٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

دوایین دیمانه‌ی پێشمه‌رگه‌، ڕووناكبیر، سیاسه‌تمه‌دار و نووسه‌ر (فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی) له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی "هه‌ولێر"

سەرچاوە: Hewler

دیمانه‌: سەعد هەورامی

لە كاتێكدا كە سەرقاڵی ئامادەكردنی دوایین دیمانەی كەسایەتیی سیاسی و ڕووناكبیری ناسراوی كورد فەلەكەدین كاكەیی بووین كە پێرێ رۆژنامەی (هەولێر) لەگەڵیدا ئەنجامی دابوو، كەچی بە داخ و كەسەرێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی و گیانسپاردنی ئەو كەڵە نووسەر و جیهانناسەمان پێگەیشت.

بۆیە لێرەدا، بە یادگاریی بەخێر و پڕ لە وەفاداری بۆ ئەو بیرمەندە مەزنەی نەتەوەی كورد، بە ئەمانەتەوە دوایین دیمانەی كاكەیی كە تایبەت بوو بە رۆژنامەكەمان، بڵاو دەكەینەوە كە وەبیرهێنانەوەیەكی گرنگی پڕ لە هەوڵ و كۆششی سەركردە و هەڤاڵەكانی خۆی بۆ داڕشتنی بەردی بناغە و سەركەوتنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد خستە ڕوو.

نووسەر و ڕوناكبیر فەلەكەدین كاكەیی، لە دیمانەیەكی رۆژنامەی "هەولێر"ـدا ڕایگەیاند كە هۆكاری سەرەكیی سەرنەكەوتنی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی لە رابردوودا، قبوڵنەكردنی یەكتری و هەروەها وڵاتانی دەوروبەر بوون، بەڵام هۆكارە سەرەكییەكە یەكترقبوڵنەكردنی ناوخۆیی بووە.

* بیرۆكەی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی لە سەرەتاوە كەی سەری هەڵدا؟
- پێش ساڵی 1980 بیرۆكەی بەرە لە نێوان حزبەكاندا هەبووە، دوای ئەوەش كە نسكۆی ساڵی 1975 بەسەر شۆڕشدا هات، كۆمیتەیەك پێك هات بۆ لیكۆڵینەوە لەسەر هۆكاری شكستهێنانی ئەم شۆڕشە، ئەوە بوو دەرەنجام گەیشتینە ئەوەی كە دەبێت سیاسەتی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان بگۆڕین، بڕیارێكی دیكەش چاككردنەوەی پەیوەندی بوو لەگەڵ حزبەكانی دیكەدا كە تێكچووبوو و پێویست بوو چاكی بكەینەوە، چونكە لەو كاتەدا زۆربەی حزبەكان بەرانبەرەكەی خۆیان قبوڵ نەدەكرد، بەڵام پارتی لەو كاتەدا بڕیاری دا كەس رەت نەكاتەوە و ئەوەش سیاسەتێكی زۆر تازە بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چونكە تا ئەو كاتە تەنیا ئیسڕائیل و توركیا ئەو سیاسەتەیان هەبوو و حزب و وڵاتانی ناوچەكە ئەو سیاسەتەیان نەبوو، ئەوەیش بە بنەمای بیرۆكەكە دادەنێین.

* ئەو كاتە چی بۆ ئەو كارە كرا؟
- ئێمە گەڕاین بۆ ئەوەی بزانین كێ هاوپەیمانە بۆ ئەوەی جەبهە ببەستین لەسەر یەكترقەبوڵكردن نەك لەسەر یەكتر ڕەتكردنەوە، ئەوە بوو كە لە كۆنفرانسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرلین كرایە بەرنامە لە ساڵی 1976ـدا و ئەوەیش بووە بنەمایەك بۆ بەرەی كوردستانی لە كوردستاندا و بۆ بەرەی سیاسیش لە عێراقدا كە لە ساڵی 1991ـدا دیار كەوت لە راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كورددا و ئەوەیش دەتوانین ناوی بنێین بە زەمینەسازی لەو بوارەدا، لێرەشەوە كەوتینە گفتوگۆ لەگەڵ حزبەكانی دیكەدا هەرچەندە ژمارەیەكیان ئامادە نەبوون و بەو شێوەیە بیریان نەدەكردەوە، ئەوكات نزیكترین حزبیش كە لەگەڵمان كۆك بوو لەسەر ئەو كارە، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بوو كە ئەو كاتە واتە ساڵی 1980 هاتنە كوردستانی عێراق و ئێمە ئەو كات وەكو مەكتەبی سیاسیی پارتی بڕیارمان دا هەر حزب و گرووپێك بێتە كوردستانی عێراق ئێمە هاوكاری بكەین و قبوڵیان بكەین و جێگەیان بكەینەوە. ئەوكاتە حزبێكی زۆر دەهاتن، بەڵام زۆربەیان داوایان دەكرد لە رێگەی ئێرانەوە بچنە ئەورووپا و تەنیا پەكەكە بوو كە مایەوە و گوتی ئێمە لێرە درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین.

