردی وڵاتەكەی، بەڵام بەم دواییە یاریدەدەرێكی ئەردۆگان گوتی كە ئەوان بۆیە پرۆسەی ئاشتییان دەست پێكردووە، چونكە هیچ هەڵبژاردنێكی دیكەیان لە بەردەستدا نەبووە، بە كورتی هیچ وڵاتێك ناتوانێت یەك هەنگاو لەو بەرەوپێشچوونەی كورد بوەستێنێت، بە رێكەوتنێك كە نووسەر بە مێژوویی وەسفی دەكات، هیچ سیستەمێكی هەرێمیش نییە ئاستەنگ بۆ كورد دروست بكات، چونكە ئەو سەردەمە سەردەمی كوردەكانە.

نووسەرەكەی رۆژنامەی تودەی زەمان، لە كۆتایی وتارەكەیدا باسی ئەوە دەكات كە راستە كورد لەگەڵ گۆڕانی سیستەمی فەرمانڕەوایی وڵاتانی عەرەبی چووە پێشەوە، بەڵام پەیوەندیی كورد و تورك لە ئێستادا گرنگترین پەیوەندیی ناوچەكەیە، داهاتووی ئەو پەیوەندییەش زۆر گرنگە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها باسی كوردستانی رۆژئاواش دەكات و دەڵێت، یەك راستیی سادە هەیە ئەویش ئەوەیە، توركیا دەبێت خۆی لەگەڵ سیاسەتی كوردەكاندا بگونجێنێت.

جێی ئاماژەیە، توركیا پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا زۆر بەهێزە و، هەفتەی رابردووش سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لەسەر داوای سەرۆكوەزیرانی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەردانی توركیای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا كۆ بووەوە، هەروەها بە هەوڵ و گفتوگۆكانی بەرپرسانی هەرێم توركیا لە مانگی یەنایری ئەمساڵدا پرۆسەی ئاشتیی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستاندا دەست پێكرد.

گۆكهان باجیك، شارەزایەكی سیاسییە، مامۆستای زانكۆیە لە زانكۆی ئیپێك و هەروەها گۆشەنووسی رۆژنامەی تودەی زەمان ـیشە.

هەواڵی پەیوەندیدار