٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

لە سوریاوە بەرەو هەولێر خانووە تەواو نەكراوەكان بوونەتە پەناگەی پەنابەرانی رۆژئاوابە

سەرچاوە: Xebat

دواداچوون: ڕۆشنا عەلی
خانووە تەواونەبووەكان و ئەو زەویانەی لەناو گەڕەك و لاكۆڵانەكانی هەولێر بە چۆلی ماونەتەوە، بوونەتە پەناگەی ئاوارەبووانی رۆژئاوای كوردستان و دیمەنی خێزانە پەرتەوازەو بێ مەئواكانی ناو ئەو خانووانە، تراژیدیایەكە، كۆڕەوە ملیۆنییەكەی 1991ی خۆمان بیردەخاتەوەو ئاسان نییە هەروا بەدیاریانەوە بوەستیت و مەینەتی و ئازاری گەلێك لە چاوی منداڵ و پیر و ئافرەت و پیاوە داماوەكانیان نەیەتە بەرچاوت، بەوتەی ئەو پەنابەرانە ئەوان هاوكاری هیچ ڕێكخراوێكیش وەرناگرن. بەڕێوەبەرێكی نەتەوە یەكگرتووەكانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات هەر خێزانێك كەمپی دۆمیز بەجێبهێڵێت خێمەكەی دەدرێتە خێزانێكی دیكە، خاوەن خانوویەكیش دەڵێت: لەڕێی خودا خانووەكەم پێداون و پێویستم پێی نییە.
بۆ كاركردن بێت یان ژیانیان لە كەمپی دۆمیز زەحمەت بێت، رۆژانەو بەردەوام پەنابەرانی نیشتەجێی ئەو كەمپە دێنە هەولێر و لە شوێنی ناشیاو بۆ ژیانی مرۆڤ نیشتەجێدەبن، كە ئەو شوێنانەش خانووە تەواونەبووەكانن و هیچ دەرگاو پەنجەرەیەكیان تیانییە. هاووڵاتییەكی نیشتەجێی یەكێك لەو خانووانە بە خەباتی وت: پیاوەكەم نانە وردە دەكڕێت و ژیانمان لەسەر ئەو كارەی ئەوە. ئەو ئافرەتە ئاماژەی بە هاوكاری خەڵكی دانیشتووی ئەو گەڕەكە كرد كە زۆر هاوكاریان دەكەن و خاوەن خانووەكەش ڕێگای پێداون تا ئەو كاتەی پێویستی بە خانووەكە دەبێت كاری تێدا بكات ئەوانی تێدا نیشتەجێبن.
هاوكات خەبات بەدواداچوونی بۆ ژیانی هەندێك لەو پەنابەرانە كرد، كە لەو شوێنانەی ئاماژەمان پێدا نیشتەجێن، چەند خێزانێك لەناو زەوییەكی چوار دەور گیراو بە بلۆك لە ژێر كەپردا دەژین و تەنها بە چەند بەتانییەك خۆیان لەدەوروبەرەكەیان جیاكردۆتەوە، چەند خێزانێكی دیكە لە گەراجێكدان كە تەنها داواكاریان ئەوەبوو ڕێگەیان پێبدرێت لەو شوێنەدا بمێننەوە، خێزانێكی دیكە كە خاوەنی چوار منداڵ بوون لە كەلاوەیەك نیشتەجێن كە خانوو نییەو بۆ دوكان دروستكراوە، تەنها ئافرەتێك و چەند منداڵێك لەوێ بوون و منداڵەكان بە چیمەنتۆو لم یاریان دەكرد. پرسیارم لەو ئافرەتە كرد پیاوەكەت ئیش دەكات ؟وتی: دەیكرد، بەڵام ئێستا پشتی وەرگەڕاوەو ناتوانێت ئیش بكات.
بە وتەی ژنەكە پیاوەكەی لەوكاتەی من چوومە لایان چووبووە نەخۆشخانە، منداڵەكەیان تووشی نەخۆشی ببووە و هەر بە وتەی ژنەكە ماستی تێكچووی خواردووە، ئەوان تەنها چەند ڕایەخێكیان هەبوو لەگەڵ فێنككەرەوەیەك و یەخچاڵێكیان نەبووە كە خواردنەكانیان لە تێكچوون بپارێزێ، تاكە داواكاری ئەوان دابینكردنی یەخچاڵێك بوو. هاوكات خاوەنی خانووە تەواونەكراوەكە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆتی بۆ خەبات وتی: ئەو شوێنە خانوو نییە من بۆ دوكان دروستمكردووەو لە ئێستاشدا داومەتە ئەو سوریایانە و خۆم پێویستم پێی نییە تا ئەو كاتەی ئەوان دەڕۆن.
