حكوومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتی توركیای لە بەرامبەر هەر چوار پارچەی كوردستاندا گۆڕی

حكوومەتی توركیا لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك هێناوە و، ئێستایش لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێی دیالۆگەوە كێشەی كوردی وڵاتەكەی چارەسەر بكات.
ئەگەر سەرۆكوەزیرانی توركیا (رەجەب تەیب ئەردۆغان) بتوانێت لە ڕێی دیموكراسییەوە كێشەی كوردی وڵاتەكەی چارەسەر بكات، ئەوا وەكو كەسێكی زۆر سەركەوتوو و پشتیوانی پرۆسەی دیموكراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناوی دەچێتە مێژوەوە، ئەگەریش ناوبراو نەیتوانی ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، ئەوا قەیرانەكانی توركیا درێژەیان دەبێت و، گەورەتریش دەبنەوە.
پەیوەندیی بەهێزی هەولێر و ئەنقەرە
بەرپرسانی ئەنقەرە بۆ ماوەی چەندین دەیە ترسی ئەوەیان هەبوو، دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی لەودیو سنووری توركیاوە دابمەزرێت، ئەوان پێیانوابوو دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە، هانی كوردەكانی توركیایش دەدات، بۆ ئەوەی ئەوانیش داوای سەربەخۆیی بكەن،
هەر لە سەر ئەم بنچینەیەیش حكوومەتی توركیا بۆ ماوەی چەندین دەیە كوردەكانی وڵاتەكەی چەوساندەوە و، مامەڵەیەكی نەشیاویشی لەگەڵ كوردەكانی وڵاتانی دیكەدا كرد، بەڵام نەیتوانی ڕێگا لە ڕووداوەكان بگرێت.
ئێستا هەرێمی كوردستان لە باكووری عێراق، هەموو خەسڵەتێكی سەربەخۆیی تێدایە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ حكوومەتی توركیادا پێك هێناوە، ئەمەیش لە بەرژەوەندی هەردوولادا بووە.
شەڕی ناوخۆی سووریا بەرپرسانی ئەنقەرەی نیگەران كردووە، چونكە ترسی ئەوەیان هەیە هەرێمێكی ئۆتۆنۆمی كوردی لە ڕۆژئاوای كوردستان دابمەزرێت.
بەڵام سەركەوتویی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا وای كردووە، دیپلۆماتەكان و نووسەرانی ناسراوی توركیا، داوا لە سەرانی وڵاتەكەیان بكەن هەمان ئەو سیاسەتە ئەرێنی و دۆستانەیە لەگەڵ ڕۆژئاوای كوردستان پەیڕەو بكەن كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ حكوومەتی هەرێم لە باشووری كوردستان پەیرەویان كردووە.
كاریگەریی سیاسەتی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان
هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ئارامە، ئەوەیش بۆ توركیا گرنگە، چونكە هەرێم و توركیا هاوسنووری یەكترین،
بیرتان نەچێت ئەم ئارامییەی هەرێم لە كاتێكدایە شڵەژاوی و توندوتیژی ناوچەیەكی بەرفراوان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی گرتووەتەوە، لە بواری ئابورییشەوە، پەیوەندیی نێوان توركیا و حكوومەتی هەرێم سوودێكی گەورەی بۆ هەردوولا هەبووە و هەیە.
چەندین ساڵە پەكەكە لە بەرزاییەكانی قەندیلدایە، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بەردەوام ئاماژەیان بەوە كردووە، كێشەی پەكەكە پەیوەندیی بە پرسی كوردەوە لە توركیادا هەیە، هەربۆیەیش دەبێت بەرپرسانی ئەنقەرە لە وڵاتەكەیاندا ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن.
ئەم هەڵوێستەی بەرپرسانی هەرێمیش كاریگەری گەورەی هەبووە و هەربۆیەش دواجار بەرپرسانی پارتی داد و گەشەپێدان بڕیاریاندا هەوڵ بدەن كێشەی كوردی وڵاتەكەیان لە ڕێگایەكی دیموكراسیەوە چارەسەر بكەن.
(یاسار یاكیش) یەكێكە لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا و وەزیری دەرەوەی پێشووتری وڵاتیش بوو، ئەو بە ڕۆژنامەی "تەرەف"ی وڵاتەكەی ڕاگەیاند كە 20 ساڵ پێش ئێستا داوای لە بەرپرسانی توركیا كرد، پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك بهێنن،
تەنانەت ئەگەر بێتو ئەو پەیوەندیە ببێتە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی، ئەو بە "تەرەف"ـی ڕاگەیاند "ئێستایش بە بەرپرسانی توركیا دەڵێم دەبێت پەیوەندی لەگەڵ كوردانی سووریا پێك بهێنن".
توركیا و ڕۆژئاوای كوردستان
وادیارە سەرۆكوەزیرانی توركیا بیروڕاكانی یاكیشی زۆر بەلاوە پەسەندە و، هەربۆیەیش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گۆڕانكارییەكی گەورە لە سیاسەتی ئەنقەرە لە بەرامبەر ڕۆژئاوای كوردستاندا بینراوە، دیارترینی ئەو هەنگاوانەیش بانگهێشتكردنی سەرۆكی پەیەدە (ساڵح موسلیم) بوو بۆ توركیا، بۆ مەبەستی كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا.
(ساڵح موسلیم) لەو بارەوە ڕایگەیاند: تێڕوانینی بەرپرسانی ئەنقەرە لە بەرامبەر پرسی كورددا زۆر گۆڕاوە، توركیا دەیەوێت كێشەی كوردی وڵاتەكەی چارەسەر بكات، ئەمەیش كاریگەریی لە سەر كوردەكانی دیكە هەیە، كەواتە توركیا دەیەوێت پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ هەموو كورەكان هەبێت.
كۆبوونەوەكەی (موسلیم) و بەرپرسانی توركیا، پاش كۆبوونەوە ئامادەكارییەكەی ڕۆژی 22ی مانگی ڕابردووی نوێنەرانی هێزە سیاسییەكان بوو لە هەرێمی كوردستان.
چەند ڕۆژێك پێش ئێستایش، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) سەردانی توركیای كرد و، لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆكوەزیرانی ئەو وڵاتە كۆ بووەوە، ئەم ڕووداوانەیش ئەوە پێشان دەدەن كە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و كورد لە داهاتوودا بەهێزتر دەبن.
نووسینی: سەمیح ئیدز
سەرچاوە: بەشی ئینگلیزیی مالپەڕی "مۆنیتەر"
وەرگێڕانی: عەلی حەسەن زەڵمی