ئیتر لە ساڵی 1980 بۆ یەكەمجار پەیوەندی بە پەكەكەوە كرا و من ئەوكات بەرپرسی پەیوەندییە نشتمانییەكانی پارتی بووم لەگەڵ حزبە كوردستانییەكان و ئیدریس بارزانی ـش بەرپرسی كۆمیتەی پەیوەندییەكان بوو.

* ڕۆڵی كاك ئیدریس لەو پرسەدا چی بوو؟
- ئێمە كارەكانمان دابەش كردبوو، كاك ئیدریس بۆخۆی بەرپرسی كۆمیتەی پەیوەندییەكان بوو و منیش بەرپرسی هەموو حزبە كوردستانییەكان بووم، لەو كاتەدا كەسێك بە ناوی خالد هاتە كوردستانی عێراق و دوای ئەوەی من بینیم بردم بۆ لای كاك ئیدریس بارزانی و ئەوانیش یەكترییان بینی، پاش بینینی ئەو كەسەش كاك ئیدریس گوتی كە ئەم حزبە واتە (پەكەكە) شتێكیان لێ دەردەچێت گوتیشی كە ئەگەر ئێمە لەگەڵ ئەوان هاوكار بین دەتوانین شتێك بكەین لە كوردستاندا. ئیدریس بارزانی رای وابوو كە ئەگەر لە كوردستانی توركیا پرسی كورد بچێتە پێش لە هەموو پارچەكانی دیكەیش دەچێتە پێش.

ئیدریس بارزانی و ئەو خالد ناوە پێشنیاری ئەوەیان كرد كە بۆچی كۆنگرەی نەتەوەیی نەبەستین، بۆیە وەك ئێستا پاش گەنگەشەیەكی زۆر نامەیەكیان بەناوی سەرۆك بارزانی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ـەوە بۆ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان نارد كە ئەو كات لە هەموو پارچەكان 18 حزب هەبوون كە ئەمە لە كۆتایی ساڵی 1980ـدا بوو كە بۆ حزبی هەموو پارچەكانی كوردستان نێردرا و پاشان وەڵامی حزبەكان هاتەوە و ژمارەیەكیان دەیانگوت ئەگەر پارتی بەشدار بێت ئێمە بەشدار نابین و ژمارەیەكیش دەیانگوت ئەگەر پەكەكە بەشدار بێت ئێمە بەشدار نابین و یەكێكی دیكە دەیگوت ئەگەر پارتی و پەكەكەی تێدا بێت ئێمە بەشدار نابین، بەو شێوەیە كۆنگرەكە سەری نەگرت، بەڵام ئێمە لەگەڵ پەكەكە لەسەر ئەو سیاسەتە بەردەوام بووین و كاك ئیدریس زۆر جددی بوو لەسەر مەسەلەی گردبوونەوەی نەتەوەیی ئەوەیش سیاسەتی پارتی بوو و ئەو كات بڕیار درابوو كە ئەنجوومەنێك پێك بێت لە ئەندامانی هەموو حزبەكان بە ناوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان.

* بۆچی ئەو ئەنجوومەنە پێك نەهات؟
- لەو كاتەدا شەڕی عێراق و ئێران هەڵگیرسابوو و وەزعەكە زۆر ئاڵۆز بوو و دۆخەكەش لە كوردەكانی رۆژهەڵات و باشوور تێكچوو. وڵاتانی ناوچەكەیش هەوڵیان دەدا ئەو بیرۆكەیەی ئێمە سەرنەگرێت و گەشە نەستێنێت. لەو كاتەدا من سەردانی دیمەشقم كرد و یەكەمجار عەبدوڵڵا ئۆجەلان ـم بینی دوای ئەوەی كە گەڕامەوە و بۆ ئیدریس بارزانی ـم باس كرد، ئەویش چووە سووریا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ـی بینی و دوای چەندین چاوپێكەوتن هەردووكیان بریاریان دا كە كاك ئیدریس بە ناوی پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ـیش بەناوپ پەكەكەوە پرۆتۆكۆڵێك واژۆ بكەن بۆ ئەوەی پێكەوە كار بكەن بۆ رزگاریی كوردستان و سەربەخۆیی كوردستان كە بە نهێنی هێشتمانەوە، بەڵام دواجار ئاشكرا بوو كە هەموو حزبەكانی كوردستان و دەوڵەتەكانیش كەوتنە جموجوڵ بە تایبەت توركیا كە ئەو پرۆتۆكۆڵە ساڵی 1983 واژۆ كرا و دواتر توركیا هێرشی كردە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەوەی پەشیمانی بكاتەوە لەو هەڵوێستە، بەڵام لە شەڕەكەدا شكستی هێنا، وەلێ دوای ماوەیەك بە بیانووی هەبوونی پەكەكە جارێكی تر هێرشی كردەوە سەر ئەو ناوچانە، بەڵام لەوەیش سەركەوتوو نەبوو، بۆیە ئەمە سەرەتای پێكهێنانی بەرەیەك بوو.

