٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

بەرپرسی بنكەی لالش ئەڵمانیا بۆ خه‌بات: چالاكیەكانمان بۆ تەواوی جالیەی كوردە بێ جیاوازی

سەرچاوە: Xebat

خەبات: ریسالە شەركانی
بارەگای سەرەكی بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لالش لە شاری دهۆكە، لێ ئەگەر وەك ئاماژەمان پێدا، ڕۆژانە سەرێك بەماڵپەڕی بنكەی لالشدا بنكەی، دەبینی لالش ئەڵمانیا، بنكەیەكی ڕۆشنبیریی كوردانە و ئێزیدیانەی زۆر چاپووك و چالاكە. لەم ڕۆژانەدا شێخ خەڵات شێخ موراد، بەرپرسی بنكەی لالش ئەڵمانیا، هاوڕێ لەگەڵ شاندێكی ئەو بنكەیە، هاتبوونەوە وڵات، كوردستان. لێرە سەردانی ژمارەیەك دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنیان كرد. ڕۆژنامەی خەبات، بە پەرۆشەوە بوو، چەند پرسیارێكی خێرای لە شێخ خەڵات كرد و ئەم دیمانەیەی لێ بەرهەم هات.
٭ زۆر گوێمان لە لالش ئەڵمانیا دەبێت، دەكارن بەكورتی پێناسەیەكی بكەن؟
-لالش ئەڵمانیا، بنكەیەكی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیە بایەخ بەكەلەپووری ئێزیدیان و ناساندنیان بەدنیای دەرەوە دەدات.
٭ بۆچی لالش ئەڵمانیا؟ یان بۆچی ئەڵمانیا؟
-بنكەی لالش لە ئەڵمانیا دانراوە، چونكە گەورەترین جالیەی كوردانی ئێزیدیی لەوێیە، سەرباری كۆمەڵێك لەو كادیرانەی بنكەی لالش لە دهۆك ئێستا لە ئەڵمانیا دەژین.
٭ كام لایەن هاوكاری بنكەكە دەكات تا بتوانێت چالاكیەكانی خۆی ڕاپەڕێنێ؟
-دارایی بنكەكە بریتیە لە ئابوونەی مانگانەی ئەندامان و پێشەكی بەئەندامبوون و بڕێكیشی بەخششە.
٭ ئایا بنكەی لالش ئەڵمانیا بنكەیەكی مەدەنی فەرمیە، بەو مانایەی حكوومەتی ئەڵمانیا هاوكاری و پشتیوانی مادی دەكات؟
-بەڵێ بنكەیەكی مەدەنی فەرمی مۆڵەتدراوە لەلایەن كاربەدەستانی ئەڵمانیاوە، لەبارەی هاوكاری و پشتیوانی مادیشەوە، نەخێر هیچ هاوكاری و یارمەتیەكمان لە حكوومەتی ئەڵمانیا وەرنەگرتووە.
٭ جۆری ئەو چالاكیە رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیانە چین كە بنكە ئەنجامیان دەدات؟
-چالاكیەكانی بنكە، ڕێكخستنی سیمینار و كۆڕی ڕۆشنبیری و سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ سیاسەتوانان و نووسەران و سازكردنی ئێوارەكۆڕی شیعریی، هەروەها خوولی ناوبەناو دەكەینەوە بۆ ڕۆڵەكانی كوردانی ئێزیدیی كە لە ئەڵمانیا دەژین تا فێری زمانی كوردی و مادەی ئێزیدیایەتیـیان بكەین، بەپێی پرۆگرامی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان. دیسان لە چوارچێوەی چالاكیە كۆمەڵایەتیەكانی بنكەكەماندا هەوڵ دەدەین بەگوێرەی توانای خۆمان كێشە كۆمەڵایەتیەكانی نێوان خێزانە ئێزیدیەكان چارەسەر بكەین.
٭ ئایا چالاكیە ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیەكانی بنكەكەتان، تایبەت بەكوردانی ئێزیدیی؟
-چالاكیە ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیەكانی بنكەی لالش بۆ جالیەی كوردی ئەڵمانیایە بەگشتی بەمسوڵمان و ئێزیدیی و مەسیحیەوە و تەواوی توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی هەر چوار پارچەكەی كوردستان.
٭ تێكەڵی و بایەخدانتان تەنیا كوردانی ئێزیدیی هەرێمی كوردستانە یان ئێزیدیانی پارچەكانی دیكەی كوردستان دەگرێتەوە؟
-ئێمە بایەخدان و تێكەڵیمان لەگەڵ كوردانی ئێزیدیی هەرێمی كوردستان و پارچەكانی دیكەی كوردستان و ئێزیدیانی گورجستان و ئەرمینیا و نیشتەجێی ئەڵمانیش هەیە.
٭ وەك دەزانرێت سەنتەر و بنكەی دیكەی كوردانی ئێزیدیی لە ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپا هەن، تا چەند هاریكاری و هاوئاهەنگیتان لەگەڵیاندا هەیە؟