وەرگرتنی هاوكاری
پەنابەرەكانی هەولێر بەوتەی خۆیان هیچ هاوكارییەك وەرناگرن، ساڵح كە نیشتەجێی كەلاوە خانوویەكی هەولێرە لە وەڵام بەو پرسیارەی ئایا ئەوان هیچ هاوكارییەكی ڕێكخراوەكان وەردەگرن، لەكاتێكدا سەرجەم پەنابەرانی كەمپی دۆمیز مانگانە خۆراك و پارە وەردەگرن لەڕێگای ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بەپێی فۆرمێك و هەژماری ئەندامەكانی هەر خێزانێك؟ ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان هیچ هاوكارییەك وەرناگرن و كەمپەكەیان بەجێهێشتووە.
لە هەمان كاتدا سەمیعە كە ئافرەتێكی نیشتەجێی كەپرێكە وتی: ئێمە هیچ هاوكارییەكی حكوومەت و رێكخراوە مرۆییەكان وەرناگرین، مەگەر كەسێك خێرمان پێبكات.
جیرۆم سیرنی بەرپرسی گشتی ڕاگەیاندن لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران تایبەت بە خەبات ئاماژەی بەوەدا، كە هەر خێزانێك كەمپەكە بەیەكجاری جێبهێڵێت خێمەكەی دەدرێتە خێزانێكی دیكە و وتیشی: میكانیزمی هاوكاریكردنی پەنابەر ئەگەر لە ناو كەمپدا نەبن كارێكی ئاسان نییە. دەربارەی ئەوەش كە ئەگەر چەند كەسێكیان لە كەمپ بن و ئەوانی دیكە لە دەرەوەی كەمپەكە بن، ئەو وتی: ڕەنگە ئەم حاڵەتە هەبێت و بەمجۆرە هاوكاری وەربگرن، بەڵام ئەوانەی لە كەمپدان هاوكاری زیاتر لەوانەی دەرەوەی كەمپ وەردەگرن. سیرنی ئاماژە بەوەش دەدات كە كەمپی دۆمیز زیاتر لەو كەمپانەی سنوورەكانەی دیكەی سوریا هاوكاری وەردەگرن، بە بۆچوونی ئەو سەرجەم ئەو كۆمەكانەی بۆ ئەوان لە شوێنەكانی هەرێمی كوردستانەوە دێت، ئەوان لە نیشتەجێیانی كەمپەكانی دیكەی وڵاتانی عەرەبی جیادەكاتەوە.
جیرۆم سیرنی دەڵێت: كورد هاوسۆزن و ئەم هاوكاریەش هەر ئەمە هۆكارەكەیەتی، سیرنی بۆ خەبات وتیشی: هەر پەنابەرێكی كەمپی دۆمیز و هەرێمی كوردستان بارودۆخی لە پەنابەرانی سەرجەم سنوورەكانی دیكەی سوریا باشترە.
هەر وڵاتێك هاوكارییەكەی جیاوازە بۆ پەنابەران و جیرۆم سیرنی ئاماژەی بەكردنەوەی قوتابخانە لە كەمپەكەدا، كە بە هاوكاری ئەوان و حكوومەتی هەرێم كراوەتەوەو منداڵانی ناو كەمپەكە بە ئاسانی دەچنە قوتابخانە، بەڵام بە وتەی ئەو ئەوەی دەرەوەی كەمپەكە ئاسان نییە و هۆكارەكەشی بۆ ئەوە گێڕایەوە كەزۆرێك لەوان بەعەرەبی خوێندوویانەو قوتابخانەی عەرەبی كەمەو ئەگەر هەشبێت تێچوونی زۆرە، چونكە پێویستییان بە هاتوچۆ دەبێت، بەڵام لەوێ هەردوو قوتابخانەكە هەیە عەرەبی و كوردی، بەمجۆرە بوونیان لە كەمپەكەدا بۆ وەرگرتنی هاوكاری باشترە.
جیرۆم سیرنی دەڵێت: هەر خێزانێك لەو كەمپە دەچێتە دەرەوە چادرەكەیان دەدرێتە خێزانێكی دیكە.

هەواڵی پەیوەندیدار