* دوای ئەوە هیچ هەوڵێكی دیكە بۆ بەستنی ئەو كۆنگرەیە نەدرا؟
- لە ساڵی 1985ـدا هەوڵ درا، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە دەستی زۆر كەوتبووە ناوی، ئەویش سەری نەگرت، چونكە ئەو كات هەرچەندە عێراق و ئێران لە شەڕدا بوون، بەڵام هەر دژی پێكهێنانی بەرەیەكی فراوانی كوردی بوون.

ئەوە بوو ئەو شتە مایەوە تاكو ساڵی 2006 و دوای رووخانی رژێمی عێراق كە وەفدێكی پەكەكە هاتنە هەرێم و لەگەڵ زۆربەی حزب و لایەنە كوردییەكانی باشووری كوردستان كۆ بوونەوە، ئەوە بوو لەوێ بە هۆی دروستبوونی ناكۆكی لە دژی یەكتری و تاوانباركردنی پەكەكە و پەكەكەیش حزبەكانی دیكەی تاوانبار كرد ئەویش سەری نەگرت، تاكو ساڵی 2008 كە كۆبوونەوەیەكی نهێنی كرا و رێككەوتن لەسەر كۆبوونەوەیەك كە كۆنگرەی لەسەر ببەسترێت، بەڵام ئەویش بەهۆی ئەوەی كە توركیا و ئێران و سووریا و عێراق ناڕازی بوون و دەستیان تێخست و سەركەوتوو نەبوو.

* چۆن بوو كە ئەمجارە ئامادەكاری بۆ ئەو كۆنگرەیە دەكرێت و بڕیارە بەم زووانە ببەسترێت؟
- هەوڵێكی زۆر درا و شتێكی هەڕەمەكی نەبووە، پێشتر هەوڵی زۆر درا پارتی و پەكەكە هاوڕا بوون لەسەر بەستنی ئەو كۆنگرەیە، بۆیە من پێم وایە هۆكاری سەرەكیی سەرنەكەوتنی بەستنی ئەو كۆنگرەیە لە رابردوودا، یەكەم قبوڵنەكردنی یەكتری بوو و وڵاتانی دەوروبەریش كاریگەریی تایبەتی خۆیان بووە، بەڵام هۆكاری سەرەكی یەكترقبوڵنەكردنی ناوخۆیی بووە.

* ئەی هەڵوێستی دەوڵەتان چۆن بووە تاوەكو ئێستا؟
- جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان بەستنی ئەو كۆنگرەیە بە شتێكی باش دەزانن و پشتگیریی لێ دەكەن و بڕوایان بە بارزانی هەیە و لێرەدا زیاتر باسی سەرۆك بارزانی دەكات و باسی جەوهەری كۆنگرەكەی نەكردووە.

* پێت وایە تاكو ئێستا هەنگاوەكان چۆن ڕۆیشتوون؟
- تاكو ئێستا باش رۆیشتووە، بەڵام دەبێت ئێمەیش بێ ترس نەبین لەو شتە، چونكە بڕینی ئەو رێگەیە شتێكی ئاسان نییە و بۆسەی زۆری تێدا دانراوە، یەكەمیشیان بۆسەی خۆمانە ئەوەی كە چەندە یەكتری قبوڵ بكەین، چونكە دەبینین لە ئێستادا هەنگاوی خراپ دژی دەهاوێژرێت بە بیانووی دابیننەكردنی كورسی، لە هەمان كاتدا دژاەیەتیی دەوڵەكانیش بە تایبەت كۆماری ئیسلامیی ئێران.

* باشیی بەستنی ئەو كۆنگرەیە لەسەر فیكر و بیری حزبەكان چی بوو؟
- لە گۆشەگیریی ناوخۆییەوە دەچنە بیركردنەوەی حزبییەوە، دەچنە ناو بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە، تاكو ئێستایش حزبەكان بیریان لە ناو هەرێمێكدا تەسك ببووەوە، بەڵام ئێستا فراوانتر بووە و دەبێتە شتێكی نەتەوەیی، كاریگەریی ئەو كۆنگرەیەیش بە رۆژێك و دوو رۆژ دەرناكەوێت و چەند ساڵێكی پێدەچێت.