-بنكەكەمان پەیوەندیی لەگەڵ چەندین سەنتەر و بنكەی تایبەت بەكوردانی ئێزیدیی لە ئەڵمانیا هەیە، ئێمە ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاوێژكاریی ئێزیدین لە ئەڵمانیا كە لە پێنج سەنتەر پێكهاتووە، هەروەها ئەندامی ئەنجوومەنی ئێزیدیی بیلیفیڵدین كە ئەمیش لە پێنج سەنتەر و كۆمەڵە پێكهاتووە و ئەنجوومەنی كارگێڕی ئەم ئەنجوومەنەی دوایان لە ژمارەیەك كەسایەتی ڕۆشنبیریی پێكهاتووە كە سەر بەهیچ بنكە و سەنتەر و كۆمەڵەیەك نین، سەبارەت بەئەوروپاش پەیوەندیی ئاسایمان لەگەڵ هەندێك سەنتەر هەیە.
٭ دیسان كۆمەڵێك بنكە و سەنتەری كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریی كوردی هەن، تا چەند هاریكاریتان لەگەڵ ئەوانیشدا هەیە؟
-پەیوەندیی توندوتۆڵمان لەگەڵ سەنتەرە ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتیەكانی كوردیی ئەوروپا هەیە وەك پەیمانگای كوردی لە برۆكسل.
٭ ئایا ئامارێكی دروستتان لەبارەی ژمارەی كوردانی ئێزیدیی لە ئەڵمانیا و ئەوروپا لەبەردەستدایە؟
-سەبارەت بەبنكەكەمان، ئامارێكی وردمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەمەزەندەی خۆمان لە ئەڵمانیا جالییەكی گەورەی كوردانی ئێزیدی هەیە، كە دەگاتە نزیكەی 100000 سەد هەزار كەس.
٭ ئامادەبوون و بەدەنگەوەهاتنی جالیەی كوردانی ئێزیدیی بۆ چالاكیە كۆمەڵایەتیەكانتان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
-سەرەڕای دووری و ماندووبوون و سەرقاڵیان، بەدەنگەوەهاتنێكی زۆر باش هەیە و ئێمە بەرز دەینرخێنین.
٭ ئاست و چۆنێتی بایەخدانی میدیای كوردستان بەجالیەی كوردی لە دەرەوە، یان جالیەی كوردانی ئێزیدیی چۆن دەبینن؟
-بایەخێكی زۆر باش لە لایەن میدیای كوردیەوە بەجالیەی كوردی بەگشتی و جالیەی كوردانی ئێزیدیی هەیە، بەگشتی تەواوی دەزگاكانی راگەیاندن كارو چالاكییەكانمان بڵاو دەكەنەوە.
٭ وەك دەزانرێت كەلەپووری كوردانی ئێزیدیی لە كۆنترین بۆماوە مرۆییەكانە، ئەڵبەت ئەكادیمی و ڤەكۆڵەری ئەڵمانی هەن دەیانەوێت ئەم كەلەپوورە زیاتر بناسن، ئێوە وەك بنكەی لالش ئەڵمانیا تا چەند هاریكاریان دەكەن؟
- بنكەكەمان ماڵپەڕێكی فەرمی هەیە، هەر ڤەكۆڵەرێك دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بكات لە ڕێگەی ئەو ماڵپەڕەوە، بەداخەوە تا ئێستا كەسێك پەیوەندیی پێوە نەكردووین، بەڵام پەیوەندیی و تێكەڵیمان لەگەڵ چەند كۆمەڵەیەكی ئەڵمانی هەیە، چەند سیمینار و كۆڕێكمان لەو كۆمەڵانە پێشكەش كردووە.
٭ وەك دەبیستین جارجار، زانكۆ و سەنتەری ڤەكۆڵین هەن پێویستیان بەسەردانی كوردستان و مەزارە پیرۆزەكانی ئێزیدیی و مەزاری لالشی پیرۆز بەتایبەتی هەیە، ئایا ئێوە هاریكاریی ئەوانە دەكەن تا بگەنە ئێرە و ڤەكۆڵینەكانیان ئەنجام بدەن؟
-بەڵێ ئێمە هەموو كات ئامادەین هاریكاری هەر ڤەكۆڵەرێك بكەین كە بیەوێت بگاتە مەزاری پیرۆزی لالش، بەو بۆنەیەوە دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم لەم دواییانە كچە ڤەكۆڵەرێكی توركی هاتە بنكەكەمان و داوای هاریكاریی كرد لە كاتی مەزاری لالشدا، لای خۆمانەوە ئامادەیی خۆمان پێگەیاند و وا چاوەڕوانین بێتەوە لامان.
٭ لە كۆتاییدا، هەوڵتان داوە سیمینار و كۆڕ لەبارەی ئایین و میتۆلۆژیای ئێزیدییەوە بۆ ئەو كەسانە بگێڕن كە بایەخ بەو لایەنە دەدەن؟
-بەڵێ موحازەرەیەكمان لەبارەی ئاین و میتۆلۆجیای ئێزیدیەوە لە شاری بیلیفیڵد بۆ ژمارەیەك نووسەر و ڕۆشنبییری ئەڵمانیای و ئەو ئەڵمانیانەی بایەخ بەئێزیدیاتی دەدەن، پێشكەش كرد، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی كاریتاس، هەروەها موحازەرەیەكمان بۆ فەرمانبەرانی هەموو فەرمانگە حكوومەتیەكانی شاری بیلفیڵد و دەوروبەری لەبارەی ئاینی ئێزیدیەوە پێشكەش كرد و موحازەریەكی دیكەش هەر لەوبارەیەوە لە كۆمەڵەی هارس فینگڵ.

هەواڵی پەیوەندیدار