ئەمڕۆ لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرە كۆ دەبێتەوە

ئا:سەعد هەورامی
بڕیار وایە ئەمڕۆ لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بۆ جاری دووەم كۆ ببێتەوە و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش دەڵێت لەبەر ئەوەی كێشەی كۆمەڵی ئیسلامی چارەسەر نەكراوە كە هاوپەیمانی ئەوانن لەناو ئۆپۆزسیۆندا و بۆ ئەوەی ئیحراج نەبن، بەشداری لەو كۆبوونەوەیەدا ناكەن، ئەندامێكی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەش ئاماژە بەوە دەدات كە ئەوان قسە لەگەڵ هەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆندا دەكەن بۆ ئەوەی بەشدار بن و ئومێدیش هەیە لە كۆبوونەوەكەدا بەشداری بكەن.
شەممەی رابردوو لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لە هەولێری پایتەخت بە مەبەستی رێكخستنی كار و بەرنامەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كە بڕیار وایە لە مانگی داهاتوودا لە هەولێر ببەسترێت، كۆبوونەوەی یەكەمی ئەنجام دا.
ئەندامی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرە و جێگری سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران حەسەن شەرەفی، ڕایگەیاند كە بە هۆی زۆریی كارەكانەوە نەتوانراوە لەو كۆبوونەوەیەدا هەموو كارەكانی تایبەت بەو كۆنگرەیە تەواو بكرێن و ئامادەكارییەكانی تەواو بكەن، بۆیە جارێكی دیكە بۆ ئەو مەبەستە كۆ دەبنەوە.
بەشدارنەبوونی یەكگرتوو
لە كۆبوونەوەی هەموو پارتە سیاسییەكانی چوار پارچەی كوردستاندا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بڕیار درا كە لیژنەیەكی 21 كەسی بۆ ئامادەكاریی كۆنگرە لە نوێنەری زۆربەی پارچەكانی كوردستان پێك بهێنرێت.
لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان كێشەیەكی لەو شێوەیە بۆ دابەشكردنی نوێنەرەكان نەبوو، بەڵام لە رۆژهەڵات و باشوور كێشەیەك دروست بوو لە بەشداریكردنی نوێنەرەكان و لە رۆژهەڵات كێشەكە چارە كرا، بەڵام لە باشووری كوردستان ئەو كێشەیە ماوەتەوە و تاكو ئێستاش چارە نەكراوە.
لە هەرێمی كوردستاندا نوێنەرێك بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و نوێنەرێك بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و نوێنەرێك بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و نوێنەرێكیش بۆ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و هەروەها نوێنەرەكەی دیكەش بۆ حزبەكانی دەرەوەی ئۆپۆزسیۆن و دەستەڵات بوو.
ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و نوێنەری یەكگرتوو بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی خەلیل ئیبراهیم، ئاماژەی بەوە دا كە ئەوان لەبەر ئیحراجبوونیان بەرانبەر بە كۆمەڵی ئیسلامی، بەشداری لە لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەدا ناكەن، چونكە ئەوان لەناو ئۆپۆزسیۆندا پێكەوەن.
خەلیل ئیبراهیم بە رۆژنامەی "هەولێر"ـی گوت "ئێمە بە برادەرانی یەكێتی و پارتیمان گوتووە كە نازانین لەسەر چ بنەمایەك ئەو نوێنەرانە دابەش كراون، بۆیە دەبێت چارەسەرێك بۆ ئەو شتە بدۆزرێتەوە و كۆمەڵی ئیسلامیش بەشداریی تێدا بكات."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكگرتوو، لەبەر ئەوەی تاكو ئێستا كێشەكەی كۆمەڵی ئیسلامییان چارەسەر نەكردووە، بەشداریی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەیان نەكردووە.
كێشەی یەكگرتوو و كۆمەڵ
خەلیل ئیبراهیم ئەوەشی روون كردەوە كە مەسەلەی بەشدارنەبوونیان هیچ پەیوەندییەكی بە كێشەی نێوان یەكگرتوو و كۆمەڵەوە نییە لەسەر كورسییەكە و گوتیشی "ئەگەر ئێستایش برادەرانی كۆمەڵ بەشدار بكرێن لەو لیژنەی ئامادەكارییەدا، ئێمەش بەشدار دەبین".