لە رابردوودا ئەگەر كەسێك لەسەر سەربەخۆیی بینووسیایە ئەوانی دیكە بێدەنگ دەبوون، بەڵام ئێستا دەرگا كراوەتەوە و دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتە بڕۆی، بۆیە من دەڵێم ئەمە گەورەترین گۆڕانكارییە لە بیر و فیكری سیاسیی كورددا.

* ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لەم كۆنگرەیەدا چی بووە؟
- سەرۆك بارزانی هەر لە سەرەتاوە ئەو بیرۆكەیەی هەبوو و پشتیوانییشی دەكرد، هەر ئەو كاتەیش كە ئەو كۆمیتەیە دامەزرا بە پشتیوانیی ئەو بوو كە بۆ پەیوەندی لەگەڵ حزبەكان دروستمان كرد.

لە ساڵی 2006ـیش هەوڵێكی بۆ ئەو كارە دا و پاش ئەوەیش هەمیشە وەفدی پارتە كوردییەكانی توركیا دەهاتنە ئێرە و باسی ئەو كۆنگرەیەیان دەكرد، تەنانەت ئەو كاتە عوسمان بایدەمیری سەرۆكی شارەوانیی دیاربەكر بە سەرۆك بارزانی گوت كە تۆ تەنیا سەرۆكی هەرێمی كوردستان نیت و سەرۆكی هەموو كوردیت و سیاسەتی ئێستای ئۆجەلان ـیش ئەوەیە كە دەڵێت نابیت مەسعود بارزانی تەنیا بە ناوی هەرێمی كوردستانەوە قسە بكات، بەڵكو دەبێت بە ناوی 40 ملیۆن كوردەوە قسە بكات و بە فەرمی رایگەیاند كە پشتیوانی لە تەقەلای بارزانی دەكات و رۆڵی بارزانی بەرز نرخاند.

* تا چەند عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەم كۆنگرەیە ئاگادارە؟
ئەو ئاگاداری هەموو هەنگاوەكانە و بەشداریشە لە دانانی ئەو پلانانەدا، مەسەلەی ئاشتییش لە توركیادا ئەو پلانە پاش پرس و راوێژ لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا دانراوە كە خۆی ئەو پلانەی لە زیندان داناوە، ئەو پێش دە ساڵ كەناڵی خۆی هەبوو لە رێگەیەوە ئاگاداری هەموو شتەكان بوو، ئێستایش وەكو نیمچە ئازادێك وایە و هەموو شتەكان دەزانێت.

ئەو هەر لە سەرەتاوە لەناو ئەو كارەدایە واتە لە ساڵی 1981ـەوە وەكو پەكەكەیش خۆی سەرپەرشتیی ئەو سیاسەتەی دەكرد، واتە مەسەلەی كۆنگرە و گردبوونەوەی نەتەوەیی لە لایەن پارتیشەوە كاك ئیدریس بە پشتیوانیی سەرۆك بارزانی سەرۆكایەتیی ئەو سیاسەتەی دەكرد.

ئۆجەلان كەسێكی زۆر خوێندەوارە و زۆر دەخوێنێتەوە و بەدواداچوون دەكات، ئەوە جگە لەو كتێبانەی كە نووسیونی، زۆر ئاگاداری مەسەلەی كوردە بە گشتی.

* ئاییندەی ئەو كۆنگرەیە چۆن دەبینیت، ئومێدت پێی هەیە؟
- كۆبوونەوەی یەكەمی حزب و لایەنە سیاسییەكان بۆخۆی سەركەوتنی ئەو كۆنگرەیە بوو، چونكە یەكەمجارە كە ئەوەندە حزب كۆ ببنەوە، پێشتریش لە یەك دوور دەكەوتینەوە ئێستا یەكتر قبوڵ دەكەین، جیا لەوەی كام حزب و كام بیروبۆچوون و لە كام پارچەیە، گرنگ ئەوەیە پاشگەز نەبینەوە و رانەوەستین، چونكە تەنیا ئەم چوار دەوڵەتەی دەوروبەر دژی كورد نین، ئەمەریكا و فەڕەنسا و بەریتانیا و زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا و وڵاتانی عەرەبی دژی یەكگرتوویی كوردانن، ڕاستە بە ڕواڵەت پشتگیری دەكەن، بەڵام لە ژێرەوە نەخێر، ئەگەر میسر ئێستا وڵاتێكی سەقامگیر بووایە، ئەوە یەكەم وڵات بوو دژایەتیی دەكرد.

هەواڵی پەیوەندیدار