٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
میدیای پارتی

لە شەش مانگدا 873 حاڵەتی جیابوونەوە لە سلێمانی تۆمار كراوە

سەرچاوە: Hewler

تەنیا لە ماوەی شەش مانگدا 873 حاڵەتی جیابوونەوە لە سلێمانی تۆمار كراوە و، بەشێكی زۆری حاڵەتەكانیش لەنێو گەنجاندا تۆمار كراوە. پارێزەرێكیش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە بەشێك گەنجان لە تەمەنێكی زۆر كەمدا ژیانی هاوبەش پێكەوە دەنێن، كە هێشتا بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادەیی تەواویان نییە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و باری شارستانیی سلێمانییەوە دەست هەولێر كەوتوون، تەنیا لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 873 حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگای سلێمانی تۆمار كراوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە لەو شەش مانگەدا تەنیا 7 هەزار و 750 حاڵەتی زەماوەندی نوێ تۆمار كراوە، شارەزایانیش ئەوە دەخەنەڕوو كە ڕێژەی تەڵاق زۆرە و پێویستە لێكۆڵینەوەی وردی لەبارەوە بكرێت.

گەنجان زۆرترین تەڵاقدەر و تەڵاقدراون
بەپێی بەدواداچوونی هەولێر لە دادگای سلێمانی بەشی هەرە زۆری ئەو كەسانەی كە ڕووبەڕووی تەڵاقبوونەتەوە لە توێژی گەنجاندان و، تەمەنیان لەنێوان 18030 ساڵدایە، پارێزەر عوسمان فایەق باس لەوە دەكات كە هۆكاری ئەوەی كە تەڵاق لەنێو گەنجاندا زۆر بووە بۆ ئەوە گەڕێتەوە كە بەشێك گەنجان لە تەمەنێكی زۆر كەمدا زەماوەند دەكەن، كە هێشتا بۆ ئەو پرۆسەیە ئامادەیی تەواوەتیان نییە و، وشیارییەكی ئەوتۆیان لەسەر پرۆسەی هاوسەرگیریی و بەرپرسیارێتییەكانیان نییە، گوتیشی: زۆرترین تەڵاقدەر و تەڵاقدراو لەنێو گەنجاندا تۆمار كراوە و، زۆرجاریش خێزانەكانی هەردوو لا هۆكاری زیاترن بۆ جیابوونەوەی نێوان تازە هاوسەرەكان.

توێژەری كۆمەڵایەتی (سۆزان نووری) باس لەوە دەكات كە زەماوەند پێویستی بە ئامادەكاریی ڕۆحی و جەستەیی و عەقڵی هەیە، چونكە چوونە نێو پرۆسەی ژیانی هاوبەشەوە، هەڵگرتنی بەرپرسیاری خێزانە، گوتیشی: زۆرێك لەو گەنجانەی كە تازە دەچنە پرۆسەی ژیانی هاوبەشەوە، هەست بە بوونی ئەو بەرپرسیارێتییە ناكەن، یان هەستیان پێ نەكردووە.

873 حاڵەتی جیابوونەوە
لێپرسراوی بەشی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی سەلاحەددین خالید ساڵح باس لەوە دەكات كە زۆرترین ڕێژەی جیابوونەوە لە شەش مانگی ڕابردوودا لە مانگی حوزەیراندا تۆمار كراوە و، 169 حاڵەت بووە، گوتیشی: كەمترین ڕێژەش لە مانگی مارتدا تۆمار كراوە كە 138 حاڵەت بووە، ئەوەیشی خستەڕوو كە لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 837 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار كراوە.

ئەو توێژەری كۆمەڵایەتییە سەرسووڕمانی خۆی پێشان دا لە زۆریی ڕێژەی تەڵاق و، گوتیشی: ئەگەر بەدوای چارەسەردا نەگەڕێین، ڕەنگە ئەو ئامارانە زیاتر و و زیاتربن، باسی لەوەیش كرد پێویستە دەزگای وشیاری ی و ڕێكخراوی تایبەت بە وشیاریی كۆمەڵایەتی ڕۆڵی خۆیان لەم بوارەدا بگێڕن و، هاوكات كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و خێزانیش بەهەمان شێوە دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنی لەمەدا بگێڕن و، ڕێژەی تەڵاق كەمتر و كەمتر بێتەوە

هەواڵی پەیوەندیدار