خەلیل ئیبراهیم هەروەها دەڵێت "بەشدارنەبوونمان لە لیژنەی ئامادەكاریدا هەڵوێستوەرگرتن نییە و ئێمە بە هەموو توانایەكەوە پشتگیریی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دەكەین و ڕا و بۆچوونیشمان دەبێت و وەكو هەموو لایەنەكانی دیكە خۆمان بە خاوەنی كۆنگرەكە دەزانین".
ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەندامی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد سەعدی ئەحمەد پیرە، ڕایگەیاند كە ئەوان هیواخوازن لە كۆبوونەوەی داهاتوودا یەكگرتوو و گۆڕان بەشدار بن و گوتیشی "هێشتا زووە و ئێمە هەوڵ دەدەین قسەیان لەگەڵ بكەین بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا بەشدار بن".
ئەندامی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرە "غەفوور مەخمووری"ـیش ئاماژەی بەوە دا كە ئەوانەی بەشدار نەبوون لە كۆبوونەوەی لیژنەكەدا، كورسییەكانیان ئامادەیە و هیواخوازن لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا بەشدار بن.
كۆبوونەوە و داڕشتنی سیاسەت
غەفوور مەخمووری دەڵێت "لیژنەی ئامادەكاری كار بۆ بەستنی كۆنگرە دەكات و كاتی بەستنی كۆنگرەیش هەموو دەستەڵاتەكان دەداتە دەست كۆنگرە و هەموو بڕیارەكانیش لە كۆنگرەوە دەردەچن".
سەعدی ئەحمەد پیرە ڕوونی دەكاتەوە كە "ئەو كۆبوونەوانەی ئێستا هیچ پەیوەندییەكیان بە داڕشتنی سیاسەتەوە نییە و تەنیا ئامادەكارییەكە بۆ كۆنگرە و هیچ بڕیارێكی تێدا نادرێت."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئامادەكاریی كۆنگرە، ئەوەشی خستە ڕوو كە ئەوەی ئێستا ئۆپۆزسیۆن دەیكات، تەنیا بۆ ناوزڕاندنی كۆنگرەكەیە و هیچی دیكە نییە، هیواخوازیش بوو كە لەو بابەتەدا بەخۆیاندا بچنەوە و بێن گفتوگۆ بكەن باشترە وەك لەوەی خۆیان بەدوور بگرن.
بەشدارنەبوونی گۆڕان
جیاواز لە دوو لایەنەكەی دیكە، بزووتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتاوە كورسییەكەی خۆی وەرگرتووە و نوێنەریان هەبووە لەو لیژنەیەدا، بەڵام ئەوانیش بەشدار نەبوون، "سەعدی ئەحمەد پیرە"ـش ئاماژە بەوە دەدات كە گۆڕان هەر هەنگاوێك هەڵدەگرن بیر لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەكەنەوە و ئەوەش بەشێكە لە هەڵمەتی هەڵبژاردن.
رۆژنامەی "هەولێر" پەیوەندی بە سێ كەس لە ئەندامانی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان كرد، بەڵام هیچ كامیان ئامادە نەبوون لەسەر ئەو بابەتە قسە بكەن.
ئامادەكارییەكانی كۆنگرە
غەفوور مەخمووری ئاماژەی بەوە دا كە لە كۆبوونەوەی رابردوودا ژمارەی ئەندامانی كۆنگرە و كاتی بەستنی كۆنگرەكە دیاری كرا و چەندین كۆمسیۆنیش پێكهێنرا بۆ ڕاپەڕاندنی كۆنگرە، وەك كۆمیسیۆنی پەیوەندییەكان و كاروباری دیپلۆماسی و كۆمسیۆنی سیاسی و كۆمسیۆنی راگەیاندن و كۆمسیۆنی چاپەمەنی و ئەرشیف و كۆمسیۆنی لاوان و كۆمسیۆنی ئازادیی ئافرەتان و كۆمسیۆنی پرەنسیپە هاوبەشەكان، گوتیشی "ئەمڕۆیش كۆبوونەوەی دووەم دەبەستین بۆ دیاریكردنی ئەندامانی كۆمسیۆنەكە و چۆنیەتیی ئیشوكارەكانیان"




