دیمەنە جەرگبڕەکان لە یادی دایکانی جەرگسوتاودا
سیامەند سێلکی
هەتا ئێستا کە باس لە پرۆسەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان دەکرێت، تەنها باس لەو شاڵاوە دەکرێت کە لە ساڵی (١٩٨٣) لەلایەن رژێمی بەعسەوە بۆ قڕکردنی بارزانییەکان ئەنجام درا، رەنگە ئەم شێوازە باسکردنە تا رادەیەک لە جێی خۆیدا نەبێت، چونکە ئەو کارەسات و ماڵوێرانییەی کە لە سەردەمی شۆڕشەکانی بارزان و بەرگریکردن لە کۆماری کوردستاندا بەسەر بارزانییەکان هاتووە، هیچ لەو کارەساتە کەمتر نییە کە لەلایەن سەدامەوە لە ساڵی (١٩٨٣) دەرحەق بە بارزانییەکان ئەنجام درا، بۆیە یەکەم قوناغی جینۆسایدکردنی بارزانییەکان لەلایەن بەعس و سەدامەوە، لە پایزی (١٩٧٥) دەستی پێکردووە نەک (١٩٨٣).
سەدام و بەعس پێیانوابوو بە وێرانکردن و قڕکردنی بارزانییەکان بۆ هەتاهەتایە کۆتایی بە بزووتنەوەی کوردایەتی دێت، ئەمەش لەو روانگەیەوە بوو کە بارزانییەکان وەکو بڕبڕەی پشتی شۆڕشی رزگاریخوازی کوردستان هەژمار دەکران، بۆیە دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول و لە سەرەتای پایزی (١٩٧٥) سوپای عێراق ناوچەی بارزانیان داگیر کرد و لە هەر گوندێک چەندین بنەکە و بارەگای سەربازییان دامەزراند، دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە بە هێزێکی بێشوماری سەربازی، لە نێوان (١٢/١١/١٩٧٥) هەتا (١٢/١٨/١٩٧٥) سوپای سەدام دەستی کرد بە وێرانکردن و سوتاندنی گوندەکان، لە ماوەی شەش رۆژدا زیاتر لە سەد گوندی ناوچەکەیان کاول و وێران کرد و هیچ ئاسەوارێکی ژیانیان تێدا نەهێشت و خەڵکەکەشیان بۆ باشووری عێراق گواستەوە.
حیکایەتێکی راستەقینەی ئەو دیمەنە تراژیدیانە لەسەر زاری دایکێکی بارزانی دەگێڕینەوە کە دەڵێت: سوپای بەعس وەکو گورگێگی هار بەربوونە گیانی خەڵکی گوندەکان و هەر رۆژە و ژمارەیەک هاووڵاتییان دەخستە ژێر ئازار و ئەشکەنجە، لە پێش چاوی ئێمە سەربازەکان ئاژەل و و مریشکی ئێمەیان سەردەبڕی و دواتر دەیان داوە دەست ئێمە و دەیان گوت بۆمان بکوڵێنن.
لەسەرەتای مانکی تشرینی لە بناری چیای شیرین ، دووەم سوپای بەعس هەموو خەڵکی گوندەکانیان لە شوێنێک کۆ کردەوە و لە پێش چاوی ئێمە دەستیان بە سوتاندن و تەقاندنەوەی خانووەکانمان کرد، لەگەڵ تەقاندنەوەی هەر خانوویەک سەربازەکان چەپڵەیان لێ دەدا.
دواتر بێ ئەوەی هیچ شتێک لەگەڵ خومان ببەین، هەموومانیان خستە نێو ئوتومبێلی سەربازی. ئەمە حاڵی خەڵکی هەموو گوندەکانی دیکەش بوو.
کاروانی سەیارەکان بەڕێکەوتن و بۆ رۆژی دووەم گەیشتنە بەغدا، لەوێ سەیارەکانی ئێمەیان راگرت، دیارە پێشتر خەڵکیان ئاگادار کردبوو کە دیلی شەڕ دێننو وەکو دیل مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە دەکرد. هەزاران عەرەب لە دەوری ئۆتۆمبێلەکانمان کۆبوونەوە و بە داروبەرد پەلاماری ئێمەیان دا لەناو سەیارەکان ، ئەو سەربازانەی کە لەگەڵ ئێمە بوون لە دوورەوە وەستان و پێدەکەنین و چەپڵەیان لێ دەدا!! هەر چی قسەی ناشیرین و سوکایەتییە بە کورد و پێشمەرگە ـیان دەکرد.
بەڵێ خوێنەری هێژا ئەمەش نموونەیەکی دیکەی ئەو تراژیدیا ئینسانییەیە کە لە پرۆسەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکاندا لەسەر دەستی داگیرکەرانی کوردستان ئەنجام دراوە، ئەمە نموونەیەکی دیکەی بچووکە لەو ئازار و مەینەتیانەی کە بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو خەڵکی ناوچەی بارزان لە پێناو ئازادیی کوردستاندا چێشتوویانە، کەواتە با کەمێک بیر بکەینەوە و بەرەو رابردوو بگەڕێینەوە و بزانین ئەم ئازادییەی لەم بەشەی کوردستان بەدەست هاتوە چ دەستکەوتیکی مەزنە بۆ گەلەکەمان ئەمە بەرهەمی خوێنی هەزاران هەزار شەهیدە، ئەمە بەرهەمی ئازار و فرمێسکی هەزاران دایکی جەرگسوتاوەی ئەنفالی گەرمیان وبارزانە ، ئەمە بەرهەمی خەبات و بەرخودانی یەک سەدەی رێبوارانی رێبازی بارزانیی نەمرە.




